|
بێگەرد تاڵەبانى : فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەتوانن رۆڵێکى گەورە بگێڕن لە لەنێوان هەرێم و بەغدا
|
بێگەرد تاڵەبانى رایگەیاند: وەک وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، دۆسیەى تایبەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتى ناوەندى ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیارى چوونى وەفدى باڵاى هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ بەغدا، بۆ ئەوەى لە بارەى چەندین مەسەلەى پەیوەست بە سێکتەرى کشتوکاڵ و بەنداو و سەرچاوەکانى ئاو گفتوگۆ بکرێت، بە مەرامى وەرگرتنەوەى ئەو مافانەى هەرێم کە لاى حکومەتى ناوەندن، لەگەڵ چەند مەسەلەیەکى تر کە هاوبەشن لە نێوان هەردوولادا. دووپاتیشى کردەوە کە بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە هەماهەنگى زۆرترە لەگەڵ تیمى پەرلەمانى و حکومى هەرێمى کوردستان لە بەغدا.
وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم وتیشى: فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق دەتوانن رۆڵێکى ئەرێنى گرنگ و گەورە بگێڕن لە دەستەبەرى مافەکانى حکومەت و گەلى کوردستان و دروستکردنى پەیوەندییەکى دروست لەنێوان هەرێم و بەغدا و لەو میانەشدا کوردستان پێویستى بە کارکردن بە رۆحى تیم و گیانى نیشتمانیى و نەتەوەییى هەیە، چونکە بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کوردستان لەم قۆناغەدا دەخوازێ لاپەڕیەکى نوێى پێکەوە ژیانى ئاشتیانە و قبوڵکردنى یەکترى و بەلاوەنانى جیاوازیی نەتەوەیی و تایەفى لەگەڵ بەشەکانى دیکەى عیراق هەڵبدەینەوە.
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، ئەمڕۆ (٢-٩-٢٠١٩) لە دیوانى وەزارەت لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى عیراق کۆبۆوە، و لە میانى کۆبوونەوەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە مایەى خۆشحاڵى و لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانیشە کە سیاسەتى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بەو ئاراستەیەیە دەرفەتى پەیوەندییەکى تەندروست لەگەڵ حکومەتى ناوەندى برەخسێنرێت و هەرچى زووە لە رێگەى گفتوگۆوە کێشەکانى نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن. وتیشى: وەک وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان کارى زۆرى هاوبەش و بەریەککەوتنى زۆریشمان لەگەڵ وەزارەتەکانى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکومەتى عیراق هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە بەڕیوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیر و تیمى وەزارەت بەشى هەرە زۆرى کێشە و گرفت و کارە هاوبەشەکانى نێوان وەزارەتەکە و وەزارەتەکانى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى عیراقیان خستە روو. لەو چوارچێوەیەشدا بە تێروتەسەلى باسى ئەو کێشە و گرفتانە کرا لە هەرێمى کوردستان کە پەیوەستن بە بەرهەمى دانەوێڵە و ساغکردنەوەیان و نەدانى پارەى گەنمى وەرگیراوى سێ ساڵى جووتیارانى کوردستان و وەرنەگرتنى زیاتر لە نیوەى بەرهەمى ناوخۆیى گەنم لە جووتیارانى کوردستان و جیاوازى کردن لە وەرگرتنى دانەوێڵە بە تایبەت برنج و گەنمەشامى و جۆ، کە تەواوى بەرهەمى ناوخۆیى جووتیاران لە هەموو عیراق لە لایەن حکومەتى ناوەندییەوە وەردەگیرێت، بەڵام بەرهەمى هەرێمى کوردستان وەرناگرن.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە هەرێمى کوردستان لە هیچ یەکێک لەو پرۆژە کشتوکاڵیانە سوود مەند ناکرێت کە تێچووەکانیان لە بودجەى سیادى و قەرز و بەخششە نێودەوڵەتییەکان دابین دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت لە هەموویاندا ڕێژەى هەرێمى کوردستان فەراهەم بکرێت. لە مەسەلەى دروستکردنى بەنداوەکانیشدا پێویستە پشکى هەرێم پارێزراوە بێت یان عیراق بەشێک لە تێچووى پرۆژەى بەنداوەکان لە ئەستۆ بگرێت بەو پێیەى ناوچەکانى ناوەراست و باشوورى عیراقیش لێیان سوودمەند دەبن.
گفتوگۆ کردن لە بارەى یەکخستنى تەعریفەى گومرگى و کاریگەرییەکانى لەسەر سێکتەرى کشتوکاڵ و بەرهەمى ناوخۆیى و هاوردەکردنى بەروبوومى کێڵگەیى و پەلەوەرى و سیاسەتى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیى و کاروبارى خاڵە سنوورییەکان پەیوەست بەو کارانەى کە پەیوەندیدارن بە سێکتەرى کشتوکاڵەوە چەند تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکانى کۆبوونەکەى ئەمرۆى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم و وەفدى فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنى نوینەرانى عیراق بوو. فراکسیۆنە کوردستانییەکان: خۆشحاڵییان دەربڕى بۆ ئاکامى ئەرێنى کۆبوونەوەکە و دووپاتیان کردەوە کە یەکەمجارە بەشدارى کۆبوونەوەیەک دەکەن لەگەڵ هەرێمى کوردستان کە بەو جۆرە زانیارییەکان بە وردى و بە پشت بەستن بە ژمارە و ئامار و داتا دەخرێتە بەردەستیان. ئاماژەیان بە هەوڵ و کۆششەکانى خۆیان کرد لەو بوارانەى لە کۆبوونەوەکەدا باس کران، هەروەک داواکاربوون پەیوەندییەکى هەمیشەیى پتەو لە نێوان وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانى هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا هەبێت لە پێناو کارکردن و بەدواداچوونى بەردەوام بۆ داواکاریی و مافەکانى خەڵک و حکومەتى هەرێمى کوردستان.
وەزیرى کشتوکاڵ سوپاسى سەردان و هەوڵەکانى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى کرد و میکانیزمێکى بۆ پەیوەندى و هاوکارى نێوان وەزارەت و فراکسیۆنەکان خستە روو کە پەسەندى بەشدارانى کۆبوونەوەکە بوو، بریار درا بە گوێرەى و ئەو میکانیزمە پەیوەندى و هەماهەنگییەکان بەردەوامیان پێبدرێت.
|
نوسراوه له بهروارى 02/09/2019
ئهم لاپهڕهيه 56 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|