|
پەیوەندیی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووترەوە
|
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە دیوانی وەزارەت پێشوازی كرد لە بەڕێز حوسێن سەفایی بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كە لە ژمارەیەك پسپۆڕی ئابووری و بازرگانیی ئەو وڵاتە پێكهاتبوو، لە دیدارەكەدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، ئاماژەی بە پەیوەندیی ئەرێنیی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك دوو دراوسێ كرد لە هەموو روویەكەوە بە تایبەتیبش لە بوارەكانی كشتوكاڵی و بازرگانی كە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، دواتر چەندین خاڵ قسەو باسیان دەربارە كرا، لەوانە ئەو رێكەوتننامەی كە لە ساڵی 2015 لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و ئێران واژۆكرا لەكاتی سەردانەكەی وەزیر بۆ ئەو وڵاتە كە چەندین بڕگەو خاڵی گرنگی لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاریی كشتوكاڵی و هاریكاریی هەناردەو هاوردەكردنی كاڵاو بەروبوومە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان و پڕۆژەی هاوبەش لەخۆگرتبوو، لە دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر ئەو خاڵانەی كە تائێستا جێبەجێ نەكراون و هەردوولاش كۆك بوون لەسەر بەدواداچوون و خستنە واری جێبەجێكردنەوە، بە تایبەتیش ئەوەی كە پەیوەستە بە دامەزراندنی ناوچەی سەرسنووری هاوبەش بەدرێژایی 10 كیلۆمەتر بۆ هەماهەنگیكردن و بەدواداچوونی نەخۆشییە سنووربەزێنەكانی ئاژەڵی و كشتوكاڵی، بەڕێز عەبدولستار مەجید ئاماژەی بە كەمتەرخەمیی ئەو كۆمپانیایە كرد كە كاتی خۆی لە سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە لەسەری رێككەوتن كە پەیینی جۆری فۆسفات هاوردەی كوردستان بكات و بەپێی رێككەوتنەكە دەبووایە كوالیتی نیترۆجینەكەی 18-46 بێت، بەڵام دەرچوو كە كوالیتی ئەم پەیینە 0-6 بووە، بۆیە داواكرا لەگەڵ شاندی میوان كە ئەو كۆمپانیایە بدرێتە دادگاو سزا بدرێت و جووتیارانی كوردستانیش قەرەبووبكرێنەوە، كێشەی ئاوو دروستكردنی بەنداو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو رووبارانەی كە لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەڕژێنە خاكی هەرێمی كوردستانەوە تەوەرێكی گرنگی ئەم دیدارە بوو، لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە بەپێی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان كە ئێرانیش واژۆی لەسەر كردووە هەموو وڵاتان مافی خۆیانە سوود لە ئاوە هاوبەشەكان ببینن و هیوای خواست كە ئێران چاو بەم لایەنەدا بخشێنێتەوەو چی دیكە نەبێتە هۆكاری گەیاندنی زیان بە جووتیارانی ئەو شوێنانەی كە سوود لەو ئاوانە وەردەگرن، خاڵێكی گرنگی دیكەی گفتوگۆكانیان بریتی بوو لە پێكهێنانی كۆمپانیاگەلێكی هاوبەش بە شێوەی هەروەزی بە بەشداریكردنی جووتیارانی هەرێمی كوردستان تاكو كاڵاو بەرهەمەكانیان بفرۆشن و سوودو قازانجیان پێ بگات، لەلای خۆشییەوە بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی و كلتووریی نێوان هەردوو وڵات كرد و جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بەنیازە چەنید ساردخانە لە هەولێرو سلێمانی و گەرمیان درووست بكات بۆ پاراستن و ساخكردنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی، دواتر لە پرێس كۆنفرانسێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن بە تێرو تسەلی وەڵامی پەیامنێرانیان دایەوەو رۆشناییان خستە سەر ئەو تەوەر و خاڵانەی كە لە دیدارەكەیاندا گفتوگۆیان لەسەر كردبوو، كە تایبەت بوون بە دیدوبۆچوون لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە هاوردەكردنی بەروبووم و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی كشتوكاڵیی نێوان هەردوو لا.
|
نوسراوه له بهروارى 08/12/2016
ئهم لاپهڕهيه 864 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|