وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و قونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی كوردستان جەختیان لەسەر زیاتر هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەولێر و تاران كردەوە، ئەمەو لە دیدارێكی نێوان بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ئاغای مورتەزا عەبادی قونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سەرەتا باس لە رێكەوتننامەی ئەتۆمی نێوان دەوڵەتانی پێنج+یەك كرا كە لەم دواییەدا واژۆكرا و كاریگەریی ئەرێنی هەبوو بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەكە بە تایبەتی لە رووی جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی، دواتر باس لە واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكگەیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرا، ئەم یاداشتانامەیە كە لە چەند خاڵ پێكهاتووە، تایبەتە بە پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوكاریی كشتوكاڵی نێوان هەردوولا و ئاڵۆگۆڕكردنی زانیاریی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی سەردەم تایبەت بە كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری و ئاودێری كە تا ئێستا چەندین خاڵ كاری لەسەر كراوەو وەزارەتیش سوورە لەسەر هەموو خاڵەكانی، هاوكات چارەسەركردنی كێشە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رووی هەناردەو هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی، هەر دوو لا هاوڕابوون بە ناردنی لیستی بەروبوومی هاوردەی قەدەغەكراو لە وەرزەكانی پێگەیشتندا كە هەندێكیان باجیان لەسەر دانراوە بۆ قونسڵخانەی ئێران تاكو لە رێی خۆیانەوە بنێردرێتە مەرزەكان بۆ ئەوەی پەیڕەو بكرێت و بە رۆڵی خۆیان رادەستی كۆمپانیاكان بكرێت و لەم بارەوە ئاگاداربكرێنەوە، لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بەروبوومی هاوردەی پەلەوەڕ بۆ هەرێمی كوردستان كرا كە پێشتر بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوانزای باڵندە لەلایەن لیژنەی باڵای ئەنفلەوەنزا قەدەغەكرابوون، لە ئێستاشدا قونسڵی ئێران رایگەیاند كە ئێران راپۆرتی پشتگیرییان لە رێكخراوی جیهانیی تەندروستیی ئاژەڵ OIE هێناوە و دووپاتی دەكاتەوە كە وڵاتەكەیان خالییە لەو نەخۆشییە، لەم بارەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە لەلای خۆمانەوە دیراسەی ئەو راپۆرتە دەكەین و بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدەین، هەر لە بواری هاوكاریكردنی نێوان هەردوولا باس لە بەشداریكردنی كادیرانی كشتوكاڵی هەرێم كرا لەو خولانەی كە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكرێنەوە تاكو كادیرانی كشتوكاڵ راستەوخۆو بە شێوازی مەیدانی بە بوارەكانی ئەم خولانە ئاشنابن، تێچووەكانی ئەم خوولانەش لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، لە لایەكی دیكەوە قونسڵی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە كۆمپانیایەكی تایبەت بە دارستان لە شاری ورمێ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و شارەزایی و پسپۆڕیی خۆیان لە بواری دارستان و پاوان پێشكەش بكەن. ئەمەو چەندین تەوەری دیكەی پەیوەست بە هاوكاریی نێوان هەردوولا لە رووی كشتوكاڵ و ئاودێری و ڤێتێرنەری لە دیدارەكەدا خرانەڕوو.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی