كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 10:58 AM
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە دروشمی( هەموومان پێشمەرگەین) هەڵمەتێكی فراوانی نەمام چاندنی لە كوردستان ئەنجام دا

لە چوارچێوەی نۆیەمین ڤیستیڤاڵی ئادارو نەورۆز و بە دروشمی ( هەموومان پێشمەرگەین) ئەمڕۆ 14/3/2014 بە چاودێریی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رێوڕەسمێكی شایستەی هەڵمەتی نەمام چاندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەكەدا كە هەریەك لە بەڕێزان نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرو جێگری پارێزگارو ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و سەرۆكی دەستەی ژینگەو بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و سەدان فەرمانبەرو كارمەندی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارت و هاووڵاتیان ئامادەی بوون، هەڵمەتێكی فراوانی نەمام چاندن لە كەسنەزانی نزیك هەولێر دەستی پێكرد ، لەمیانی رێوڕەسمی هەڵمەتەكەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن سازكرا، سەرەتا عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە وتەیەكیدا بە ناوی وەزارەت بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی كردو ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵمەتە كردو روونی كردەوە كە بە بۆنەی یادەكانی ئادارو نەورۆزەوە هاوكات بەرزڕاگرتنی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستان، وەزارەت وەك ئەركی سەرشانی خۆی هەموو ئامادەكارییەكی بۆ كردو ئەمڕۆش لەم بۆنەیەداو لە پێناو زیادكردنی رووبەری سەوزایی لە كوردستان و رازاندنەوەو پاكڕاگرتنی ژینگە بە پێی بەرنامەی ساڵانەی خۆی، وەزارەت ئەم هەڵمەتە ئەنجام دەدات، ئاماژەشی بە رۆڵی پۆلیسی دارستان كرد كە هاوكارە لە پاراستنی سامانی دارستان و سەوزایی و رۆڵی ئەوانیشی لەم رووەوە بەرز نرخاند، دواتر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەم بارەوە سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كرد كە ساڵانە ئەم هەڵمەتە لەم كات و ساتەدا ئەنجام دەدەن، ئامادەیی دامودەزگاكانی پارێزگاشی خستەڕوو بۆ هاوكاری كردن و سەرخستنی ئەم بەرنامەیە كە بە ئامانجی رووبەری سەوزایی ئەنجام دەدرێت و ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەگەر سەیری ئەم ناوچەیە بكەین دەبینین ساڵ دوای ساڵ پانتایی سەوزایی تێدا زیاد دەكات، عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە ئەم هەڵمەتە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی لەدایكبوونی باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانیی نەمرو یادەكانی ئادارو نەورۆز، بۆیە پێویستە هەموو خەڵك بەشداربێت لە سەوزكردنی كوردستان و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە پیرۆزەو لەبەرچاوگرتن و رێزلێنان لە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەفایەكە بۆ ئەم قوربانییانە، كە وا پێویست دەكات هەموو تاكێكی كوردستان هەست بە بەرپرسیارێتیی بكات لە ئاست خزمەتكردنی نیشتمان و پاراستنی ژینگەو ئاوەدانكردنەوە، شایانی باسە لەم هەڵمەتەدا بە هەزاران نەمام لە سەرجەم پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان بە چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دارستانەوە ئەنجام دەدرێت.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 14/03/2015       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 1171 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

چه‌ند وێنه‌يه‌كى هاوپێچ كليك بكه‌ بۆ بينينيان

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department