|
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا.. وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رۆشنایی خستە سەر چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەت لە تەمەنی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا |
ئەمڕۆ بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دەست بەكاربوونی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەرجەم كەناڵەكان و میدیاكان سەبارەت بە چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەت سازكرد، سەرەتا باسی لە رەوشی ئێستای هەرێم و قەیرانەكانی بەردەم حكومەت كردو هیوای خواست بە سازان و رێككەوتن هەموو قەیران و كێشەكان چارەسەر بكرێت، دواتر هاتە سەر چالاكی و چاكسازی و پڕۆژەكانی وەزارەت، لەم رووەوە ئاماژەی بەوە كرد كە كوردستان خاوەنی 18 ملیۆن دۆنم زەویی كشتوكاڵی دێم و بەراوو دارستان و رەزگەری و پاوانە، ئەركی وەزارەتیش دوو لایەنەیە، یەكەم دابینكردنی ئاسایشی ئاو بۆ كشتوكاڵ و گەشت وگوزار، دووەمیان دابینكردنی ئاسایشی خۆراكی رۆژانەیە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، دەربارەی پڕۆژەی بەنداوەكانیش وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە لە ئێستادا 12 بەنداوی گەورەمان هەیە كە توانای داكردنی پتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە ئەگەر ئاوی پێویست هەبێت، هەروەها 91 پۆندیش هەیە كە توانای دابینكردنی پتر لە 17 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، جەختی لەوەش كردەوە كە 24 بەنداوی دیكەش لە بەرنامەو دیزایین و جێبەجێكردندان، سەبارەت بە پڕۆژەی ئاودێری ئاماژەی بەوە كرد كە 91 پڕۆژەی ئاودێری تەواوكراوەو كە توانای بەراوكردنی 10170 دۆنم زەویان هەیە، سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانیش لە وەزارەت دووپاتی كردەوە كە هەموو سێشەممووان وەزارەت لە نزیكەوە چاوی بە جووتیار و هاووڵاتیان دەكەوێت و لە كێشەو داخوازیەكانیان دەكۆڵێتەوە، وێڕای سەردانی كردنی جووتیاران لە هەموو دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە باسی لە كڕینەوەی گەنمی باوەڕپێكراو و دابەشكردنی بە پاڵپشتی 30% بەسەر جووتیاراندا كرد، وێڕای دابینكردنی قڕكەر بە بەهای پتر لە 3 ملیۆن دۆلار بۆ جووتیاران، هاوكات بە پتر لە یەك ملیۆن دۆلار پاڵپشتی بنەتۆی پەتاتە، دەربارەی بەرهەمی خۆماڵی وەزارەت بڕیاری دا روونی كردەوە كە بۆ پارستنی ئەم بەرهەمە باج لەسەر هاوردەی دەرەوە دانراوە لەو كاتەی كە بەرهەمی خۆماڵی پێدەگات، لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا رۆشنایی خستەسەر ئەو چاكسازییە ئیدارییانەی كە وەزارەت لەم ماوەیەدا ئەنجامی داوە، لەوانە دانانی سیستەمی نوێ بۆ دانانە و پەسندكردنی پۆستە ئیدارییەكان و راهێنانی فەرمانبەران لە ناوخۆو دەرەوەدا و خوێندنی فەرمانبەرانی لە زانكۆكانی كوردستان و دەوڵەتاندا، ئەمە سەرباری گۆڕین و هەمواركردنی یاساو رێنماییەكان و ئەنجامدانی رێكەوتنامەی لێكگەیشتن لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا بیانییەكان تایبەت بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو لایەنانە لە بواری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
|
نوسراوه له بهروارى 10/08/2015
ئهم لاپهڕهيه 1041 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
ڤيديۆى تايبهت بهم بابهته
|
|
|
|
|