كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 11:01 AM
ئیتاڵیا دوو کارگەى ترى رۆنى زەیتون لە کوردستان دەکاتەوە و چەند پرۆژەیەکى تریشیان هەیە

بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، ستایش و دەستخۆشى زۆرى وەزارەتەکەى و حکومەتى هەرێمى ئاراستەى حکومەتى ئیتاڵیا و ناردەى دیپلۆماسى ئەو وڵاتەى لە هەرێمى کوردستان کرد، لەپاى ئەو پرۆژانەى لە بوارى کشتوکاڵ ئەنجامیانداوە و ئەوانەش کە لە داهاتوى نزیکدا ئەنجامى دەدەن، کە بریتین لە دامەزراندنى کارگەیەکى تایبەت بە بەرهەمهێنانى رۆنى زەیتون لە پارێزگاى هەولێر، هەروها ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنى دوو کارگەى دیکەى هاوچەشن لە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و دهۆک، لەگەڵ پرۆژەى تاقیگەیەکى پێشکەوتووى تایبەت بە بەرهەمى زەیتون لە هەولێر و پرۆژەى وپرۆژەى سۆلار پەناڵى تایبەت بە بەرهەمهێنانى کارەبا بە سوود وەرگرتن لە تیشکى خۆر بۆ چەند پرۆژەیەکى ئاودێرى هەروەها دامەزراندنى سەنتەرێکى پیشکەوتووى کەشناسى. ئەمرۆ ٢٠-٨ وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە دیوانى وەزارەت پێشوازیى کرد لە خاتوو سێرینا مۆڕۆنى کونسوڵى کۆمارى ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان، لە میانى دیدارێکدا، خاتوونى کونسوڵ پیرۆزبایى لە خاتوو بێگەرد تاڵەبانى کرد بە بۆنەى دەستبەکار بوونى لە پۆستى وەزارەتى کشتوکاڵ و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و رایگەیاند کە وڵاتەکەیان چالاکی گرنگ و جێی بایەخى هەیە لە بوارى کشتوکاڵ لە کوردستان و بەردەوامیشن لەو کارانە و ئومێدەواریشن بتوانن لە ئاستێکى باشدا هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندى کوردستان و ئیتاڵیاش دابێت. لە میانى دیدارەکەدا وێراى دەستخۆشى کردن لە هاوکارییەکانى ئیتالیا بۆ کوردستان لە چەندین بوارى جیادا، بە تایبەتیش پرۆژەکانیان لە بوارى کشتوکاڵدا، خاتوو بێگەرد باسى لە بایەخى پرۆژە جێبەجێکراو و ئەوانەش کرد کە بریارە لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن، هەروەک داواى کرد دامەزراندنى کارگەیەکى رۆنى زەیتون لە گەرمیانیش بخەنە چوارچێوەى کار و پرۆژەکانیان لە ناوچەى گەرمیان، بەو پێیەى ناوچەکە دەوڵەمەندە بە بەرهەمى زەیتوون. دەربارەى پرۆژەى دابین کردنى کارەبا لە رێگەى وەزەى خۆرەوە بۆ چەند پرۆژەیەکى ئاودێرى، وەزیرى کشتوکاڵ رایگەیاند ئەو پرۆژەیە دەبێتە فاکتەرێکى گرنگى پەرەپێدانى زیاترى کەرتى کشتوکاڵ و هیواى خواست کە پرۆژەکە جگە لە کارى ئاودێرى خانووە پلاستیکییەکانیش بگرێتەوە کە بۆ گەرم و سارد کردنى ئەو خانووانە لە هاوین و زستاندا خاوەن پرۆژەکانى خانووى پلاستیکى پێویستى زۆر و بەردەوامیان بە وزەى کارەبا هەیە و جێبەجێکردنى ئەو پرۆژەیە دەبێتە مایەى زیاد کردنى بەرهەمى ناوخۆیى لە هەموو وەرزەکاندا. لەو بارەیەوە کونسوڵى ئیتاڵیا داوا کرد وەزارەتى کشتوکاڵ لە پرۆژەیەکدا وردەکاریی و دەرخستەى ئەو پرۆژەیە پێشکەش بکات. لە بەشێکى ترى دانیشنەکەدا وەزیرى کشتوکاڵ ئاماژەى بۆ گەشەکردنى کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێم و لەمپەر و کێشەکانى کرد و رایگەیاند لە ئیستادا نەبوونى بازاڕى پێویست بۆ بەروبوومى ناوخۆیى یەکێکە لە کێشە گەورەکانى جووتیارانى کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا داواى لە کونسوڵى ئیتاڵیا کرد، لاى خۆیانەوە هانى بازرگانان و وەبەرهێنەرانى وڵاتەکەى خۆیان بدەن بەشێک لە پیویستى سەوزە و میوەى بازاڕەکانى ئیتاڵیا لە کوردستان دابین بکەن و وەبەرهێنەکانیش روو بکەنە کوردستان و لە رێگەى دامەزراندنى پرۆژەى پیشەسازییەکانى خۆراک وەبەرهێنان بکەن و هیوایشى خواست لەو میانەدا هەردوولا بتوانن هەمانگى پێویست بکەن و هەنگاوى کرداری بنێنن کە بێگومان بە سوود و قازانجى هەردوولا دەشکێتەوە. کونسوڵى ئیتاڵیا پیشوازى لەو داوایە کرد و رایگەیاند کە بەدەم ئەو داواکاریەوە دێن و بۆ ئەو مەبەستەش پیشنیاز کرا لە چەند مانگى داهاتوودا پیشانگا و کۆبوونەوەى هاوبەش بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانى کوردستان و ئیتاڵیا بکرێتەوە. هەروەک وەزیرى کشتوکاڵ ئاماژەى بۆ کردنەوە دوو پیشانگاى نێودەوڵەتى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین لە هەولێر و سلێمانى کرد، کە بریارە لە سەرەتا و ناوەراستى مانگى داهاتوو بکرێنەوە و داواى کرد کۆمپانیاکانى ئیتاڵیا سوود لەو دەرفەتەش وەربگرن و بەشداریىان تێدا بکەن. هەردوو لا لە بارەى چەند بابەتیکى دیکەى پەیوەست بە سێکتەرى کشتوکاڵ گفتوگیان کرد و راو سەرنجیان گۆڕیەوە و بەڵینیان دا درێژە بە هەماهەنگییەکانیان بدەن.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 20/08/2019       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 124 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department