ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە دووەمین كۆبوونەوەی خۆی لە بینایەی وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی بەڕێزان عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و دكتۆر دارا رەشید مەحمود نوێنەری وەزیری تەندروستی و نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و عەبدولرەحمان عەبدولرەحیم وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە و نەوزاد هادی بە نوێنەرایەتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان سازكرد ، مەبەست لەم كۆبوونەوەیە بەدواداچوونی ئەو رێنماییانەی كۆبوونەوەی پێشووی لیژنەكەی ئەنفلەوەنزای باڵندە بوو، تێیدا ئاماژە بەوە كرا كە بە پێی بەدواداچوون و راپۆرتەكانی ئەم نەخۆشییە خەریكە ئیحتوا دەكرێت و دواتر لەبەر هاتنی وەرزی گەرما رووی لە كەمیی دەكات هەر چەندە لە هەندێ شوێندا حاڵەتی كەمی نەخۆشییەكە تۆماركراوە، لە میانی ئەم كۆبوونەوەی چەند بڕیارێك دەرچوون: - بڕیاری بەبازاڕكردنی مریشكی هەموو خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەڕ درا تاكو تووشی زیان نەبن و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەمە لە ئەستۆ دەگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 6 ملیار دیناری وەك پاڵپشتی بۆ ئەم پرۆسەیە تەرخان كرد، ئەم بەبازاڕكردنەش لە رێگەی هەندێ كۆمپانیاوە دەبێت بە رێگەی گرێبەست و لەمەشدا ئەوانیش پشكی خۆیان پێ دەدرێت هەروەها پشكی خاوەن كێڵگكەكان و خاوەن گرێبێەستەكانیش دەگرێتەوە. - دەربارەی دووكان و فرۆشگاكانی مریشكی زیندوو لە كۆڵان و شەقامەكان، دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو مریشكانەی هەیانە ساغی بكەنەوەو بیفرۆشن و لەو شوێنانە نەمێنن. بڕیاردرا ئەوانە مۆڵەتی یاساییان پێ دەدرێت بەپێی مەرجە تەندروستییەكان و ئەو كاتە دەتوانن پشكی خۆیان لە مریشكی سەربڕاوی سەربڕخانەكان لە نێو سەلاجەو موجەمیدە بفرۆشنەوە. - دەربارەی مریشكی هاوردەكراو، لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا هەر پارێزگایەك پێویستیی خۆی لە مریشك بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بنێرێت تاكو مۆڵەتی هاوردەكردنیان پێ بدرێت بۆ ساغكردنەوە. - سەبارەت بە مریشكی زیندووی دوو كیلۆیی، كە پێشتر بڕیاردرابوو نابێت كێشی مریشك لە دوو كیلۆ زیاتر بێت، لەم رۆژانە هەندێ رێنمایی لەلایەن وەزارەتەوە دەردەچێت بۆ ئەو بڕە مریشكەی كە لایان ماوەو زیاترە لە دوو كیلۆ تا لە ماوەی دیاریكراودا ساغی بكەنەوە، ئەم بڕیارانەش لە وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە ماوەی مانگێكی بۆ دادەنرێت تاكو بە تەواوی جێبێەجێ بكرێت، هەر دوای ئەم كۆبوونەوەیە بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ئامادەبوونی دەزگاكانی راگەیاندن كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە دیوانی وەزارەت سازكردو تێیدا بەتێرو تەسەلی رۆشنایی خستە سەر ئەو بڕیارانە كە لە كۆبوونەوەی ناوبراو دەرچوون و وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەنووس و نوێنەرانی میدیاكانی دایەوە.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چهند وێنهيهكى هاوپێچ كليك بكه بۆ بينينيان
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی