بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو رایگەیاند: وەزارەتى کشتوکاڵ لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى حکومەتى ناوەندى عیراق لە دەرکردنى بڕیارەکانى پەیوەست بە هاوردەکردنى بەرهەم و پێویستییە کشتوکاڵییەکاندا تایبەتمەندى و بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان رەچاو بکات، چونکە هەندێک لە بڕیارەکان لەبرى خزمەتکردن کاریگەریی نەرێنى دەخەنە سەر دۆخى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان. وتیشى: گرنگیدان بە زیاد کردن و پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی جووتیاران و خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییەکانى کوردستان کارى لە پێشینەى وەزارەتەکەمانە و رێگە بە خۆمان نادەین بڕیارێک بدەین کە بە زەرەرى جووتیارنى هەرێمەکەمان و خاوەن پرۆژە خۆماڵییەکانمان بشکێتەوە. ئەم وتانەى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە میانى دیدارێکیداهات لەگەڵ هاکان کاراچاى، کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمڕۆ (٢٦/١/٢٠٢٠) بە یاوەرى جێگرى کونسوڵ و ژمارە لە بەرپرسانى کونسوڵخانەکەیان سەردانى دیوانى وەزارەتى کشتەکاڵیان کرد. لە میانى دیدارەکەدا لە بارەى ئاڵوگۆڕی بازرگانى نێوان کوردستان و تورکیا گفتوگۆ کرا و کونسوڵى گشتى تورکیا رایگەیاند: خوازیارن لە کایەى ئابووریدا پەیوەندییەکى پتەویان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەبێت و ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە ژمارەیەک بڕیارى پەیوەست بە هاوردەکردنى هێلکە و مریشک بوونەتە مایەى دابەزینى ئاستى بازرگانى نێوان هەردوو لا، بە تایبەتیش هەناردەى کاڵاى تورکى تا ئاستێکى بەرچاو کەمکردووەتەوە. لە بەرامبەردا وەزیرى کشتوکاڵ، داوایکرد حکومەتى تورکیا دۆخ و تایبەتمەندى کوردستان لەبەرچاو بگرێت، بە تایبەت لەو مەسەلانەى لە دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندى عیراق دان، چونکە هەرێم پاش تێپەڕبوون بە دۆخێکى نالەبارى پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى ناوەندى لە ئێستادا هەولێر و بەغدا بە ئاراستەى باشکردنەوەى پەیوەندییەکان هەنگاو دەنێن و هەردولا خوازیارى بنیادنانى پەیوەندییەکی دروست و رێزگرتن لە یەکترین. هەروا وەزیرى کشتوکاڵ، رایگەیاند: لە برى هەناردە کردنى گۆشتى مریشک و هێلکە، باشتر وایە سەرمایەدارانى تورکیا لە هەرێمى کوردستان پرۆژەى گەورە و ستراتیژى پەلەوەرى بنیاد بنێن و سوود لە دەستى کار و بازاڕی ناوخۆیی کوردستان وەربگرن، کە ئەمە بە قازانج و سوودى هەردوولا دەشکێتەوە. وتیشى: لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵدایە بۆ هەموار کردنەوەى یاساى وەبەرهێنان بە ئاراستەى هەرچى زیاتر ئاسانکاریی کردن بۆ وەبەرهێنەران
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چهند وێنهيهكى هاوپێچ كليك بكه بۆ بينينيان
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی