|
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ژمارەیەک پێشنیازى گرنگ سەبارەت بە وەبەرهێنانى کشتوکاڵی دەداتە میسر |
خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ژمارەیەک پێشنیازى گرنگى خستە بەردەست کونسوڵى وڵاتى میسر کە پەیوەست بوون بە بەشدارى کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتە لە وەبەرهێنان لە سێکتەرى کشتوکاڵى لە هەرێمى کوردستان و بە سوود و بەرژەوەندى هەردوو دەشکێتەوە.
ئەمڕۆ (12/9/2019) وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم لە دیوانى وەزارەت پێشوازی كرد لە ئەحمەد حارس، كونسوڵی گشتی میسر لە هەرێمی كوردستان. لە دیدارێکدا سەرەتا كونسوڵی میسر پیرۆزبایی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی جكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی بێگەرد تاڵەبانی لە پۆستی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو. هەروەها رایگەیاند: وەزارەتی كشتوكاڵ لە پێشەكی ئەو وەزارەتانەیە كە سەردانی دەكەن لەم كابینەیەدا. داوایشی كرد لە نزیكەوە گوێیان لە سەرنج تێڕوانینەكانی وەزیر بێت دەربارەی تێڕوانینیان بۆ چۆنیەتی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.
لەو بارەیەوە وەزیر وێرای بەخێرهاتن و سوپاسگوزاری لە پای سەردان و پیرۆزباییەكەیان، بە شێوەیەكی گشتی خاڵە سەرەكییەكانی پلانی ستراتیژی وەزارەتەكەی بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ خستەڕوو.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، گفتوگۆ كرا دەربارەی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر، لەو میانەشدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتیكردەوە كە :
دەرگای ئەم وڵاتە ئاوەڵایە بۆ وەبەرهێنان چ لە كێڵگەو باخەكان و لە سەرخاكی كوردستان، چ لە وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی خۆراكی كشتوكاڵی یان هەر پرۆژەیەكی دیكە كە بەشێك بێت لە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵێ لە كوردستان و خزمەت بە گەشە كردنی ئەو كەرتە و خەڵكی كوردستان و لایەنى وەبەرهێنیش بكات. هەروەك چەند پێشنیازێكێ بۆ ئەو مەبەستە خستە بەردەست لایەنى میوان و رایگەیاند ئەگەر میسرییەكان بیانەوێ لە كوردستان لە كەرتی كشتوكاڵ وەبەرهێنان بكەن لە چەند بوارێكدا ئەزموونەكەیان یارمەتیان دەدات كە سەركەوتووبن و قازانجی باش دەستبخەن وەك چاندنی پەموو(لۆكە) كە خاكی كوردستان و كەشوهەواكەی زۆر لەبارە و میسرییەكان ئەزموونێكی گەورە و دەوڵەمەندیان هەیە لەوكارەدا. هەروەها لە پیشەسازی خۆراكی یان لە بەبازاڕكردنی بەرهەمی كشتوكاڵیدا بەتایبەت لەو بوارانەی میسر تێیاندا سەركەوتووە، وەك دروستكردنی كۆگای ساردكەرەوە بۆ هەڵگرتنی سەوزەو و میوە یان دامەزراندنی كۆمپانیای گواستنەوەو بە بازاڕكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی دەتوانن وەبەرهێنانى گەورە و گرنگ بکەن. هەروەها وەزیری كشتوكاڵ داوای كرد كونسوڵ و ستافی كونسڵخانەی میسر هاوكاربن لە راكێشانی كۆمپانیا كشتوكاڵییەكانی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ هێنان و فرۆشتنی ئامێر و تەكنەلۆژیای كشتوكاڵی بە جووتیارانی كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش سوودبەخشتر دەبێت بۆ هەردوولا كە بانكەكانی میسر لەو كارەدا بەشدار بكرێن و لە ریگەی ئەوەى ئەو کەرەستە و ئامێرانە بە شێوەى قیست بە جووتیاران بفرۆشرێن و ئەو بانکانە کارى قەرزەکان لە ئەستۆ بگرن، کە لەم رێگەیەوە هەم جووتیارى کورد و هەم کۆمپانیا و بانکە میسرییەکانیش سوودمەند دەبن. یان هەربەشدارییەكی دیكە كە خۆیان بەگرنگ و سەركەوتووی بزانن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئەو ئەوپەڕى هاوکارى و کارئاسانیان بۆ دەکات.
لاى خۆیەوە کونسوڵى میسر بە بایەخەوە پێشنیاز و سەرنجەکانى وەزیرى کشتوکاڵى وەرگرت و هیواى خواست پەیوەندى و هەماهەنگى بەردەوام بە سوودى هەردوو گەلى کوردستان و میسر هەبێت و هەردوو لا سوود لە یەکترى وەربگرن. هەروەک پێشنیازى کرد وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ پەرەپێدانى تواناى ستاف و کادیرەکانى سوود لە پەیمانگا کشتوکاڵییەکانى میسر وەربگرێت و رایگەیاند کە حکومەتى وڵاتەکەى خەرجى راهێنانى کادیرانى کشتوکاڵى کوردستان لە ئەستۆ دەگرێت.
وەزیرى کشتوکاڵ سوپاسى ئەو دەستپێشخەریەى کرد و هویاى سەرکەوتنى بۆ خواستن.
|
نوسراوه له بهروارى 12/09/2019
ئهم لاپهڕهيه 45 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|