بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، پێشوازى لە وەفدێکى ئاژانسى خۆراک و کشتوکاڵى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان FAO کرد بە سەرۆکایەتى (د. سەلاح الحاج حەسەن) رێکخەرى ئاژانسەکە لە عیراق و لە بارەى چەند پرۆژەیەکى پەیوەست بە کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان کرد. لە میانى دیدارێکدا کە ئەمڕۆ (1/9/2019) لە دیوانى وەزارەتى کشتوکاڵ بەرێوەچوو، وەزیرى کشتوکاڵ باسى لە چەند پرۆژەیەکى وەزارەت کرد لە بوارى پێشخستنى کەرتى کشتوکاڵ، بەتایبەتیش پرۆژەى رەخساندنى هەلى کار بۆ دەرچووانى بەشە کشتوکاڵییەکان، لەو میانەشدا داواى کرد FAO هاوکاربن لە جێبەجێکردنى پرۆژەکەدا، کە بەدیوێکدا دەبێتە مایەى زیادکردنى بەرهەمى خۆماڵى بەروبوومى کشتوکاڵى و بەدیوێکى تریشدا هەلى کار بۆ سەدان دەرچووى زانکۆ و کادیرانى کشتوکاڵ دەرەخسێنێت. هەروەک داوایشى کرد جارێکى تر ئاژانسەکە هاوکار بێت لە دابین کردنى دەستى کارى پێویست بۆ کێڵگەکانى بەڕیوەبەرایەتى توێژینەوەى کشتوکاڵى، کە لە ئێستادا بۆ رایى کردنى کاروبارى کێڵگەکانى سەر بەو بەڕیوەبەرایەتیە پێویستیان بە دەستى کار هەیە. پێشتریش لە ساڵى ٢٠١٤ دا پرۆژەیەکى لەو جۆرە لەلایەن FAOەوە جێبەجێ کراوە. وەفدى FAO پرۆژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵیان بۆ رەخساندنى هەلى کار بۆ دەرچووانى بەشە کشتوکاڵییەکان بە گەورە و گرنگ لە قەلەمدا و سەربارى دەستخۆشى کردن لەو هەنگاوە، دووپاتیان کردەوە کە هاوکار دەبن بۆ سەرخستنى پرۆژەکە، هەروەک لە بارەى پرۆژەی بانکى بۆماوەیى کشتوکاڵى (جین بانک) گفتوگۆیان کرد کە بڕیارە ئاژانسەکەیان لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو لە پارێزگاى سلێمانى دەست بکات بە کارکردن تێیدا. ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە بەنیازن ژمارەیەک پسپۆرى کشتوکاڵى بهێننە کوردستان بۆ هاوکارى کردن لە چۆنیەتى گەشەپێدانى کشتوکاڵ.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی