|
لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لق و هۆبەكانی كشتوكاڵیی هەولێر جەخت لەسەر بەجێهێنانی ئەرك و بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی جووتیاران كرایەوە |
بەڕێزعەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ سەرۆك لق و هۆبە و بەشەكانی كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر كرد، لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و پلان و زەوی وزارو كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر ئامادەی بوو، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی لە پابەندبوون بە یاساو رێنماییەكانی وەزارەت كردەوە لەرووی ئیداری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەكان، لەم رووەوە دووپاتی كردەوە كە لق و هۆبەكانی كشتوكاڵی لە قەزاو ناحیەكاندا ئەركی سەرشانیانە لە نزیكەوە لە كێشەو داواكاریی جووتیاران نزیك ببنەوە، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەكەموكورتی لق و هۆبەكان كرا لە رووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە لەم بارەوە تەئكیدكرایەوە كە پێویستە دادپەروەری و یەكسانی رەچاوبكرێت لە پێشكەشكردنی هەموو ئەو یارمەتی و خزمەتگوزارییانە بە جووتیاران و بۆ ئەم مەبەستەش داواكرا كە هەرلق و هۆبەیەك لەلای خۆیانەوە جووتیاری نموونەیی دەست نیشان بكەن تاكو وەك هاندانێك بێت بۆ زیاتر پەیوەندیی نێوان جووتیار و زەوی و بەرهەمهێنان، هاوكات ئاماژە بە هەندێ كێشەی پەیوەست بە زەوی وزاری كشتوكاڵی كرا لە رووی زێدەڕۆییەوە جەختیشكرایەوە كە بەهەموو توانایەك بەپێی رێنماییەكان رێگە لەم زێدەڕۆییانە بگیرێت و لق و هۆبەكانیش رۆڵی كارامەی خۆیان لەم بارەوە بگێڕن، سەرەڕای باسكردنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئەركەكانی لق و هۆبەكان لە رووی دابەشكردنی قڕكەرو گەنمی پەسندكراو لە كاتی خۆیاندا و كاركردن بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت، هەروەها ئەنجامدانی هەڵمەتەكانی كوتانی ئاژەڵ، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە هەموو لایەك هاوكاربن بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەی هاووڵاتیان و جووتیاران كە لەلایەن لیژنەی بەدواداچوونی كێشەكانی وەزارەت هەموو رۆژانی سێ شەممە باس دەكرێن، لەلای خۆشیانەوە بەرپرس و سەرۆكی لق و هۆبەكان پێداویستی و كەموكوڕییەكانی خۆیان خستە ڕوو لەلایەن ئامادەبووانەوە بە تێروتەسەلی باسیان لێوە كرا. هەر ئەمڕۆ بەڕێزعەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی كرد لە مستەفا یەلماز بەرپرسی بەشی پەلەوەڕ لە وەزارەتی ئابووریی توركیا، لە دیدارێكدا باس لە پڕۆژەكانی پەلەوەڕ و چۆنییەتی هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی ئابووریی توركیا بۆ رێكخستنی بەرهەمەكانی پەلەوەڕ كە هاوردەی كوردستان دەكرێن، لە لایەكی دیكەوە جەختكرایەوە لەسەر پەیوەندیی كۆمپانیاكانی كوردستان ئەوانەی لەم بوارەدا كاردەكەن لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان لەپێناو خزمەتكردنی بەكاربەرو بەرژەوەندیی هاوبەشدا، شایانی باسە لەم دواییەدا شاندێكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە سەرۆكایەتی بەڕێزعەبدولستار مەجید سەردانی توركیایان كردبوو چاویان بە بەڕێز مەهدی ئەکەر وەزیری کشتوکاڵ وخۆراك و سامانی ئاژەڵی تورکیا و بەرپرسان كەوتبوو لەسەر چەندین خاڵی هاوكاری و كاری هاوبەش رێكەوتبوون كە ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ زیاتر هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوو لا.
لەلایەكی دیكەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی كرد لە شاندێكی كۆمپانیای بازرگانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە پێكهاتبوو لە غەفار محەمەدی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئیداپەردازان بەرپرسی ژووری بازرگانیی كرماشان و ئامانوڵاخان نوێنەری كۆمپانیای فولادی موبارەكەو خاتوو شەوبۆ بەڕێوەبەری بازرگانی و ئەحمەد ئاجودانمی بەرپرسی پەیوەندییەكان لە كۆمپانیای فولادی موبارەكە، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بە پەوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد لە رووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كشتوكاڵی و لەم بارەیەوە جەختی كردەوە كە دوای سەردانەكەی شاندی باڵای وەزاەت بۆ ئەو وڵاتەو دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵادا لەئێستادا هاوردەكردن و ئاڵوگۆڕی كاڵاو بەروبوومەكانی كشتوكاڵی بە شێوەیەكی رێكوپێك لە مەرزو خاڵە سنوورییەكان بەڕێوەدەچێت، هاوكات ئاماژەی بە هەموو ئاسانكارییەك كرد بۆ كۆمپانیا ئێرانییەكان تاكو رۆڵی خۆیان لە بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستاندا ببینن.شاندی میوانیش لەلای خۆیانەو ستایشی رۆڵی وەزیرو بەرپرسانی وەزارەتیان كرد بۆ هەموو دەرفەتێكی كارئاسانیی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.
|
نوسراوه له بهروارى 16/04/2015
ئهم لاپهڕهيه 526 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|