|
كاركردن لە پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان/ بەستۆڕە بەردەوامەو نزیكەی 12%ی تەواوكراوە... لە سەردانێكدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستخۆشی لە ستافی ئەندازیاريی و بەڵێندەری پڕۆژەكە كرد
|
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ستایشی بەڕێوەچوونی قۆناغەكانی پڕۆژەی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپان/ بەستۆڕەی كردو دەستخۆشی لە ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەو بەڵێندەرو ستافی كۆمپانیای جێبەجێكارو كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو و ستافی تەكنیكی كرد كە توانیویانە وێڕای ئەو قەیرانە داراییەی كە لەئێستادا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوەو زۆربەی پڕۆژەكانی راگرتووە، بەڵام ئەوان توانیویانە دڵسۆزانە لەكارەكانیان بەردەوام بن، لە میانی سەردانێكی وەزیردا بە یاوەريی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت بۆ پڕۆژەی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپان/ بەستۆڕە لە نزیكەوە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی بەسەركردەوەو دووپاتی ئەوەی كردەوە كە بەنداوو پۆند گرنگییەكی ستراتیژیییان هەیەو بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی بەرچاوی پێداون، ئاماژەشی بەوە كرد كە پێویستە پشت بە ئاوی خۆمان ببەستین چونكە لە ئێستادا هەندێ لە وڵاتانی ئیقلیمی و دەوروبەر خەریكی دروستكردنی بەنداون لەسەر ئەو ئاوەی كە دێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە كە ئەمەش كاریگەرییەكی نەرێنی هەیە بۆ سەر ئاودێری و ژینگەو گەشتیاریی هەرێم، لەم رووەو گشت ئامادەیی و پشتگیرییەكی دەریڕی بۆ هاوكاری كردن لە پێناو تەواوكردنی بەنداوەكان كە لەژێر جێیەجێكردندان یان دیزانیان بۆ كراوە، بەڵام جارێكی دیكە دووپاتی كردەوە كە لەبەر ئەو قەیرانە داراییە تا رادەیەك ئەو ئەركە زەحمەت بووە، دواتر لەلایەن ئەندازیاری پڕۆژەكە بە داتاشۆ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەكە نمایشكرا، پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان/ بەستۆڕە كە بە 35 كیلۆمەتر دەكەوێت باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر لە 20/8/2013 دەستی پێكراوەو تا ئێستا 11.7% ی تەواوكراوەو پتر لە 879 مەتر لە ئاست دەریاوە بەرزەو درێژییەكەی 513.622 مەترەو بەرزییەكەی 70 مەترە و دوای تەواوبوونی توانای گلدانەوەی 80.800.000 ملیۆن سێجا ئاوی هەیە و دەتوانێ 14400 دۆنم زەویی كشتوكاڵی بەراوبكات، ئەم پڕۆژەیە كە هەردوو كۆمپانیای گرای سینگ و ئەتاجی توركی جێبەجێی دەكەن بڕی نزیكەی 98 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، كە ئەگەر لەرووی تەكنیكی و داراییەوە پشتیوانی بكرێ بە 1800 رۆژ تەواو دەبێت. شایانی باسە ئەم پڕۆژەیە كاری هەڵكۆڵین و تونێل و دروستكردنی تاقیگەو بنكەی تەندروستی و ئۆفیسی پڕۆژەكە بە رێژەیەكی بەرچاو تەواوكراون، ئینجا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوێی لە هەندێ گرفت و باری سەرنجی بەڵێندەرو سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە گرت كە پەیوەست بوون بە قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی ناوچەكەو تەرخانكردنی هاوكاری دارایی بۆ زیاتر برەودان بە قۆناغەكانی كاركردن تاكو پڕۆژەكە نەوەستێت و بەردەوام كاری تێدا بكرێت، ئەویش لە وەڵامدا راوسەرنجی خۆی خستەڕوو و بەڵێنی دا كە ئەوەی بكرێت كەمتەرخەمی نەكات و هەوڵی جیددی نەك هەر بۆ ئەو پڕۆژەیە بەڵكو بۆ تەواوكردنی سەرجەم پڕۆژەكانی دیكەی بەنداو لە هەرێمی كوردستان بدات.لە كۆتایی سەردانەكەدا شوێنە جیاجیاكانی كاركردنی لە قۆناغی تەواوكردنی پڕۆژەكەی بەسەركردەوە.
|
نوسراوه له بهروارى 09/02/2016
ئهم لاپهڕهيه 758 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|