هۆڵەندا دەیەوێ بەشداریی بکات لە پەرەپێدانى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان و لەو میانەشدا حکومەتى ئەو وڵاتە بڕیک پارەى تەرخان کردووە و چەند پرۆژەیەکیشیان هەیە بۆ جێبەجێکردن لە هەرێم و بە نیازى دروستکردنى سندوقێکى هاوبەشن لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بە هەردوولا بڕێک پارە تەرخان بکەن بۆ چەند پرۆژەیەکى کشتوکاڵى لە کوردستان. نیوەڕۆى ئەمڕۆ (28/8/2019) بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە دیوانى وەزارەت پێشوازى کرد لە (ڤیلم کۆزاین) کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان. لە دانیشتنێکدا کونسوڵى هۆڵەندا دووپاتیکردەوە کە حکومەتى وڵاتەکەى چاوى لەسەر هەرێمى کوردستانە وەک وڵاتێکى کشتوکاڵى و بۆ هەرچى زیاتر گەشەپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵیش ئامادەن هاوکارى دارایى و زانستى پێشکەش بە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى کشتوکاڵ بکەن. لەو میانەشدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە وڵاتەکەى بڕێک پارەى تەرخان کردووە بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتنێکى سەرەتاییان هەیە لەگەڵ حکومەتى هەرێم سەبارەت بە دروستکردنى سندوقێکى هاوبەش بۆ دانانى پارە تێیدا لە لایەن حکومەتەکانى هۆڵەندا و هەرێمەوە. هەروەک وتیشى: ئێمە هاوکار دەبین کشتوکاڵ ببێتە سێکتەرێکى پتەو و دامەزراو لە کوردستان. وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پیشوازى لەو هەنگاوەى حکومەتى هۆڵەندا کرد و سوپاسى کردن و وتى: سوپاسى حکومەتى وڵاتەکەتان و وەبەرهێنەرانى هۆڵەندا دەکەین کە دەیانەوێ هاوکار و بەشدار بن لە گەشەپێدانى کشتوکاڵى هەرێم. هەروەها وتیشى: ئێمە لەم ماوەیەدا قورسایى کارەکانمان خستووەتە سەر دارشتنى پلانێکى ستراتیژى بۆ کارى داهاتووى ئەم وەزارەتە لە پێناو گەشەپێدان بە کەرتى کشتوکاڵ، بە جۆرێک کە بتوانین ریزبەندییەکى ژیرانەى پرۆژە و کارەکانمان بکەین و نەخشە رێیەکى روونمان هەبێت بۆ راییکردنى ئەرکەکانى وەزارەتەکەمان و گەشەپێدانى هەمەلایەنەى کەرتى کشتوکاڵ، "پلانمان بۆ ئەوە دەوێت بە شێوەیەکى هەڵسەنگێنراو ریزبەندى ئەرکەکانمان بکەین، نەک پلانێکى زەبەلاح لەسەر کاغەز و لە سەر ئەرزى واقیعیش دەرەقەتى جێبەجێکردنى نەیەین". لە وەڵامى پرۆژە و پێشنیازەکانى کونسوڵى گشتى هۆڵەنداش دا. بێگەرد تاڵەبانى وتى: لە گەڵ ئەنجوومەنى راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ پرۆژەکانتان تاوتوێ دەکەین و لەو بارەیەوە وەڵامى وەزارەتەکەمانتان پێ رادەگەیەنین لە داهاتوودا.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی