|
بێگەرد تاڵەبانى بەهۆى سیاسەتى کابینەى نۆیەمەوە، ژمارەیەکى زۆرى وەبەرهێنەران روو لە کەرتى کشتوکاڵ دەکە |
بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە باسى سیاسەتى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بۆ گرنگیدان بە کەرتى کشتوکاڵ ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، نیاز و تێڕوانینێکى ئەرێنى و جددى روون لە ئاستى هەرە باڵاى ئەم کابینەیەى حکومەت دا بەدی دەکرێت، بە جۆرێک کە ئەو گرنگیپێدانە بەشێکى زۆرى خەڵکى ئەم هەرێمە هەستپێکراوە. بە تایبەتیش وەبەرهێنەرانى کوردستان لە ماوەى چەند مانگى رابردوودا درکیان بەو تێڕوانین و گرنگیى پێدانە کردووە و ژمارەیەکى بەرچاویان کە پێشتر لە چەندین کایەى جیاوازدا کارى وەبەرهێنانیان کردووە، ئێستا خوازیارن روو بکەنە کەرتى کشتوکال و لەو بوارەدا دەرفەتى کاریان بۆ بڕەخسێنرێت.
کە ئەمە مایەى خۆشحاڵى و سەرەتایەکى گرنگ و باشیشە لە پێناو هەرچى زیاتر گەشەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمەکەماندا.
وەزیرى کشتوکاڵ وتیشى: تێڕوانین و ئەجێنداى حکومەت گرنگە بۆ پەرەپێدان، بەڵام بەشداریى کەرتى تايبەتى ناوخۆیی و بیانى لەم ئەرکەدا کارى گەشە و پەرەپێدانەکە خێراتر دەکات. هەر بۆیە گرنگە حکومەتى هەرێم راگرتنى هاوسەنگى لە وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا بخاتە ئەولەویەتى کارەکانى. کە ئەمەش پێویستى بە هاندان و ئاسانکارى کردن بۆ وەبەرهێنەران هەیە، تاکو زیاتر روو بکەنە کەرتى کشتوکاڵ بۆ وەبەرهێنان و بە هیممەت و کۆششى هەمووان بتوانین ئاستى وەبەرهێنانى کشتوکاڵى بەرز بکەینەوە کە بەداخەوە تا ئەمڕۆ رێژەکەى (1.6%) ى تێپەر نەکردووە.
ئەم وتانەى بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە میانى دیدارێکیدا هات لەگەڵ وەفدێکى حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، بە سەرۆکایەتى مەحەمەد حاجى مەحمود، سکرتێرى حیزبەکە. کە پێشنوەڕۆى ئەمڕۆ (٢٢/٩/٢٠١٩) سەردانى دیوانى وەزارەتى کشتوکاڵیان کرد.
لەو دیدارەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت ئامادەیبوون، سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست دیموکرات پیرۆزبایی لە بێگەرد تاڵەبانى کرد بە بۆنەى دەستبەکاربوونى لە پۆستى وەزیرى کشتوکاڵ و دەستخۆشى لێکرد لە پاى ژمارەیەک بڕیار کە بۆ پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیى و هاندانى جووتیارانى کوردستان داویەتى، لەوانە بڕیارى قەدەغەى هاوردەکردنى ژمارەیەک لە بەرهەمى کشتوکاڵى کە بڕیارەکانى بوونەتە مایەى ئەوەى جووتیارانى کوردستان لە جیاتى زەرەرمەند بوون، قازانجى بەرچاو بکەن. لەم روەوە سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست وتى: لەو ناوچانەى بە بەرهەمى هەنار بەناوبانگن بەهۆى بڕیارەکەى وەزیرى کشتوکاڵەوە رێژەى داهاتى ئەمساڵی خاوەن باخەکان بە بەراورد بە ساڵانى رابردوو بە رێژەى نزیکەى ١٠٠% زیادیکردووە. هەروەک بە پێویستى زانى کە وەزارەتى کشتوکاڵ لەم کابینەیەى حکومەتدا لە چوارچێوەى بەرنامەکانی بۆ پێشخستنى کەرتى کشتوکاڵ بایەخى زیاتر بدات بە دروستکردنى بەنداو و گۆماو و کەناڵى ئاودێری، لەگەڵ ئاسانکاریی کردن بۆ جووتیاران و خاوەن پرۆژە کشتوکاڵییەکان لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامێر و کەرەستەى کشتوکاڵى پێشکەوتوو و هاوچەرخ بۆ ئەوەى بە کەمترین دەستى کارو لە کەمترین رووبەردا زۆرترین بەروبوومى کشتوکاڵى رەنێوبهێنرێت.
هەر لە میانى دیدارەکەدا وەزیرى کشتوکاڵ کورتەیەکى لە بارەى پلانى ستراتیژى وەزارەت باس کرد و دووپاتى کردەوە کە ئەوپەڕى کۆشش دەکەن بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەیان.
|
نوسراوه له بهروارى 22/09/2019
ئهم لاپهڕهيه 134 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|