كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 10:48 AM
بێگەرد تاڵەبانى: حکومەت بە میکانیزمى نوێ کار بۆ دروستکردنى چەند بەنداوێکى گەورە دەکات

بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، رایگەیاند: حکومەتى هەرێمى کوردستان بە نیازە بە میکانیزمێکى نوێ کارى دروستکردنى چەند بەنداوێکى گەورە و ستراتیژى جێبەجێ بکات، کە پشت بە شێوازى (پى پى پى) دەبەستێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەرگاى بەڕووى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى بوارى دروستکردنى بەنداوەکان و ئاودێری دا ئاوەڵا کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا وەبەرهێنەرانى دەرەکیش دەتوانن بەشداری بکەن، داوایشى لە کونسوڵى کۆمارى چیک کرد کۆمپانیاکانى وڵاتەکەی لەم هەنگاوەى حکومەتى هەرێم ئاگادار بکات. لە میانى دیدارێکى لەگەڵ (میشێل سڤوبۆدا) کونسوڵى گشتى کۆمارى چیک لە هەرێمى کوردستان، کە لە ئەمڕۆ (٢٩/١/٢٠٢٠) لە دیوانى وەزارەت بەڕیوەچوو، وەزیرى کشتوکاڵ رایگەیاند: وەزارەتەکەى خوزیارە هەنگاوى هاوبەشى زیاتر بنێن لەگەڵ حکومەت و وەربەرهێنەرانى وڵاتى چیک. لە بارەى بنیادنانى کارگەیەکى دروستکردنى تراکتۆریش لە هەرێمى کوردستان کە بریارە لە لایەن کۆمپانیایەکى چیکى بنیاد بنرێت، پرۆژەکەى بە گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند کە حکومەت بەتایبەتیش وەزارەتى کشتوکاڵ درێغى ناکات لە ئاسانکاریی کردن بۆ جێبەجێبوونى پرۆژەکە بە تایبەتیش کە ئەو کارگەیە دەبێتە مایەى خزمەتکردنى جووتیارانى کوردستان. هەر لەو دیدارەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت ئامادەیبوون، کونسوڵى چیک وتى: دەمانەوێ هاوکاریی و هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ هەرێمى کوردستان بە تایبەتیش لە سێکتەرى کشتوکاڵ دا، وتیشى مەبەستى سەردانەکەى ئەمڕۆمان گفتوگۆکردن و بەدواداچوونى ئەو پلانانەیە کە پێشتر لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ گفتوگۆمان لە بارەوە کردووە. کونسوڵى چیک دووپاتیشى کردەوە کە زانکۆکانى وڵاتەکەى ئامادەییان تێیدایە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى کوردستان بۆ خوێندنى بەکەلۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لەبوارى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، هەروەها کردنەوەى خولى راهێنان و پەرەپێدانى شارەزایی ستافى وەزارەتى کشتوکاڵ. وەزیرى کشتوکاڵ سوپاسى هەڵوێستى کونسوڵ و دەستپیشخەرییەکانى کۆمارى چیکى کرد و هیواى خواست گفتوگۆکان دەرئەنجامى کردەییان هەبێت و هەردوو لا قازانج بە یەکترى بگەیەنن.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 30/01/2020       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 76 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department