بە مەبەستی كاراكردنی رێككەوتنامەی واژۆكراوی نێوان هەردوو وەزارەت لە بواری پراكتیكدا، بەڕێزعەبدولستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و وەفدێکى یاوەری کە لە ژمارەیەك راوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى پێکهاتبوو، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان كردو لەلایەن د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی کران، لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارى وەزیرو بەڕێوەبەرى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدانی ئەو وەزارەتە ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى هاوبەشى نێوان هەردوولا کرا، لەنێویاندا ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت، بۆ ئەو مەبەستەو لەپێناو گەشەپێدانى زیاترى ڕێککەوتنەکە و فراوانکردنى، بڕیاردرا لە مەودوا نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ وەک ئەندامى ئەنجومەنى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئامادەى کۆبونەوەکان بێت، لەهەمان کاتیشدا نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وەک ئەندامى ئەنجومەنى ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ ئامادەى کۆبونەوەکان دەبێت. هەروەک بڕیاریش درا لێژنەیەکى هەمیشەیى لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنى ڕێککەوتنەکەو ئەو بڕیارانەى بۆ جێبەجێ کردنى خاڵەکان دەدرێت. عەبدولستار مەجید دووپاتی كردەوە كە هەردوو وەزارەتى کشتوکاڵ و خوێندنى باڵا لە زۆر بوار و ئەرکدا دەتوانن هاوکارو هەماهەنگى یەکتر بن بۆ خزمەتکردنى زیاترى بوارەکان و پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستاندا، لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى روونی كردەوە كە بڕیارەکان لەمڕۆوە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئامانجیش لەم بڕیارانە زیاتر ئاگاداربوونە لە کێشەو بابەتە پەیوەستەکانى نێوان هەردوولا بۆ ئەوەى لە بوارى پراکتیکدا لە نزیکەوە چارەسەریان بۆ بکرێت و پلانى هاوبەشیان بۆ بدرێت. گوتیشی: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا گشتاندن بۆ سەرجەم زانکۆکان دەکرێت بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ترى ڕێککەوتنەکەو کاراکردنەوەى لە ئاستى کۆلێژ و پەیمانگەکان. هاوكات چەند بابەتێکى دیكەى پەیوەستى نێوان هەردو وەزارەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بڕیارو ڕاسپاردەى پێویستیان بۆ دەرکرا. شایانی باسە لە سەرەتاى ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەشیان لەبارەى بابەتە پەیوەندارەکانى نێوانیان ئیمزا کرد، لەئێستاشدا خاڵەکانى ڕێککەوتنەكە کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی