لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكانی جووتیاران لە دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەموو رۆژانی سێ شەممە سەرقاڵی گوێگرتن و بەدواداچوونی كێشەو داواكارییەكانی جووتیاران و فەرمانبەرانی وەزارەتن، ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیارو بەرهەمهێن و فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی وەزارەت كۆبۆوە، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە پێویستە پەیوەندی و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان حكومەت و هاووڵاتیان هەبێت و وەك تیمێك بۆ خزمەتكردنی وڵات لەكاردا بن، لە تەوەرێكی دیكەدا روونی كردەوە كە وەزارەت لەپێناو زیادكردن و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوام لە پلانیدایە پاڵپشتیی جووتیاران بكات، بە تایبەتیش پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆ، ئەوەشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە كە وەزارەت باجی خستۆتە سەر بەرهەمی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، ئاماژەشی بە سەردانەكەی مانگی رابردووی بەڕێزیان و شاندی یاوەریی كرد بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە بەپێی یاداشتێكی لێكگەیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسیان لە بازرگانیكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵی كرد لە مەرزەكانی سەر سنوور كە دەبێت بە پێی كوالیت و وەرزی هاوردەكردن بێت، هەر پەیوەست بەم بابەتە باسی لە سەردانی ئەم دواییەی قونسڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد بۆ وەزارەت كە بۆی روون كردبۆوە كە ئەم باجە رێژەیەكی كەمە و كاریگەریی نابێت و تەنیا بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانە لە پەلەوەڕو سەوزەو میوە تاكو جووتیاران زەرەرمەند نەبن، دواتر لە نزیكەوە گوێی لە كێشەكانی جووتیاران و فەرمانبەران گرت، كە تایبەت بوون بە كێشەی زەوی و زارو موڵكایەتی و زێدەڕۆیی سەر زەویی جووتیاران، هاوكات لێدانی بیر بە نایاسایی و دوور لە رێنماییەكان، گرفتێكی دیكەش پەیوەست بوو بە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی ماست كە شیری خۆماڵی لە ئاژەڵداران وەرناگرێت، لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە پێكدەهێنرێت، لە لایەكی دیكەوە بە جووتیارو بەرهەمهێنانی راگەیاند كە چارەسەركردنی هەندێ لەو گرفتانەی كە دەیخەنەڕوو بە رێگەی لیژنەی پسپۆڕ و بە هاوكاریی یەكە ئیدارییەكان لە شارو شارۆچكەكان چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چهند وێنهيهكى هاوپێچ كليك بكه بۆ بينينيان
ڤيديۆى تايبهت بهمبابهته
دیداری رۆژانی سێ شەممە راگیرا
ئەم هەفتەیە دیداری سێ شەممان رێکناخرێت
لە كۆبوونەوەی لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكاندا.. وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راستەوخۆ كێشەی جووتیاران چارەسەردەكات
لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ جووتیاران كۆبۆوە