|
لە دیداری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدیندا .... وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو: مایەی خۆشحاڵییە كە كوردستان لە هەندێ بەرهەمی ستراتیژیدا گەیشتۆتە خوددابینكاری و خۆبژێوی
|
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە ئەو رێكەوتننامە زانستییەی لە ماوەی رابردوودا لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی واژۆكرا ئاستی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا زیاتر بۆ خزمەتی سێكتەری كشتوكاڵە، ئەمەو لە سەردانێكی بەڕێزی بە یاوەریی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت بۆ راگرایەتیی كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدین لەلایەن دكتۆر كاوە عەبدولكەریم عەلی راگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدین و مامۆستایانەوە پێشوازیكران، دواتر لە دیدارێكی كۆلیژەكە ئامادەبوو كە بەناوی چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان سازكرابوو، لەم دیدارەدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرەتا پەیوەندیی نێوان وەزارەت و كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەدین بە ئیجابییەوەو وەسفكرد، ئاماژەشی بەو رێكەوتننامە زانستییە كرد كە ماوەیەك لەمەو بەر لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی واژۆكرا كە چەندین خاڵ و بڕگەی گرنگی تێدایە تایبەت بە هەماهەنگیی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەو خوێندنی كادیرانی كشتوكاڵ لە كۆلیژەكان و كاری هاوبەش لە خزمەتی سێكتەری كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە سیاسەتی وەزارەتیش روونی كردەوە كە لە ئێستادا هەست بەوە دەكرێت كە كشتوكاڵ هاتۆتە سەر رێچكەی خۆی بە هاوكاریی وەزارەت و كەرتی تایبەت و ماندووبوونی جووتیاران، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە كە هەرێمی كوردستانێ لە ئێستادا لە هەندێ بەرهەمی ستراتیژی گەیشتۆتە خوددابینكاری و خۆبژێوی و هەوڵیش بەردەوامە بۆ ئەوەی زیاتر پەرەبسێنێت و بازاڕی گونجاو بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران دابین بكرێت، لەم رووەوە جەختی كردەوە لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و بەردەوامبوون لە دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی و دابینكردنی هاوسەنگییەك بۆ خزمەتی جووتیاران و بەكاربەران، ئەوەی بەبیر ئامادەبووانیش هێنایەوە كە پێویستە بایەخێكی زۆر بە سێكتەری كشتوكاڵ بدرێت وەك بنەمای یەكەمی ئابووریی هەرێمی كوردستان، لەمەشدا ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو فاكتەرەكانی سەركەوتنی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە هەر لە خاكی بەپیت و كەشوهەواو ئاوی سازگارو هێزی كار، بەڵام كێشەی گەورەی بەردەم وەزارەت نەبوون و كەمیی بوودجەیە كە رێگرە لەبەردەم زیاتر هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی جووتیاران، دەربارەی دیاردەی زێدەڕۆییش لەسەر زەویی كشتوكاڵی، عەبدولستار مەجید دووپاتی كردەوە كە هەڵمەتی وەرگرتنی رێكارەكانی بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە زێدەڕۆكاران درێژەی هەیە هەر وەك چۆن بەدواداچوونی بەردەوامیش هەیە بۆ ئەوانەی كە بە ئامێری پایل بیر لێدەدەن، روونیشی كردەوە كە لەم بارەوە ژمارەیەك سەرپێچیكار دەستگیركراون و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەمە وێڕای چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە كشتوكاڵ كە وەزیر لە دیدارەكەدا ئاماژەی پێدان، دواتر لەلایەن مامۆستایانی كۆلیژەكە چەندین پرسیار ئاراستەی وەزیر كراو بە تێرو تەسەلی گفتوگۆیان دەربارە كرا.
|
نوسراوه له بهروارى 19/05/2016
ئهم لاپهڕهيه 745 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|