چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم، لیژنەى هاوبەش پێکدەهێنن بۆ هەماهەنگی و ئاسانکاریی زیاتر لە پێناو هەرچى باشتر و خێراتر رایی کردنی کاروبارەکانیان و لابردنى کۆسپ و تەگەرەکان. ئەم کارەش بەرئەنجامى دەستپێشخەرییەکى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمە، لەم چوارچێوەیەدا وەک یەکەم هەنگاو ئەمڕۆ (٢١ى ئابى ٢٠١٩) تیمى وەزارەتى کشتوکاڵ بە سەرۆکایەتى بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ سەردانى وەزارەتى پیشەسازی و بازرگانیان کرد و لە لایەن کەمال موسلیم وەزیرى پیشەسازى و تیمى وەزارەتەکەوە پێشوازى کران. لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى کشتوکاڵ ئامانجى کۆبوونەوەکەى روون کردەوە و رایگەیاند: جۆرێک لە تێکەڵاوى و هاوبەشى هەیە لە کاروبارى ژمارەیەک وەزارەتى حکومەتى هەرێم و سروشتى کارەکان بەو جۆرەیە کە بەشێکى زۆرى کاروبار و و پرۆژە و بریارەکان پێویستیان بە بەشداری و هەماهەنگی زیاتر لە یەک وەزارەت و دامەزراوەى حکومیی هەیە. بەتایبەتیش کە جۆرێک لە تێکەلاوى و لە دەسەڵات و ئەرکى وەزیر و وەزارەتەکاندا بەدیدەکرێت. هەر بۆیە هەرچى زووتر و باشتر راپەراندنى ئەرک و کارەکان و خزمەتکردنى بەرژەوەندى گشتى خەڵک و وڵاتەکەشمان دەخوازێ کە دەمەزراوە حکومییەکانى ئەم کابینەیە بە شێوەى تیم شان بدەینە بەر راپەراندنى کار و ئەرکەکانمان و هەموو ئەزموونەکانیش سەلماندوویانە کە کارى دەستەجەمعى سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. لای خۆیەوە وەزیرى بازرگانى دووپاتیکردەوە کە بروایان بە کارى هاوبەش و رۆحیەتى تیم هەیە و لەو میانەشدا ئامادەى هەموو هاوکاریى و هەماهەنگییەکن لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ئاماژەى بۆ چەندین کار و ئەرکى هاوبەشى هەردوو وەزارەت کرد، بەتایبەت لە مەسەلەى کرینەوەى بەروبوومى دانەوێلەى جووتیاران و هاوردەکردنى بەرووبووم و کەرەستە و پێویستى کشتوکاڵى هەروەها مەسەلەى چاودێرى کردنى وردترى ئەو جۆرە کەرەستانەى بەناوى ترانزێتەوە دەهێنرێنە کوردستانەوە و دەبێت میکانیزمێکى گونجاو دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەى دڵنیابن لەوەى کە ئەو کەرەستانە لە کوردستان ساغ ناکرێنەوە و تەنیا بەم هەرێمەدا تێدەپەڕێنرێن. دواتر تیمى هەردوو وەزارەت لەبارەى چەندین بابەتى پەیوەست بە کاروبارى وەزارەتەکانیان گفتوگۆیان کرد، بەو ئاراستەیەى بە کۆششى هەمووان هەوڵ بدرێت بۆ زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆیی و پارێزراوى مافى بەکاربەر و لە داهاتوودا کەمترین سەرمایەى ناوخۆ بۆ دابینکردنى پێویستى ناوخۆیی ببرێتە دەرەوەى کوردستان. هەروەک بریار درا، کۆبوونەوەى تیمەکانى هەردوو وەزارەتەکە بەردەوامى هەبێت و لە دانیشتنەکانى داهاتوودا چەند وەزارەتێکى تریش بەشدارى بکەن.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی