كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 11:00 AM
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیارێكی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ هەرێمی كوردستان دەردەكات

بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی هاوردنی ئاژەڵی زیندوو و بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە رێگەی ئەم پڕۆسەیە و بۆ دابینكردنی گۆشتی سووری تەندرووست و پاك بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەم بڕیارەی دەركرد: یەكەم: مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ بەخێوكردن و قەڵەوكردن تەنیا بەوانە دەدرێت كە خاوەن پڕۆژەی ئاژەڵن و بەخێوكردن و قەڵەوكردن و پڕۆژەكانیان مۆڵەتی فەرمییان هەیە و نوێكراونەتەوە و كاری بەخێوكردنەكە بەچاودێری و سەرپەرشتیی بەشی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا دەبێت و بەو مەرجەی مەنەفێستی هاوردن بە ناوی خاوەن پڕۆژە بێت. دووەم: مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین لە كوشتارگەكان تەنیا بەوانە دەدرێت كە خاوەن كۆمپانیای تایبەتن بە هاوردەی ئاژەڵ و شوێنی كەڕەنتینكردنی ئاژەڵەكانیان هەیە لەكاتی گەیشتنی تا كۆتایی پڕۆسەی سەربڕینیان لە سەربڕینخانە فەرمییەكان و بەو مەرجەی مەنەفێستی هاوردن بە ناوی خاوەن مۆڵەت بێت و بەچاودێری و سەرپەرشتیی بەشی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و لەكۆتایی پرۆسەكەش سەرجەم ژمارە پێناسی ئاژەڵەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری پارێزگا. سێیەم: پێدانی مۆڵەت بەپێی بڕگەی(1.2)ی سەرەوە پێویستە راپۆرتی وەجبەی پێشوو لەلایەن داواكار پێشكەش بكرێت. چوارەم: أ- ژمارەی ئاژەڵی هاوردەكراو بۆ بەخێوكردن و قەڵەوكردن یان سەربڕین بە پێی تواناو شوێنی كەرەنتینكردن و بەخێوكردنیان دەبێت. ب- كێشی ئاژەڵی هاوردەو تەمەنیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی پارێزگا دیاریدەكرێت و دەبێت سەرجەم ئاژەڵەكان ژمارە پێناسیان هەبێت. پێنجەم: لەدوای كەڕەنتینی ئاژەڵی هاوردەكراو و گواستنەوەی بۆ ئەو پارێزگایەی كە مۆڵەتەكەی بۆ دراوە جارێكی دیكە ڕێگە نادرێت بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە. شەشەم: دەبێت هاوردەكار پابەندبێت بە ماوەی دیاریكراو بۆ هاوردەكردنەكە و بۆ ئەوانەی مۆڵەتیان پێشی ئەم بڕیارە وەرگرتووە و ئاژەڵیان لە وڵاتی سەرچاوە كڕیوە، تەنیا ماوەی دوو مانگیان پێدەدرێت بەو مەرجەی پابەند بن بە رێنماییەكان و بەم بڕیارە. حەوتەم: ئەگەر مۆڵەتپێدراو پابەندنەبوو بەم بڕیارە و بە یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵ لەلایەن وەزارەتەوە دەخرێت لیستی رەشەوەو رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە. هەشتەم: پاڵپشت بە ماددەی(6) لە سیستمی ڤێتێرنەری ژمارە(84 )ی ساڵی 1937 داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بكرێت كە لە رێگەی كەرتی تایبەت شوێنی كەڕەنتینی ئاژەڵان لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان و فڕۆكەخانەكان درووستبكرێت بۆ كەڕەنتینكردنی ئاژەڵی هاوردە.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 20/11/2016       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 648 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department