كه‌ش و هه‌وا    كوردى    عربي    04 / 10 / 2020 10:49 AM
وەزیرى کشتوکاڵ پێشوازی لە جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق کرد

بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو رایگەیاند: ئەو وێرانکارییانەى بەسەر کەرتى کشتوکاڵى کوردستاندا هێنراون هێشتا کاریگەرییە نەرێنییەکانیان ماوە و ئاستەنگى زۆریش هەن لە رێی پەرەپێدانى ئەو کەرتە، بەڵام بوونى نییەتێکى راستەقینەى کابینەى حکومەتى هەرێم بۆ پەرەپێدانى کشتوکاڵ و کردنى بەیەکێک لە پایە سەرەکییەکانى ژێرخانى ئابوورى هەرێمەکەمان ئومێدبەخش و هاندەرێکى گرنگە بۆ کارکردن لە پێناو ئەو گەشەپێدانە. لە میانى دیدارێکیدا لەگەڵ د. بەشیر حەداد، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق، کە ئەمرۆ (٣-٩-٢٠١٩) لە دیوانى وەزارەتى کشتوکاڵ بەڕیوەچوو. بێگەرد تاڵەبانى وتیشى: چاوەڕوانى زۆرمان هەیە لە تیمى کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و دامەزراوە دەوڵەتییەکانى دیکەى عیراق، پشتیوان و هاوکارێکى گرنگى حکومەتى هەرێم بن لە چارەسەر کردنى کێشە و گرفتەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بەدەستهێنانەوەى ئەو مافانەى کوردستان کە لەلاى بەغدان، بە تایبەتیش لەو مەسەلە و دۆسیانەى پەیوەندییان بە سێکتەرى کشتوکاڵەوە هەیە، هەروەک ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە هەرێمى کوردستان و بەغداش پێویستى زۆریان بە پێداچوونەوەى پەیوەندییەکانیان و هێنانە کایەى قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندى دروست و توندوتۆڵ هەیە، لەو میانەشدا وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پشت بە نوێنەرەکانى خەڵکى کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەبەستێت، هەم لە رێکخستنەوەى پەیوەندییەکان، هەم لە دەستەبەرکردنى پشکى هەرێم لەو پرۆژانەى لە نەفەقەى سیادى عیراق و قەرز و بەخششە نێودەوڵەتییەکان پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت. لە مەسەلەى دەرکردنى یاساکانى پەیوەست بە کشتوکاڵ و بەنداوەکان و ئاودێریش، وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم داواى کرد نوێنەرەکانى کوردستان هەمانگى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و پەرلەمانى کوردستان بکەن چ لە رووى ئاگاییەوە، چ لە رووى لەبەرچاوگرتنى خواست و بەرژەوەندى و تایبەتمەندییەکانى هەرێمى کوردستان و لەبەرچاوگرتن و جێکردنەوەیان لە یاساکاندا، بەو پێیەى هەرێمیش پابەندە بە جێبەجێکردنیان. جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراق، وێراى پیرۆزبایى کردن لە خاتوو بێگەرد تاڵەبانى بەبۆنەى دەستبەکاربوونى لە پۆستى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، رایگەیاند: بوونى رەگەزى مێ لە پۆستە باڵاکانى هەرێمدا مایەى دڵخۆشى و گەشبینیە، دووپاتیشى کردەوە کە ئەوان وەک تیمى نوێنەرایەتى کوردستان لە بەغدا ئەوپەڕى هاوکار و پشتیوان دەبن لە بەدەنگەوە هاتنى هەموو داواکاریی و پێویستییەکانى هەرێمى کوردستان و درێغی ناکەن لە ئەداکردنى ئەرکەکانیان و فاکتەرێکى چاکەکار دەبن لە فەراهەمبوونى یەکسانى نێوان هەموو پێکهاتەکانى عیراق، هەروەک ئاماژەى بۆ ئەو کۆششانە کرد کە کردوویانە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنى ماف و پشکى هەرێم ئەوانەى لە بەغداوە دەبێت دەستەبەر بکرێن. داوایشى کرد لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ دامەزراوە دەوڵەتییەکانى بەغدادا تیمى نوێنەرانى کوردستان لە بەغدا ئاگادار و بەشدار بکرێن، بۆ ئەوەى ئەوانیش شارەزایی و ئاگایى خۆیان بخەنە خزمەت خەڵکى وڵات و هاوکار بن لە بەدواداچوونى کارەکان. لە بەرامبەردا وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، سوپاسى سەردان و هەڵوێستەکانى جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عیراقى کردو دووپاتیکردەوە کە لە داهاتوودا سەردانى بەغدا دەکەن بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى حکومەتى عیراق و لەو میانەشدا هەم ئاگادارى نوێنەرانى کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەن و هەم پشتیان پێدەبەستن بۆ بەدواداچوونى کار و جێبەجێکردنى بەڵێن و راسپارەدەکان.

نوسراوه‌ له‌ به‌روارى 03/09/2019       ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ ‌ 84 جار بينراوه‌

-  ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه‌ چاپ بكه‌  

ئێمه‌ له‌ فه‌يسبووك
ئێمه‌ بدۆزه‌وه‌
بۆ په‌يوه‌ندى
به‌داله‌: 6512 229 066 / 6513 229 066 / 6514 229 066
به‌شى په‌یوه‌ندییه‌كان: 1294 414 0750
به‌شى راگه‌یاندن: 9625 446 0750
ئيمێڵى وه‌زاره‌ت : info@krg-moawr.org
لينكى پێويست
مافى پارێزراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ----------------------- Designed by IT Department