كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 11:01 AM
بێگەرد تاڵەبانى: چاوەڕێى رەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیران دەکەین

بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو رایگەیاند: پلانى ستراتیژى چوارساڵەى وەزارەت ئامادەیە و بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنى چاوەڕیى پەسەند کردنى دەکەن لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە. ئەمڕۆ ١٧ى ئەیلولى ٢٠١٩ ، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە دیوانى وەزارەت پێشوازى کرد لە جەیمس سۆرینتۆن، کونسوڵى گشتى بریتانیا لە هەرێمى کوردستان. لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لە بارەى سیاسەت و تێروانینى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ . وەزیرى کشتوکاڵ رایگەیاند کوردستان هەموو بنەما سەرەکییەکانى کۆمەڵگایەکى کشتوکاڵى سەرکەوتووى تێدا قەرهەمە لە زەوى بە پیتى هەمەچەشن و سەرچاوەى ئاوى زۆر و کەشوهەواى لەبار و دەستى کارى پێویست، بەڵام سیاسەتى وێرانەخوازى دوژمنانى کورد و کوردستان بەتایبەت رژێمە یەک لە دواى یەکەکانى حوکمڕان لە عیراق هەمیشە لە هەوڵى وێرانکردنى کەرتى کشتوکاڵ دابوون و ئەمەشیان بۆ چووەتە سەر، بە تایبەتیش لە سەردەمى فەرمانرەوایى سەدام حسێن و حیزبى بەعس دا، کە لە کۆتایى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا لە رێگەى وێرانکردنى سەرجەم گوندەکان و راگواستنى خەڵکانى جووتیار و گوند نشین بۆ شار و کۆمەڵگەنیشتەجێیە زۆرەملێکان بە تەواوى کەرتى کشتوکاڵ لە کوردستان خاپوور کرا، بە درێژایى ساڵانى حوکمڕانى خۆجێیى حکومەتى هەرێم بە هەوڵى خۆى و یارەمتى و پرۆگرامە نێودەوڵەتییەکان کارى کردووە بۆ بوژاندنەوە و پەرەپێدانى ئەو سێکتەرە ژیانییە لە کوردستان، بەڵام تاکو ئێستا گەشەسەندن و بوژاندنەوەکە نەگەیشتووەتە ئاستى پێویست و هێشتا زۆر هەنگاو ماوە بۆ بەدیهینانى ئەو ئامانجە بنرێن. هەروەک وتیشى: قەیرانى دارایى هەرێم وەک تەواوى کەرتەکانى تر گەشەپێدانى کەرتى کشتوکاڵیشى سست کردووە. دەربارەى پلانى وەزارەتەکەش بۆ ئایندە، پلانى ستراتیژى چوارساڵەى وەزارەت ئامادەیە و بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنى چاوەڕیى پەسەند کردنى دەکەن لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە. لە درێژەى دیدار و گفتوگۆکەدا، بێگەرد تاڵەبانى، دوو داوکارى خستە بەردەست کونسوڵى بریتانیا کە بریتى بوون لە: یەکەم: پڕۆژەی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و زانکۆی لیستەری بریتانی تایبەت بە ئەنجامدانی ڕووپێوی گشتگیری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەوڵی جێبەجێکردنی بدرێت. دووەم: حکومەتی بریتانیا هاوکاری کوردستان بکات بە ڕاهێنان کردن بە کادیرانی کشتوکاڵی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 17/09/2019       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 144 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department