|
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڕێوەچوو چەندین بابەتی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ بڕیارو راسپاردەیان بۆ ئەنجامدرا
|
بەڕێزعەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ژمارە(4)ی ساڵی 2017ی ئەنجومەنی راوێژكاری وەزارەتی كرد بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و كشتوكاڵی پارێزگاكانو راوێژكاران، ئەجیندای كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە كورتە وتارێكی جەنابی وەزیر كە تێیدا باسی لە ئاكامی سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی وەزارەت كرد بۆ هۆڵەندا كە بە وڵاتێكی پێشكەوتووی جیهان دادەنرێت لە بواری كشتوكاڵدا، هاوكات دیدارو چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتە و سەردانی چەندین پڕۆژەی كشتوكاڵی، دواتر لەسەر یەكەیەكە خاڵەكان گفتوگۆكرا سەرەتا پێشنیارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی كە بریتی بوون لە:
أ- هەڵكەندنی بیر بۆ پڕۆژەكانی سامانی ئاژەڵ، لەم بوارەدا كۆبوونەوە بڕیاری دا هەندێ رێنمایی و دسپلین دانرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە و هەموو لایەك بە تێروتەسەلی دیراسەی بكەن.
ب- پێداچوونەوە بە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی راوێژكاری ژمارە(3)ی لە كۆبوونەوەی ژمارە(1)ی ساڵی 2016 و بڕیاری كۆبوونەوەی ژمارە(2)ی ساڵی 2017 تایبەت بە هەڵاوێركردن بۆ پڕۆژەی بێ مۆڵەت، ئەنجومەنەكە وای بە باش زانی وەك خۆی بمێنێتەوەو دەستكاری نەكرێت.
ج- یەكلاكردنەوەی هۆبەی وەرشەو ئامێرەكان لە بەشی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی و چارەنووسی ئامێرە كشتوكاڵییەكان، هەروەها گواستنەوەی هۆبەی باخچەی رووەكی بۆ سەروەزارەتی شارەوانی یان وەزارەتی خوێندنی باڵا. سەبارەت بە هۆبەی وەرشەو ئامێرەكان لە بەشی خزمەتگوزاری كشتوكاڵی كۆبوونەوە بڕیاری دا نووسراو بكرێت بۆ دیوانی وەزارەت بە مەبەستی دیراسەكردن و چارەسەركردنی ئەم بوارە، دەربارەی هۆبەی باخچەی رووەكی بە چاك زانرا كە لایەنە پەیوەندیارەكان لە دارستان و توێژینەوەو پلان و بۆردی باخچەكە هەماهەنگی بكەن و دواتر بڕیاری لێبدەن.
د- تەواوكردنی كاری تەسویەو تەملیك لە كەرتەكان لەسەر خەرجی جووتیاران خۆیان. ئەم بابەتە گفتوگۆی زۆری لەسەركرا تا گەیشتنە ئەو خاڵەی كە جەنابی وەزیرو چەند بەرپرسێكی وەزارەت سەردانی وەزارەتی دارایی بكەن بۆ تەرخانكردنی بوودجەیەك بە تایبەتیش بۆ بواری تەسویەی زەوی و زار، یان رێگە بدرێت خەرجییەكەی لەسەر جووتیاران خۆیان بێت.
و- سەبارەت بە راپۆرتی بەشداربوون لە پێشانگای دوبەی لەگەڵ كۆمەڵەو كۆمپانیاكان، باس لەوە كرا كە ئەمە هەنگاوێكی باشە هەم بۆ ناساندنی بەرهەمەكانی كشتوكاڵی كوردستان و هەمیش كرانەوە بەڕووی كۆمپانیاكان، دیارە ژووری بازرگانیی هەولێر رووبەری 12 مەتر دووجایان لە پێشانگاكەدا دابینكردووە لەسەر حیسابی خۆیان بۆ نمایشكردنی چەندین بەرهەمی وەك زەیتون و ترێ و هەنگوین و پەتاتەو هەنار.. تاد.
ز- دەربارەی دیاردەی داربڕینەوە لە دارستانەكان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە خرایە ڕوو كە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە لیژنەیەك بە فەرمانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە پێكهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستانی وەزارەت و نوێنەری ئەو دەستەیەو راپۆرتێكیش پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كراوە، هاوكات داوا لە رێكخراوەكان كراوە كە هۆشیاریی بڵاوبكەنەوە، جەختیش كراوەتەوە لەو راپۆرتەدا كە یەكە ئیدارییەكان بە زووترین كات مشوری دابەشكردنی نەوت بخۆن بە تایبەتیش لەو ناوچانەی كە دارستانیان تێدایە، بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەم زێدەڕۆییە بۆ سەر سامانی دارستانەكان، ئەمەو چەندین بابەتی دیكەی وەك داواكارییەكانی لیژنەی پزیشكانی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنی دەستكرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بۆ دابەشكردنی ستڕۆی بەسەر كەلدەرە خانەنشینكراوەكان، هەروەها هاوردەكردنی بنەتۆی گەنمی پەسندكراو خرانە بەر باس و رێكاری پێویستیان بۆ ئەنجامدرا.
|
نوسراوه له بهروارى 23/10/2017
ئهم لاپهڕهيه 576 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|