|
رێنمایی ژمارە ( 2 ) ی ساڵی ( 2015 ) رێنمایی تایبەت بەهاوردەكردنی بنە تۆی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان -عیراق
|
ماددەی یەكەم : پێناسەی زاراوەكان :
1- وەزارەت / وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
2- بەرێوەبەرایەتی گشتی / بەرێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان
3- بنە تۆو / مەبەست بنە تۆوی پەتاتەیە بە شێوەی سەرك
4- كۆمپانیا /ئەم كۆمپانیە كشتوكاڵیانەن كە بروانامەی دامەزراندنیان هەیە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
ماددەی دووەم :
مەرجەكانی كۆمپانیای هاوردەكار :
1- كۆمپانیاكە بە گشتی تایبەت بێت لە بواری كشتوكاڵ و پسپۆری هەبێت لە بواری پەتاتە .
2- كۆمپانیا بریكاری رەسەنی یەكێك لە كۆمپانیا سەرەكی یەكانی بواری بەرهەمهێنانی بنە تۆو بێت لە ووڵاتە پێشكەوتوكانی بواری پەتاتە .
3- دەبێت كۆمپانیا مۆلەتی هاوردەكردنی هەبێت لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی و ماوەی هاوردە كردنی بەسەر نەچووبێت.
ماددەی سێهەم /
مەرجە بنەرەتی یەكانی بنە تۆوی هاوردەكراو :
1- پێویستە جۆری بنەتۆوەكە تۆمار كراوبێت لە لایەن لیژنەی نیشتیمانی تۆمار كردن و پەسند كردنی حكومەتی عیراقی فیراڵ .
2- بنە تۆوەكان پێشتر لە ساڵانی رابوردوودا لە هەرێمی كوردستان چاندرابن و سەركەوتنیان بەدەست هێنابێت و بەرێوەبەرایەتی گشتی پەسەندی بكات .
مادەەی چوارەم /
مەرجە هونەریەكانی بنە تۆوی هاوردەكراو :
1- دەبێت بنە تۆوەكە لەناو كیس ( گونیە ) لە جۆری ( جوت ) بێت كێشیان ( 25 ) یان ( 50 ) كغم بێت .
2- لەسەر گونیەكە ( لێبل ) هەبێت ، كە ناوی كۆمپانیا و جۆر و پلە و بەرواری لەسەر تۆمار كرابێت بەزمانی ئینگلیزی .
3- تیرەی سەركی بنە تۆوەكە لە نێوان ( 35 – 55 ) ملم بێت .
4- دەبێت بنە تۆوەكە خاوێن بێت و نابێت رێژەی خۆڵ ( الاتربە ) كە لە 1 % كێشی بنە تۆوەكە زیاتر بێت .
5- نابێت رێژەی بریندار بوونی بنە تۆوەكان لە 2 % تێپەر بكات .
6- بنە تۆوەكە دەستكاری بۆ ماوەیی نەكرابێت ( غیر معدل وراپیا ) .
7- لە كاتی چەكەرە كردن یان پاش چەكەرە كردن لە یەك جۆر لە بنە تۆو ،ئەگەر تووشی نەخۆشی بوو لە چەند كێلگەیەك لە پارێزگاكان ، پاش لێكۆلینەوە لە حالەتەكە ، هاوردەكار بەرپرس دەبێت .
ماددەی پێنجەم :
بنە تۆوی هاوردەكراو ئەم بروانامانەیان لەگەل دا بێت :
1- بروا نامەی سەرچاوەی بەرهەمهێن .
2- بروانامەی پشكنین و باوەر پێكردنی ووڵاتی بەرهەمهێنەر .
3- بروانامەی سەڵامەتی تەندروستی رووەك لە رێكخراوی ISTA .
4- رەزامەندی كەرنتینەی سنووری هەرێمی كوردستانی هەبێت .
مادەەی شەشەم : میكانیزمی گواستنەوەی بنەتۆو :
1- پێویستە شێوازی گواستنەوەی بنە تۆو لە هەموو قۆناغەكاندا لە وولاتی بەرهەم هێنەرەوە بە ئۆتۆمبیلی ساردكەرەوە بێت و تا دەگاتەهەرێمی كوردستان وەلە كۆگای ساردكەرەوە دابنرێت و بە پێ ی تایبەتمەندیكانی هەلگرتنی بنە تۆو تا دەگاتە دەستی جوتیار .
2- لە كاتی گواستنەوەی بنە تۆو لە نێوان هەرێم و پارێزگاكانی تری عیراق ، پێویستە رەزامەندی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەو لایەنەی هەبێت كە بۆی دەگوازرێتەوە .
ماددەی حەوتەم :
لە كاتی هاوردەكردنی بنە تۆوی باوەر پێ نەكراو ( غیر معتمد ) بەمەبەستی چاندن و تاقی كردنەوە و تۆمار كردن ، رێگا دەدرێت تەنها بە هاوردە كردنی ( 1 ) تەن بۆ هەر جۆرێك ، وە سەرپەرشتی دەكرێت لەلایەن بەرێوەبەرایەتی تۆیژینەوەی كشتوكاڵی لە پارێزگاكان .
ماددەی هەشتەم :
میكانزمی داواكردن بۆ هاوردەكردنی بنە تۆو :
1- كۆمپانیای هاوردەكار داوا پێشكەش دەكات بە بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگای پەیوندار لەگەل هەموو زانیاریەكان ، پاشان داواكە بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەت ، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و ئەنجامدانی كاری پێویست .
2- لیژنە پسپۆرەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی مافی سەردان و پشكنینی هەر جۆرە بنە تۆوەكیان هەیە كە دێتە هەرێمی كوردستان ، بەمەبەستی دڵنیا بوون لە جێ بەجێ كردنی رێنماییەكان .
3- لە كاتی بوونی سەرپێچی بە پێ ی یاسا و رێنماییەكانی كار پێكراو رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر .
ماددەی نۆهەم
ئەم رێنمایی یە كاری پێ دەكرێت لە بەرواری دەرچوونیەوە ولە روژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە .
عبد الستار مجید
وەزیری كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو
هۆكاری دەرچوونی ئەم رێنماییە :
بەرهەمی پەتاتە یەكێكە لە بەرهەمە سەركی و گرنگەكان لە رووی بەهای ئابووری و خۆراكیەوە و لەم ساڵانەی رابووردوودا بەهۆی گرتنە بەری پڵان و سیاسەتێكی سەركەوتوو لەلایەن ( وەزارەتی كشتەكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ) وە ئەم بەرهەمە گەشەیەكی زۆری بەخۆوە دی لە رووی بر و جۆرەوە ، وەژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیای تایبەتمەند لەم بوارە و جوتیارو بەرهەمهێنەری شارەزا دروست بوون ، لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە ئەم رێنمایانەمان دەركرد .
|
نوسراوه له بهروارى 10/03/2015
ئهم لاپهڕهيه 944 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|