ئەمڕۆ بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشداریی لە سێیەمین پانێڵی سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین- هەولێردا كرد كە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی زانكۆ بە ناونیشانی(ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی كوردستان) سازكرا، لەم پانێڵەدا هەر یەكە لە بەڕێزان هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتبی سیاسیی پارتی دموكراتی كوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دكتۆرعوسمان دەشتی لە بزووتنەوەی گۆڕان و خەلیل ئیبراهیم لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشدارییان كرد، دوای ئەوەی هەر یەكە لەو بەڕێزانە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر میكانیزم و كات و رێوشوێنی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم خستەڕوو، نۆرە هاتە سەر بەڕێز عەبدولستار مەجید وەك وەزیری كشتوكاڵ و سەركردە لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، پێشەكی كورتە باسێكی دەربارەی ئەو كارەسات و مەینەتییانە خستەڕوو كە گەلی كورد بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو و سەردەمی رژێمەكانی بەغدا رووبەڕوویان بوونەتەوەو ئەو هەموو قوربانی و ماڵوێرانییەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئینجا سەبارەت بەم پرۆسەیە روونی كردەوە كەدەنگدان مافە نەك ئەركەو لەمەدا داوای كرد و جەختی كردەوە كە ئەوەی دەڵێت( بەڵێ) بۆ دەنگدان و ئەوەی دەڵێت (نەخێر) مافی هاووڵاتییەو نابێ لەمەدا كەس تەخوین بكرێت، دواتر ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم پرۆسەیە زۆر گەورەیە دەبوایە پێشتر زەمینەسازیی تەواو و رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی بۆ بكرایە و شتە بچووكەكانیش پێش بخرایە بە تایبەتیش لە چاككردنی بژێویی خەڵك ، هەروەها كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان وەك دەزگایەكی شەرعیی، هەر لە درێژەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەپێشەوەی پێداویستی و ئەولەویاتی ئەم قۆناخەدا دێت، بۆیە رەواندنەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ و نەهێشتنی زمانی زبری راگەیاندنەكان خەڵكەكەی نائومێد كردووە و متمانەی بە پرۆسەكە لەق كردووە، لە تەوەرێكی دیكەشدا وەك وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بە ئەركی دابینكردنی هەردوو ئاسایشی خۆراك و ئاو كرد و دووپاتیكردەوە كە بەپێی توانای بەردەست و بە پاڵپشتیی حكومەت توانراوە لەم رووەوە هەنگاوی بەرچاو بهاوێژین هەرچەندە بەپێی خواست نییە، ئەمەو چەندین تەوەری دیكە لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و بەشداربووانی پانێڵ باسكران و ئامادەبووانییش بە پرسیارو بۆچوونەكانیان درێژەیان بە گفتوگۆو راو سەرنجەكان دا، كە هەموویان كۆك بوون لەسەر یەكڕیزیی و بەدیهێنانی ئامانجی مافی چارەی خۆنووسین بە جیاوازیی بیروبۆچوونەكانیانەوە، شایانی باسە سێیەمین پانێڵی سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین- هەولێر دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین تەوەری دیكەی پەیوەست بەم بابەتە بە میوانداریی ژمارەیەكی دیكەی سیاسەتمەدارو ئەكادیمی و نوێنەرانی پێكهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی