بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، رایگەیاند: نەبوونى بازاڕی پێویست بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى ناوخۆ یەکێک لەهەرە سەرەکیترین لەمپەرەکانى بەردەم گەشەپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵە لە هەرێمى کوردستان و خێراترین رێگەچارەش بۆ بچووککردنەوەى ئەو لەمپەرە، دامەزراندن و پەرەپێدانى پیشەسازی خۆراکییە کە دەبێتە بازاڕێکى گەورەى بەرهەمە ناوخۆییەکان و هاندەرێکیش دەبێت بۆ ئەوەى جووتیارانى کوردستان زۆرتر گرنگى بە کارەکانیان بدەن و بەرهەمى زیاتر رەنێو بهێنن. لە میانى دیداریدا لەگەڵ ئۆلیڤیێ دێکۆتینێ، کونسوڵى گشتى فەرەنسا لە کوردستان و وەفدێکى ناردەى دیپلۆماتى فەرەنسا لە بەغدا و بەیروت، وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم رایشگەیاند: هەرێمى کوردستان یەکێکە لە لەبارترین ناوچەکانى دنیا بۆ بەرهەمى کشتوکاڵى هەمەچەشن بەو پێیەى کەشوهەواى جياواز و زەوى هەمەچەشن و سەرچاوەى ئاوى زۆرى هەیە ، جگە لەوەش لە ئێستادا هەرێم خاوەن بڕێکى زۆرى بەرهەمى کشتوکاڵییە کە دەتوانرێت بۆ چەندین جۆر پیشەسازى خؤراكى و کشتوکاڵى وەک کەرەستەى خاوى هەرزان سوودیان لێوەربگیرێت. بێگەرد تاڵەبانى وتیشى: خەڵکى کوردستان و حکومەتەکەى هەمیشە چاکە و فەزڵى حکومەتى فەرەنسایان لەبەرچاوە کە بە درێژایى دەیان ساڵى رابردوو دیارترین پشتیوانى دۆزى نەتەوەیى کوردان بوون. بۆ ئەوەش لە قۆناغى ئەمڕۆدا دەتوانین لە پاداشتى هەڵوێست و پشتیوانییەکانتان بوارتان بۆ بڕەخسێنین بەشدارێکى کاریگەربن لە وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان بە تایبەتیش لە سێکتەرى کشتوکاڵ دا. لاى خۆیەوە کونسوڵى فەرەنسا، رایگەیاند: لە ماوەى دەستبەکاربوونیدا لە هەرێمى کوردستان بە وردى و لە نزیکەوە چاودێرى کارو چالاکییەکانى وەزیر و وەزارەتى کشتوکاڵ دەکەن و ستایشى ئەو کاروچالاکییانەى کرد و وتى : فەرەنسا بە بایەخى زۆرەوە دەڕوانێتە هەرێمى کوردستان و چاوى لەوەیە لە بازاڕى ئەم هەریمەدا ڕؤڵ بگێڕێت ، کە لێرە لە کوردستان دۆخەکە نایابە و خۆشحاڵ دەبین وەبەرهێن و کۆمپانیاکانى وڵاتەکەمان دەرفەتى بەشدارییان هەبێت لە وەربەرهێنان دا. لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا لە بارەى میکانیزمى هاوکارى و هەماهەنگى نێوان وەزارەتى کشتوکاڵ و ناردەى دیپلۆماتى فەرەنسا لە عیراق و کوردستان کرا.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی