بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دا هاوردەكردنی تەماتە لە هەموو ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بکرێت. بڕیارەكە كاری پێدەكرێت تاكو ئەوكاتەی بازاری ناوخۆیی هەرێم پێویستی بەهاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە دەبێت و بڕیاری نوێ دەردەچێت بۆ ڕێگەپێدان بە هاوردەكردن. بڕیارەكەی وەزیری كشتوكاڵ بە پشت بەستن بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ژمارە (4) ساڵی (2008) و نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (6547) لە 22/10/2014 تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەركراوە. دوای دەركردنی بڕیارەكەش ئەمڕۆ (21/8/2019) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە دیوانی، وەزارەت حسێن حەمە كەریم وتەبێژی فەرمی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایگەیاند: دەركردنی ئەم بڕیارە هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتی كشتوكاڵە بە ئاراستەی پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی و دڵنەواییكردنی جووتیارانی كوردستان. وتیشی: وەزارەتی كشتوكاڵ لەمەوبەر زۆرتر پشتی بەزیادكردنی ڕەسمی گومرگی لەسەر بەرووبوومی كشتوكاڵی هاوردەكراو بەستوە، بەڵام زۆری نیگەرانی جووتیاران لە هەرزانی نرخی تەماتە و زەرەرمەندبوونیان وایكرد ئەمجارە هەنگاوەكە بەوجۆرە بێت كەهاوردەكردنی قەدەغەدەكرێت تا ئەوكاتەی كە بەرهەمی ناوخۆیی زۆرینەی ساغ دەبێتەوە و بەرهەمی جووتیارانی كوردستان بەشی پێویستی بازاری ناوخۆیی ناكات. ئینجا دوای ئەوە بە بڕیارێكی تر كاركردن بە بڕیارەكی ئەمرۆ ڕادەگیرێت و ڕێگەدەدرێت تەماتە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاوردەبكرێت. وتەبێژی وەزارەت وتیشی: لە ئێستادا وەزارەتی كشتوكاڵ هەڵسەنگاندن دەكات بۆ بەكارخستنەوەی دووكارگەی دروستكردنی دۆشاوی تەماتە یەكێكیان لە هەریر ئەوەی تریان لە هەڵەبجەیە.بەگەڕخستنەوەی ئەو كارگانە دەبێتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ پەیداكردنی بازاڕ بۆ بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی