|
هۆڵەندا هاوكاریی هەرێم دەكات لە بواری كشتوكاڵ دا
|
بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو رایگەیاند:
کوردستان جگە لە ئاڵتوونى رەش کە نەوتە، چەندین سەرچاوەى گرنگى ئابوورى هەیە، کە کشتوکاڵ یەکێکە لە هەرە بەهێزترین سەرچاوەکان، ئەگەر بتوانین بە هاوکارى هەموو لایەک ئەو وێرانکارییانەى بەسەرئەو کەرتەدا هێنراوە چاکى بکەینەوە و بنیادى بنێینەوە و گرفتەکانى ئەو کەرتە چارەسەر بکەین و پەرەى پێبدەین. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بیکەینە شوێنگرەوەى نەوت، یان لانیکەم بیکەینە هاوتاى نەوت وەک سەرچاوەى سەرەکى ئابوورى هەرێمەکەمان.
لە وتارێکدا لە دەستپێکى وۆرکشۆپى تایبەتە بە (پلانى ئاسانکارییەکانى بەشداریى لە ئامانجەکانى گەشەپێدان SDGP). کە لە لایەن حکومەتى هۆڵەنداوە لە رێگەی رێکخراوى وەبەرهێنانى هۆڵەندیRVO پاڵپشتى دەکرێت، وەزیرى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان، وتىیشی: بە لەبەرچاوگرتنى ئاستى بەرهەمى ناوخۆیى دووپاتى دەکەینەوە کە حکومەت و جووتیارانى کوردستان سەرکەوتوو بووین لە بوژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ، بەو پێیەى لە وەرزى هاوین و پایزدا بەرووبوومى رەنێوهێنراوى کشتوکاڵى لە بازاڕ و پێویستى ناوخۆییمان زیاترە کە بەو هۆکارە نرخى بەرووبوومەکان بەجۆرێک هەرزان دەبن کە بەداخەوە جووتیاران و خاوەن کێڵگە و باخەکان زەرەر مەند دەبن، یان قازانجى پێویست ناکەن. بۆیە دەڵێین لە بووژاندنەوەى کشتوکاڵ سەرکەوتووبووین و هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە باشترى بکەین، بەڵام گرفتى هەرە گەورە لە چەند خاڵێکدا چڕ دەکەینەوە کە بریتین لەك
• نەبوونى هەڵسەنگاندن و پلانى وردى پێویستى بازارەکان و بەکاربەران و نەبوونى پلانى تایبەت بە داچاندنى هەر بەرهەمێک بە گوێرەى پێداویستى بازاڕى .
• نەبوونى بازاڕ لە دەرەوەى کوردستان بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان .
• کەمى یان نەبوونى کارگەى جۆراوجۆر لە بوارى پیشەسازى خۆراکى و لە قتونان و رستن و چنین و پێستەسازى.
ئێمەش چارەسەر کردنى ئەو کێشە و گرفتانەمان خستووەتە لەپێشینەى کار و ئەرکەکانمان لە پێناوى ئەوەى جووتیاران بتوانن زۆرترین داهات کۆبکەنەوە و لەو رێگەیەوە خەڵکانى زیاتر روو بکەنە کارکردن و بەرهەمهێنان لە کەرتى کشتوکاڵ بە گشتى. (دەقى وتارەوەکە لە خوارەوەدا دەخوێننەوە).
لە وۆرکشوپەکەى ئەمڕۆدا جێگرى کونسوڵى هۆڵەندا لە کوردستان و ژمارەیەک لە بەڕیوەبەرە گشتییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و وەبەرهێنەرانى کوردستان و هۆڵەندا ئەوانەى لە بوارى کشتوکاڵ وەبەرهێنان دەکەن هەروەها نوێنەرى رێکخراوى وەبەرهێنانى هۆڵەندیRVOئامادەبوون و لە بارەى دروستکردنى پەیوەندیی و هاوبەشیی لە نێوان وەبەرهێنەرانى هۆڵەندا و کوردستان لە بوارى وەبەرهێنان لە کایەى کشتوکاڵ لە هەرێم گفتوگۆ کرا.
دەقی وتاری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
بەناوى یەزدانى مەزن و دلۆڤان
رۆژتان باش
بەخێربێن، بۆ ئەم کۆنفرانسە.
دەرفەت بدەن بەناوى خۆم و وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخێرهاتنى تایبەتى بەرپرسانى کونسڵخانەى هۆڵەندا و لە رێگەى ئەوانیشەوە سوپاسى حکومەتى وڵاتەکەیان بکەم، لە بەرامبەر ئەم دەستپێشخەرییە و ئامادەییان بۆ هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ حکومەت و گەلى کوردستان و وەزارەتەکەمان. سوپاسى تایبەتیشمان بۆ رێکخراوى وەبەرهێنانى هۆڵەندا(RVO).
هەروەها دوو بارە بەخێرهاتنى هەموو ئامادەبووان دەکەم.
لاى هەمووان روونە کوردستان جگە لە ئاڵتوونى رەش کە نەوتە، چەندین سەرچاوەى گرنگى ئابوورى هەیە، کە کشتوکاڵ یەکێکە لە هەرە بەهێزترین سەرچاوەکان، ئەگەر بتوانین بە هاوکارى هەموو لایەک ئەو وێرانکارییانەى بەسەرئەو کەرتەدا هێنراوە چاکى بکەینەوە و بنیادى بنێینەوە و گرفتەکانى ئەو کەرتە چارەسەر بکەین و پەرەى پێبدەین.بە دڵنیاییەوە دەتوانین بیکەینە شوێنگرەوەى نەوت، یان لانیکەم بیکەینە هاوتاى نەوت وەک سەرچاوەى سەرەکى ئابوورى هەرێمەکەمان.
بێگومان ئەو ئەرکەش قورس و دژوارە، پلان و وورەدەکاریى و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و کات و بودجە و هاوکاریی و بەشداری ناوخۆی و دۆستەکانیشمانى پێویستە لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان.
ئەم هەرێمەى ئێمە یەزدان هەموو بنچینە و پایە سەرەکییەکانى کشتوکاڵى پێ بەخشیوە، لە خاکى بەپیت و سەرچاوەى ئاوى زۆر و کەشوهەواى لەبار و تواناى مرۆیی و دەستى کار، مێژووى کشتوکاڵێش لەم وڵاتەدا پێش هەموو کۆمەڵگاکانى مرۆڤایەتى کەوتووە لەسەر رووى زەمین، ئەمەش بەگوێرەى دۆزینەوەى شوینەوارناسییەکانى گوندى چەرموو لە سنوورى قەزاى چەمچەماڵ کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ (٨٠٠٠) هەشت هەزار ساڵ پێش زاین. کە لەو رۆژگارەدا لەو ناوچەیەى ئێمە مرۆڤەکان هەم کارى رەنێوهێنانى کشتوکاڵییان کردووە، هەم ئاژەڵداریش. قۆناغ بە قۆناغ لەم وڵاتەدا کشتوکاڵ گەشەى کردووە، تا کۆتایى حەفتاکانى سەدەى رابردوو، ئەم کۆمەڵگەى کوردەوارییە کۆمەڵگایەکى تەواو کشتوکاڵی سەرکەوتوو بووە، بەڵام دواتر لە ئەنجامى شەڕ و سیاسەتى دوژمنکارانە و وێرانەخوازى رژێمەکەى سەدام حسێن کەرتى کستوکاڵى بەمەست بە تەواوى وێرانکراوە.
وێرانکردنى کەرتى کشتوکاڵى کوردستان، لە راگواستنى گوندنشینەکانى ناوچە هاوسنوورەکان لەگەڵ تورکیا و ئێران دەستپێدەکات، کە زیانێکى زۆرى بە کەرتى کشتوکاڵ گەیاند بەتایبەت لە بوارى هەنگەوانى و باخداریى و سامانى ئاژەڵ. دواتر بەهۆى جەنگى عیراق – ئێرانەوە زۆر ناوچەى دیکەى کشتوکاڵى زیانیان پێگەیشت. قؤناغى هەرە وێرانکاریش راگواستنى زۆرملێى گوندنشیان و نیشتەجێ کردنیان بوو لە کۆمەڵگا زۆرە ملێیەکان و خاپوور کردنى (٤٠٠٠) گوندە و ئەنفالکردن و قڕکردنى (١٨٢) هەزار جووتیار و گوندنشینى کوردستان بوو لە چوارچێوەى شاڵاوى بەدناوى ئەنفال دا لە ساڵى ١٩٨٨. کە هەر لە چوارچێوەى ئەو شاڵاوەدا سەرجەم کێلگە و رەز و باخ و کانی و کارێز و جۆگاکان وێران کران و مەڕ و ماڵات و هەنگەڵان و کێڵگە پەلەوەرییەکان بە تاڵان بران و لەناوبران. کە ئەمە کەرتى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان بە رێژەى نزیکەى (١٠٠%) وێرانکرد.
دواى راپەڕین و دامەزرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خەڵکى کوردستان روویانکردەوە گوندەکانیان و حکومەتى هەرێمیش بە گوێرەى تواناى بەردەست و بە هاوکارى رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵى داوە بۆ بووژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ، تا ئاستێکى باشیش سەرکەوتوو بووە لەم کارەدا.
ئەم هەڵسەنگاندنە رەنگە بە دڵى جووتیاران و کشتیارانى کوردستانەکەمان و لە ئاستى تموحى ئەواندا نەبێ، بەڵام ئێمە بە لەبەرچاوگرتنى ئاستى بەرهەمى ناوخۆیى دووپاتى دەکەینەوە کە حکومەت و جووتیارانى کوردستان سەرکەوتوو بووین لە بوژاندنەوەى ئەو کەرتە ئەوەتا لە وەرزى هاوین و پایزدا بەرووبوومى رەنێوهێنراوى کشتوکاڵى لە بازاڕ و پێویستى ناوخۆییمان زیاترە کە بەو هۆکارە نرخى بەرووبوومەکان بەجۆرێک هەرزان دەبن کە بەداخەوە جووتیاران و خاوەن کێڵگە و باخەکان زەرەر مەند دەبن، یان قازانجى پێویست ناکەن. بۆیە دەڵێین لە بووژاندنەوەى کشتوکاڵ سەرکەوتووبووین و هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە باشترى بکەین، بەڵام گرفتى هەرە گەورە لە چەند خاڵێکدا چڕ دەکەینەوە کە بریتین لەك
• نەبوونى هەڵسەنگاندن و پلانى وردى پێویستى بازارەکان و بەکاربەران و نەبوونى پلانى تایبەت بە داچاندنى هەر بەرهەمێک بە گوێرەى پێداویستى بازاڕى .
• نەبوونى بازاڕ لە دەرەوەى کوردستان بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان .
• کەمى یان نەبوونى کارگەى جۆراوجۆر لە بوارى پیشەسازى خۆراکى و لە قتونان و رستن و چنین و پێستەسازى.
ئێمەش چارەسەر کردنى ئەو کێشە و گرفتانەمان خستووەتە لەپێشینەى کار و ئەرکەکانمان لە پێناوى ئەوەى جووتیاران بتوانن زۆرترین داهات کۆبکەنەوە و لەو رێگەیەوە خەڵکانى زیاتر روو بکەنە کارکردن و بەرهەمهێنان لە کەرتى کشتوکاڵ بە گشتى.
بە دواى ئەو چەند گرفتەى باسمان کرد، چەندین گرفت و بەربەست هەن لە رێى جێبەجێکردنى پلانەکانمان بۆ پەرەپێدانى کشتوکاڵ و کردنى بە سەرچاوەى سەرەکى ژێرخانى ئابوورى و دەستەبەرى پێویستى ژیانی خەڵکى کوردستانەکەمان و پارێزراوى ئاسایشى خۆراک.
دەمەوێ ئەمەمان وەک ئەجێنداى حکومەت و وەزارەت لێوەربگرن کە دەمانەوێتك ( لەپاڵ نەوت دا، کشتوکاڵ بکەینە کۆڵەکە زێڕینەى ژێرخانى ئابوورى وڵاتەکەمان) و هەموومان ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت کە نەوت قوتى چەندین نەوەیە و ناکرێ نەوەکانى ئێستا دەست بۆ پشکى نەوەکانى دەهاتوو بببەن و لەسەر حسابى ئەوان ژیانى باشتر بۆ خۆیان بنیادبنێن، لە کاتێکدا زەمینەیەکى لەبارمان هەیە بۆ کشتوکاڵ کە بە نەوتى هەمیشەیى ناودەبرێت. هەر بۆ ئەوەشە کە ئەم کابینەیەى ئێستاى حکومەتى هەرێم لە کارنامەى خۆیدا ئاماژەیەکى گرنگ و روونی داوە بە دۆزینەوەى سەرچاوەى جێگرەوەى نەوت ، کە کشتوکاڵ یەکێکە لە گرنگرین ئەو بوارانەى حکومەت دەیەوێ لە بنیادنانى ژێرخانى ئابوورى ئەم هەرێمەدا پشتى پێ ببەسترێت. لە ماوەى دەستبەکاربوونیشمان لە پۆستى وەزیرى کشتوکاڵ دا، زۆر بە روونى هەستمان بەتێڕوانینى ئەرێنى جەنابى کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جەنابى کاک قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت بۆ پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ کردووە و دڵنیاین کە هەموو بە هەموو تواناوە هاوکار دەبن لە سەرخستنى هەوڵەکان بۆ هەرچى زیاتر بووژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵ لەم هەرێمە. هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو هەموو تواناکانى خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ دارشتنى پلانێکى ستراتیژى تایبەت بە پەرەپێدانى هەمەلایەنەى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو. جێبەجێکردنەکەیشى هیمەت و کۆشش و هاوکارى و بەشداریى هەمووانى پێویستە چ لە ئاستى ناوخۆیى و چ لە ئاستى دەرەوەى هەرێم.
گرفت و لەمپەرەکان، پێویستى و خواستەکان، هەروەها ئامانجەکانیشمان زۆر و گەورەن، بەڵام بەدڵنیایەوە ئیرادە و پلان دوو خاڵى زۆر گرنگ لە جێبەجێکردن و گەیشتن بە ئەنجامى باش و دڵخۆشکەر، کە بە خۆشحاڵیەوە بە روونى درک بە بوونى ئیرادەکە دەکەین و پشتیوان بە یەزدان و تواناى مرۆیى ناوخۆیى و بە هاوکارى دۆستەکانمان پلانى واقیعیانەى ورد، کە هاوتا بێت لەگەڵ تواناى جێبەجێکردن لە زووترین دەرفەتدا ئامادە دەکەین.
ئەمڕۆ دڵخۆش و گەشبینم، کە لەگەڵ ئێوە بەشدارم لەم کۆنفرانسەدا، کە تایبەتە بە پلانى ئاسانکارییەکانى بەشداریى لە ئامانجەکانى گەشەپێدان SDGP. کە لە لایەن هۆڵەنداوە لە رێگەی رێکخراوى وەبەرهێنانى هۆڵەندا RVO پاڵپشتى دەکرێت. بێگومان زۆر بە گرنگییەوە لەم دەستپێشخەریى و ئەم کارە دەڕوانین، لەبەر چەندین هۆکارى جیاواز، لە سەرووى هەموویانەوە ئەوەیە کە ئەمە بەخششى وڵاتى هۆڵەندایە کە نموونەیەکى زۆر جوان و سەرکەوتوو و گەشەسەندوو و خاوەن ئەزموونى زۆرە لە بوارى کشتوکاڵ و سامانى ئاژەڵ دا. ئەگەر چى ئاڵوگۆڕى ئەزموون و شارەزایى لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى هۆڵەندا و بەشداریى هۆڵەندییەکان لە بوارى وەبەرهێنان لە کەرتى کشتوکاڵ لە کوردستاندا لە قۆناغى سەرەتا دایە، بەڵام هیوا دەخوازین ئەم کۆنفرانسە ببێتە دەرگایەکى گەورە و دەرفەتێکى ئاڵتوونى هەم بۆ پەیوەندى و هاوکارى بەردەوام، هەم بۆ بەشدارییەکى گەورەى وەبەرهێنەرانى هۆڵەندا لە بوارى کشتوکاڵ لە هەرێمەکەماندا.
لێرەشەوە وەک وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەموو دەرگاکان واڵا دەکەین بۆ بەشداری لە وەبەرهێنان لە کایەى کشتوکاڵ و هەر پرۆژەیەک کە ببێتە مایەى پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و سوود گەیاندن بە ئابوورى وڵات و جووتیاران.
دووبارە بەخێربێن و بە هیواى ئەنجامى باش بۆ ئەم کۆنفرانسە و سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و دەستپێشخەرییە.
رۆژێکى خۆش بۆ هەمووان دەخوازم
|
نوسراوه له بهروارى 08/08/2019
ئهم لاپهڕهيه 153 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|