|
_كارگەی دۆشاوی شارەزوور كەوتەوە كار و تەماتەی خۆماڵی بەكاردەهێنێت.
|
_كارگەی دۆشاوی شارەزوور كەوتەوە كار و تەماتەی خۆماڵی بەكاردەهێنێت.
_مەرجی سەرەكیمان لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان دەبێت بەروبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن.
_من لە ماڵی خۆمدا دۆشاوم لە تەماتەی كوردی دروستكردووە ، لەبەر ئەوەی من یان هەركەسێك كە لەماڵی خۆی تەماتە دەكاتە دۆشاو بیر لە قازانجی ماددی ناكاتەوە بیر لەوە ناكاتەوە قازانجی لێ بكات و بیفرۆشێتەوە، ئەگەر چەند سندوقێك تەماتەش بكڕێت و چەند كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمبێت بەلایەوە ئاساییە چونكە بۆ ماڵی خۆیەتی بەڵام كارگەیەك كە تەماتە وەردەگرێت بۆ قازانج وەریدەگرێت، ئەمە خوێندنەوەی كارگەكانە نەك من وەك وەزیری كشتوكاڵ، ئەگینا منیش دەزانم باو و باپیرانمان لە دێرزەمانەوە تەماتەی كوردییان بۆ دۆشاو بەكارهێناوە و بەرهەمێكی جوانیشی لێ بەرهەمهاتووە.
_هەوڵمان ئەوەبوو ئەو كارگە ناوخۆییانەی كە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن بەگەڕبخرێنەوە.
_یەكێك لە مەرجەكانمان ئەوەیە لە مۆڵەتەكانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن.
_ساڵی ئایندە هاوكاری جووتیاران دەبین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین كەدەتوانرێت لەكارگەكاندا بەرووبوومەكەی بەكاربهێندرێت.
_ساڵی ئایندە كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر گرێبەست لەگەڵ جووتیاران دەكات.
_بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە پێویستە جووتیاران هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ كارگەكان واژۆ بكەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكانەوە.
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
كارگەی دۆشاوی شارەزوور كەوتەوە كار و تەماتەی خۆماڵی بەكاردەهێنن
بێگەرد تاڵەبانی: "مەرجی سەرەكی وەزارەتی كشتوكاڵ لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان ئەوەیە كە دەبێت بەروبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن، بەڵام دەبێت جووتیارانیش هەماهەنگبن و بنەتۆوێك بەكاربهێنن كە خواستی كارگەكانی لەسەربێت و لای ئێمە تۆماركرابێت"
كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەستیكردەوە بە كاركردن و بەرهەمهێنان و تەماتەی جووتیارانی دەشتی شارەزوور دەكاتە دۆشاو، كارگەی هەریریش ساڵی ئایندە لە بەرووبوومی خۆماڵی دۆشاو بەرهەمدێنێت.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە هەوڵمان ئەوەبوو ئەو كارگە ناوخۆییانەی كە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن بەگەڕبخرێنەوە و ئێستا كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور كەوتەوە كار و بەرووبوومی جووتیارانی ناوخۆش بەكاردەهێنن، ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان یەكێك لە مەرجەكانمان بۆ ئەم جۆرە كارگانە ئەوەیە كە دەبێت لە مۆڵەتەكانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن"
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "توێژینەوەمان لەسەر جۆرێك لە بنە تۆو كردووە كە ئەنجامەكەی دەریخست لە هەر چوار كیلۆ تەماتە كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمدێت كە ئەمە بەرهەمێكی باشە و خواستی كارگەكانیش هەر ئەمە بوو، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ساڵی ئایندە هاوكاری جووتیاران بین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین كەدەتوانرێت لەكارگەكاندا بەرووبوومەكەی بەكاربهێندرێت"
دەربارەی ئەوەی میكانیزمی دابینكردنی بنەتۆوەكان بۆ جوتیاران چۆن دەبێت، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند "ئەگەر حكوومەت خۆی بنەتۆوەكانی بهێنایە و توێژینەوەی لەسەر بكرایە ئەوا دەیتوانی حكومەت خۆی دابینی بكات و مامەڵەی پێوە بكات بەڵام ئەوەی ئێستا توێژینەوەی لەسەر كراوە كۆمپانیایەك هێناویەتی بۆئەوەی بەكەمترین تێچوو بتوانێت زۆرترین دۆشاوی لێ بەرهەمبهێندرێت، ئێمە وەك وەزارەت توێژینەوەمان لەسەر كردووە هەم لەلایەن جووتیارە نموونەییەكان هەم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوە پەسەند كراوە لەلای ئێمە تۆماركراوە، بەپێی یاسا ئەو كۆمپانیایە مافی ئەوەی هەیە خۆی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بنەتۆوەكە بفرۆشێت بە جووتیاران بەڵام بەنرخێكی گونجاو كە جووتیار بتوانێت سودی لێ ببینێت و بەرهەمەكەشی بەپێی خواست و داواكاری كارگەكان بێت و لێی وەربگیرێت"
دەربارەی كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریریش كە بڕیاربوو دەست بەكاركردن بكەنەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند "لەگەڵ كارگەی دۆشاوی هەریریش چەند كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە، ئەوان دەستیانكرد بەكڕینەوەی تەماتەی جووتیاران بەڵام بڕەكەی كەمبوو چونكە ئەوانیش دیارە بیر لە رێژەی قازانجی كارگەكە و بڕی تێچووی بەرهەمهێنان دەكەنەوە لە بەرامبەر ئەو بەرهەمە هاوردانەی دێتە ناو بازارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ ساڵی ئایندە لە ئێستاوە بە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ جووتیاران و پێدانی بنەتۆو پێیان كە خۆیان دەیانەوێت جووتیاران دایبچینن ئامادەن كاربكەن، لە ئێستاوە لەگەڵ ئێمە لەپەیوەندیدان كە كارگەكە بە تەواوی سەرپێ بخەنەوە"
گوتیشی "یەكێك لە مەرجەكانی كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ئەوەبوو كە ئەگەر تەماتەی ناوخۆ نەبوو رێگەیان پێبدەین لە دەرەوە هاوردەی بكەن، ئێمە نەچووینە ژێرباری ئەو داواكارییە، بەڵام پێمان گوتوون ئەوان هەر بنەتۆوێك بهێنن كە بۆ كارگەكە گونجاوبێت ئێمە بۆیان تۆماردەكەین و لە ئەنجامدانی گرێبەستیش لەگەڵ جووتیاران هاوكاریان دەبین، دیارە ئەوانیش ئەم بەدەمەوە هاتنەیان پێ باشە"
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە پێویستە جووتیاران هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ كارگەكان واژۆ بكەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكانەوە، ئەو بنەتۆوەی كارگەكان دەیهێنن و داوای دەكەن ئەوە دابچینن بۆئەوەی بەرهەمێكی لێ بەرهەمبێت بەدڵی ئەوانبێت و بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاو بەپێی خواست و داواكاری ئەوان گونجاوبێت"
گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت ئەو كارگانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەگەڕبخرێنەوە، بەرهەمی ناوخۆ پەرەپێبدەین و بەرهەمێكی تەندروست و پاك بە كوالێتییەكی بەرز بخرێتە بازارەوە بەڵام ئەمە پێویستی بە هەماهەنگییە، هەم هەماهەنگی جووتیاران و كارگەكان پێكەوە، هەم پاڵپشتیكردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە كارگەكان و جووتیاران تاوەكو بتوانن بەهەموو لایەك هەم رێژەی بەرهەمێكی باش كە پێداویستی بازار پڕبكاتەوە دابین بكەن بیخەنە بازارەوە و لەبەرامبەردا حكومەت باج بخاتە سەر بەرهەمی هاوردە كە لەرووی كوالێتییەوە چەندین پرسیاری لەسەرە"
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راشیگەیاند "بەشێك لە كارگەكان نەیانتوانیوە وەك پێویست كاربكەن لەبەرئەوەی لە بازاردا نەیانتوانیوە كێبڕكێی بەرهەمە هاوردەكراوەكان بكەن ، بەرهەمی هاوردە لە وڵاتانی دیكە كەلێی بەرهەمدێت پاڵپشتی زۆریان دەكرێت بەڵام لای ئێمە ئەو پاڵپشتییە ئەتوانم بڵێم هەر نییە بۆیە لە بازاردا نرخییان لە بەرهەمی هاوردە زیاترە و هاوڵاتیش زیاتر خواستی لەسەر بەرهەمێكە نرخی كەمبێت و هەرزانبێت، هەرچەند بەرهەمە ناوخۆیەكە كوالێتیشی باشتربێت بەڵام كە نرخی گرانتربوو لە بازار خواستی زۆر لەسەرنابێت"
بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونكردنەوەی لەسەر دەنگۆ و هەڵمەتێكی میدیایی پێشتردا كە لەبەرمبەری گیرایە بەر و گوتی: "من بەهیچ شێوەیەك نەموتووە تەماتەی هەرێمی كوردستان بۆ دۆشاو نابێت، ئەمە هێرشێكی ناڕەوابوو لەدژی من ئەنجامدرا، قسەی من نەبوو قسەی كارگەكان بوو، ئەگینا من لە ماڵی خۆمدا دۆشاوم لە تەماتەی كوردی دروستكردووە ، لەبەر ئەوەی من یان هەركەسێك كە لەماڵی خۆی تەماتە دەكاتە دۆشاو بیر لە قازانجی ماددی ناكاتەوە بیر لەوە ناكاتەوە قازانجی لێ بكات و بیفرۆشێتەوە، ئەگەر چەند سندوقێك تەماتەش بكڕێت و چەند كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمبێت بەلایەوە ئاساییە چونكە بۆ ماڵی خۆیەتی بەڵام كارگەیەك كە تەماتە وەردەگرێت بۆ قازانج وەریدەگرێت، ئەمە خوێندنەوەی كارگەكانە نەك من وەك وەزیری كشتوكاڵ، ئەگینا منیش دەزانم باو و باپیرانمان لە دێرزەمانەوە تەماتەی كوردییان بۆ دۆشاو بەكارهێناوە و بەرهەمێكی جوانیشی لێ بەرهەمهاتووە"
|
نوسراوه له بهروارى 25/07/2020
ئهم لاپهڕهيه 41 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|