|
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامانجی سەردانەكانی بۆ ئیتاڵیاو كۆماری ئیسلامیی ئێران روونكردەوە |
دوابەدوای گەڕانەوەی لە گەشتێكیدا بۆ هەر یەك لە وڵاتی ئیتاڵیاو كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتدا كرد، سەرەتا باسی لە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ ئیتاڵیا كرد بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو و شاندێك بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی باڵای گرنگ سەبارەت بە شێوازی پەرەپێدانی ئاوی ژێر زەوی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، لەوێدا بەڕێزیان وتەیەکی پێشکەشکردبوو، تێیدا باسی لە بارودۆخی ئاو بە شێوەیەکی گشتی و ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی تایبەتی کردبوو.ھاوکات ئاماژەی بە کێشەی ئاو کردبوو لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەتیش بە درووستکردنی بەنداوو گرتنەوەی ئاو، جەختيشی كردبۆوە كە ئاوی ھاوبەش مافێکی ڕەوای گەلانی دراوسێیە بەپێی ھەموو یاسا و عورفێکی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە ڕێکخراوی یۆنسکۆو یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆڵیان ھەبێت لە رێککەوتنی نێوان وڵاتانی دەوروبەر یاخود پرۆتۆکۆلێک لەنێوان ئەو وڵاتانە واژۆبکرێت و، یۆنسکۆش ھەوڵبدات لە ھەرێمی کوردستان ھەندێک پڕۆژەی پۆندو ئاودێری بەگوێرەی ئەو بوودجەیەی کە دەتوانێت دابین بکات. لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت ئەوەی روون كردەوە كە کۆبوونەوەکە باسی لەپلانی قۆناغی داھاتووی پڕۆژەی پەرەپێدانی ئاوی ژێرزەوی كردبوو کە لەلایەن رێکخراوی یۆنسکو بەھاوبەشیی لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدرال و چەند کۆمپانیایەکی پسپۆر بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا (٦٤٠) ھەزار دۆلار بوو لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ پرۆژەکە دابین کرا و لە قوناغی دووەميشدا( ٥) ملیۆن دۆلار لەسەر بوودجەی یەکێتیی ئەوروپاوە بۆی دابین کرا، بڕیاریشە قۆناغی دووەمی پرۆژەکە لە مانگی ئوکتوبەری ئەمساڵدا کۆتایی بێت .ھەروەھا پرۆژەیەکی دیکەی ئاوی ژێرزەوی کە بوودجەکەی زیاتر لە یەک ملیون دۆلارە لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆ و حکومەتی ھەرێم لەسەر بوودجەی ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری جێبەجێ دەکرێت و تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستانە . دواتر باسی سەردانەكەی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كردو لەم رووەوە گوتی: لەلایەن وەزیری کشتوکاڵی ئێران و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای حکومەتی تارانەوە پێشوازی لێکراوەو بە جيددی باسی لە کێشەی گرتنەوە و کەمبوونەوەی ئاوی ئەو ڕووبارانە کردووە کە لە خاکی ئێرانەوە دەڕژێنە ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بەرهمی خۆماڵیش روونی كردەوە كە داوايان لە وەزیری کشتوکاڵی ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کردبوو، کە کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی کاتێک بەرھەمێکی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتەکەیان دەکرێت ڕێگریی لێنەکرێت، هەروەها دووپاتی كردەوە كە بە ڕاشکاویی بە ئێرانیيەکانيان گوتووە کە ئەگەر ڕێگە نەدەن بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بێتە وڵاتەكەتان، ئەوا جووتیاری كوردستانيش لێناگەڕێ کە بەرھەمی ئێرانی بێتە ھەرێم، هاوكات باسی لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاداشتنامەیەکی لێكگەیشتنی دوو قۆڵی كردبوو کە لە ساڵی 2015 لە نێوان ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی ھەولێر و تاراندا واژۆ کراوەو تا ئێستا چەند بڕگە و مادەیەکی جێبەجێکراون و ھەندێکیشی ماوە کە جێبەجێبکرێت .وەزیری کشتوکاڵ ئەوەشی روونكردەوە كە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی تاران ڕێكکەوتوون کە ئەو خاڵانەی جێبەجێنەکراون، بە زووترین کات لەلایەن ھەردوولاوە ھەوڵی جێبەجێکردنی بكرێن.
|
نوسراوه له بهروارى 20/07/2017
ئهم لاپهڕهيه 473 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|