وەزیرانى کشتوکاڵ و خوێندنى باڵا بڕیاندا بە: پێکهێنانى بۆردى نیشتمانیى کشتوکاڵ و سامانى ئاو بە بەشداریی شارەزایانى هەردوو وەزارەت، لەگەڵ ئەکتیڤ کردنەوەى لیژنەى هەماهەنگى نێوان هەردوو وەزارەتەکە. ئەمڕۆ (٢٥ى نۆڤەمبەر) وەزیران و تیمى هەردوو وەزارەتى (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو) و (خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوە، بە مەبەستى گفتوگۆ کردن سەبارەت بە چەند مەسەلەیەکى پەیوەست بە هەردوو وەزارەت و میکانیزمى کارى هاوبەش. لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، دووپاتیکردەوە کە کۆکردنەوەى هەموو توانا ئەکادیمى و خاوەن ئەزموونە زانسیتییەکان رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت لە هەرچى زیاتر گەشەپێدانى هەمەلایەنەى هەرێمەکەمان و پێویستە لەم قۆناغەدا بە گوڕوتینى زیاترەوە و بە هەماهەنگى و هاوکاری یەکترى شان بدەینە بەر راپەڕاندنى ئەرکەکانمان. وتیشى: بۆ ئەم مەبەستانە پێویستمان بە چاوخشاندنەوە بە کار و ئەرکە هاوبەشەکانماندا هەیە، کە داڕشتنەوە و کارپێکردن بەو یاداشتى لێکگەیشتنەى پێشتر لە نێوان هەردوو وەزارەتەکە واژۆ کراوە، نەخشە و پلانى هاوبەشیکردنى یەکتریمان رێکدەخات و ئەرکى هەر لایەکمان لە پرۆسەى کارى هاوبەشماندا دەستنیشان دەکات. وەزیرى کشتوکاڵ دووپاتیشکردەوە کە خوازیارن لە گەشەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ دا زانست و توانستە زانستییەکان بکەنە بنەمایەکى هەرە سەرەکى ئەو ئەرکە و لەو میانەشدا چاویان لەسەر مامۆستایانى زانکۆ و توێژەرانى زانستى ناوەندە ئەکادیمییەکانە بۆ ئەوەى ببنە پاڵپشت و هاوکارى سەرەکى توێژەران و ستافى ناوەندەکانى توێژینەوەى زانستى وەزارەتى کشتوکاڵ. د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا: بە بایەخەوە باسى لە گەشەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ کرد و ئەوپەڕی ئامادەیی ستافى وەزارەتەکەى و زانکۆ و پەیمانگاکان و پسپۆرانى سەر بە وەزارەتەکەى بۆ هاوکاریی کردنى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دووپات کردەوە، لەومیانەشدا پێشنیازى کۆنفرانسێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى کرد بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و راو ئەزموونە زانستییەکان لە بوارى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە نزیکترین دەرفەتدا و تیمى وەزارەتەکەى راسپارد بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکى پێویست لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ. لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا تیمى هەردوو وەزارەت لەبارەى چەند خاڵێکى ترى کارى هاوبەشى هەردوو لا گفتوگۆیان کرد. وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵاى کرد لە پاى هاوکاریی و دیدى هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و بڕیاردرا لیژنەکانى هەردوو وەزارەت درێژە بە دیدار و کۆبوونەوەکانیان بدەن بە مەبەستى جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی