بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی كرد لە چابا ڤێزێكیینی كونسوڵی گشتی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان بە یاوەریی خاتوو ئەرژیبێت ڤێزێكیینی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی بازرگانی كونسوڵخانەكە، لە دیدارێكدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و باخداری و دارستان ئامادەی بوون، سەرەتا كونسوڵی گشتی هەنگاریا ئامانجی سەردانەكەی خستەڕوو، كە بریتی بوو لە كاركردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و وڵاتی هەنگاریا لە بوارە جیاحیاكانی كشتوكاڵدا، ئاماژەشی بە رۆڵی وڵاتەكەی كرد لە پشتیوانیكردن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان و ئەنجامدانی راهێنان و ناردنی بریندارەكانی پێشمەرگە بۆ هەنگاریا بەمەبەستی چارەسەركردنیان، جەختیشی كردەوە لەسەر ئامادەیی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنی گۆشتی حەڵاڵ و دامەزراندنی كارگەی شیرەمەنی لە هەرێمی كوردستان، داوای رەزامەندی و هاوكاریی وەزارەتی كرد بۆ ئەنجامدانی رێكاری پێویست بۆ ئەم بوارە، خاڵێكی گرنگی دیدارەكە بریتی بوو لە پێشنیارێك تایبەت بە هێڵە گشییەكانی یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتی كشتوكاڵی و سەرچاوەكانی ئاو كە كونسوڵی گشتیی هەنگاریا پێشكەشی وەزیری كرد بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا دوای دیراسەكردن واژۆی بكەن، لەلای خۆیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وێڕای خۆشحاڵیی بەم خاڵانەی باسكران، سوپاسی حكومەتی هەنگاریای كرد لە بواری یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، هاوكات گوتیشی: وەزارەت خوازیارە دوای دیراسەكردنی هێڵە گشتییەكانی یاداشتەكەو پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان ئەم هەنگاوە پەسندبكەن، دەربارەی دامەزراندنی كارگەی بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی روونی كردەوە كە ئەوەی بە وەزارەت بكرێت ئاسانكارییان بۆ دەكەن و پێویستە مەرجییان تێدابێت و بەپێی رێنماییەكان بێت، بەڵام هەندێ رێوشوێنی دیكە هەیە بۆ دامەزراندنی كارگەكان كە پەیوەندییان بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییەوە هەیە، لە كۆتاییدا هەر دوو لا كۆك بوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكان لە ئاییندەدا بۆ سەرخستنی ئەم هەماهەنگی و هاوكارییە.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی