كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 11:01 AM
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ میدیاكان: بەھۆی گرتنەوەی زێی بچووك، ناچارین ئاوی زیاتر گلبدەینەوەو ئاوی کەمتر بۆناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بەربدەینەوە

بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی دووپاتی كردەوە کە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەرێمی كوردستان ناچاردەبێت كە ئاوی کەمتر بۆ عێراق بنێرێت. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسيدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 2/7/2017 لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، روونی كردەوە کە ئێران و توركيا دەتوانن ئەو ئاوانەی کە هەیانە و بەلایاندا تێدەپەڕن، سوودی لێ وەربگرن بۆ مەبەستی خواردنەوە یان كشتوكاڵ یان درووستكردنی بەنداو، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە پابەندبن بە ڕێککەوتننامە و عورف و یاسای نێودەوڵەتییەكانەوە تایبەت بە بەڕێوەبردنی ئاوو لێرەشدا ناكرێت هەرێمی کوردستان وەك دراوسێیەك بێ بەش بكەن ئەمەش چ لە رووی موسڵمانێتیی یان دراوسێیەتی یاخود لە رووی مرۆڤایەتیشەوەو بەو هۆیەوەش زەرەرمەند ببێت. هاوكات ئاماژەی بەوە دا كە بەهۆی درووستكردنی بەنداوی كەڵوەسە لە ناوچەی سەردەشتی ئێرانی لەسەر سنووری قەڵادزێ ئاوی زێی بچووک گیراوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی زۆری بۆ سەر قەڵادزێ و پڕۆژە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە هەیە، هەروەها زیانی بۆ بەنداوی دووکان هەیە کە 60٪ی ئاوەکەی لەو زێیە وەردەگرێت، جگە لەوەی بۆ ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و دواتریش بۆ کەرکووک و ناوچەی دووبز و ناوچەکانی دیکە پێویستیمان پێیەتی. بۆ چارەسەركردنی ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە قونسڵی گشتی ئێرانەوە لە هەولێر كردووە و بەڕێزان سەرۆکی حكومەت و جێگرەكەی ئاگاداركراونەتەوەو ھەوڵی خۆیانداوە لەگەڵ ئێراندا بۆچارەسەرکردنی کێشە، هەروەها حكومەتی بەغداش ئاگادارکراوەتەوە، چونکە بابەتی ئاو سیادییەو پەیوەستە بەعیراقەوەو لەجەژنی رەمەزاندا ئاوەکە گیراوەتەوەو48 کاتژمێر لە رۆژانی جەژن ناوچەی قەڵادزێ بێ ئاوبوون. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکراشیکرد کە بەھۆی گرتنەوەی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە، حکومەتی ھەرێمیش ناچارە ئاوی زیاتر گلبداتەوەو ئاوی کەمتر بۆناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بەربداتەوە. سەبارەت بە تەوەرێكی دیكەی كۆنگرەكە باسی لە بەرهەمی خۆماڵی كرد كە چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی باش زیادیکردوەو ھۆکاری کەمیی نرخی ھەندێک بەرھەمیش ئەوەیە كە زۆر بەرهەمهاتووەو باجیش دانراوە بۆ پارێزگاری كردن لە بەروبومی ناوخۆو ھەوڵدراوە کە لەرێگەی کۆمپانیاکانەوە بەروبومی خۆماڵی ببرێتەدەرەوەو کارگەی قوتووبەندیش درووست بكرێت بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ هەرچەندە ئەمەيان پەیوەندیی بە وەزارەتەوە نییە، دوا تەوەریش تایبەت بوو بە وەرگرتنی گەنمی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم واتا ئەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە لەلایەن سایلۆكانەوە، لەم بارەوە روونی كردەوە كە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی بەغدا رێككەوتن كە گەنمی ئەو ناوچانە راستەوخۆ لە سایلۆكانی مەخمورو خانەقین وەربگیرێت و لەسەر پشكەكەی ناو هەرێم حسێب نەكرێت، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردەسەر و بە نووسراوی فەرمی و بە پەیوەندیی كەسیی ئاگاداری بەغدامان كردەوە تاكو جووتیارانمان لەو ناوچانە زەرەرمەند نەبن و پێشمان گوتوون كە لاریمان نییە ئەگەر ئەو گەنمەی لەو شوێنانە وەریدەگرن بیگوازنەوە بۆ خۆیان بە مەرجێ شایستەكانی جووتیاران بدەن، دواتر پەیامنێران چەندین پرسیاریان تایبەت بەم تەوەرانە لە جەنابی وەزیر كردو بە روون و بەڵگەو وردەكارییەوە وەڵامی دانەوە.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 02/07/2017       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 317 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department