وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو رایگەیاند: هەرێمى کوردستان زەمینێکى لەبارى نایابە بۆ وەبەرهێنان لە چەندین بوارى جیادا، لە سەرووى هەموویانەوە لە بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراکى و کشتوکاڵى، چونکە کەرەستەى خاوى ئەو جۆرە پیشەسازییانە لە کوردستان زۆر و هەرزانن لە رووى نرخەوە، جگە لەوەش کوردستان و عیراق پێویستى زۆریان بە پیشەسازى خۆراکى و کشتوکاڵى ناوخۆیى هەیە، ئەم دوو فاکتەرەش ئاماژەیەکى روونن بۆ سەرکەوتن و قازانجى وەبەرهێنان لەو بوارەنەدا. لە میانى دیدارێکیدا لەگەڵ نوێنەرى ژمارەیەک کۆمپانیاى ئەمریکایى کە لە بوارى کشتوکاڵ دا وەبەرهێنان دەکەن، وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم دووپاتیکردەوە: حکومەتى هەرێم هەموو جۆرە ئاسانکارییەک پێشەکەش بە وەبەرهێنەران دەکات. هەروەک دەستخۆشى لەو چەند کۆمپانیایە کرد کە لە ماوەى ساڵانى رابردوودا لە کوردستان توێژینەوەیان کردووە لەسەر رواندنى سۆیا، وەک کەرەستەى سەرەکى دروستکردنى ئالیک، کە بە خۆشحاڵییەوە دەرئەنجامى توێژینەوەکانیان دەریخستووە کوردستان ژینگەیەکى زۆر لەبارە بۆ چاندنى سۆیا، لەومیانەشدا هەموو هاوکارى و کارئاسانییەکى وەزارەتى بۆ دووپاتکردنەوە. چ لە بوارى چاندن و بەرهەمهێنانى سۆیا، چ لە بوارى بەرهەمهێنانى ئالیک یان هەر پرۆژەیەکى دیکەى وەبەرهینان لە بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراکى و پێستەسازى و رستن و چنین. لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ (٣-٩-٢٠١٩) لە دیوانى وەزارەت بەڕیوەچوو، وەزیرى کشتوکاڵ رایگەیاند: داتا و زانیارییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ رۆڵیکى گرنگ دەبینن لە پێدانى بەرچاو روونى بە وەبەرهێنەران، بە تایبەتیش لە بوارى هەڵسەنگاندنى بڕى کەرەستەى خاوى بەردەست و نرخ، کە ئەمانەش هاوکارێکى گرنگن لە دەستنیشان کردنى جەدواى ئابوورى پرۆژەکان و ئامادەیی وەزارەتیشى دووپاتکردەوە بۆ پێشکەش کردنى زانیارى و داتاى پێویست. نوێنەرى کۆمپانیا ئەمریکاییەکان سوپاسى هەڵوێستى وەزیرى کشتوکاڵیان کرد و رایانگەیاند: بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ بڕیاردان لە جێبەجێکردنى پرۆژە لە بوارى کشتوکاڵ و پیشەسازى کشتوکاڵى و خۆراکى.
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه
چەند بڕیارێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ئاگاداریەك لە راگەیاندنی وەزارتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
هۆڵەندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵی