|
وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەیەک پرۆژە یاسای نوێ دەداتە پەرلەمانی کوردستان |
بێگەرد تاڵەبانی، رایگەیاند: لیژنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوژمارەیەک پرۆژە یاسای نوێی تایبەت بە رێکخستنەوەی زیاتری کاروباری وەزارەتەکە و باشتر و خێراتر کردنی پرۆسەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیان ئامادە کردووە و بەمزووانە لە رێگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رادەستی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆ و پەسەند کردنیان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داوایشی لە لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان کرد هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن، بەوەی دەرفەتی زیاتر برەخسێنن بۆ پێشکەش کردنی پرۆژە یاسای نوێ وهەمواری ژمارەیەک لەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن لە هەرێمی کوردستان دا.
ئەم وتانەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ ١٦/٩/٢٠١٩ لە میانی کۆبوونەوەیەکی دا هات لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان. کە لە دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ زەرورەتی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان وەزارەت و پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەتیش لیژنەی کشتوکاڵ کرد. داوایشی کرد لیژنە پەرلەمانییەکە بەردەوام چاودێری و بەدواداچوون بۆ کاروباری وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن و ئەو پەڕی ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ ئەو مەبەستە دووپاتکردەوە. هەروەک ئاماژەی بۆ ئەنجامی کاری ئەو لیژنانە کرد کە وەزارەت پێکیهێناون بۆ ئامادە کردنی ژمارەیەک پرۆژە یاسای نوێی تایبەت بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و هەمواری ژمارەیەک یاسای تر، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی وەزارەت بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و لابرنی ئەو لەمپەر و کێشە و گرفتانەی لە رێی ئەو گەشەپێدانە لە ئارادان.
بێگەرد تاڵەبانی، داوایشی لە لیژنە پەرلەمانییەکە کرد، تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبەرچاو بگرن و ماوەیەکی زۆرتر لە کاتی یاسایی دیاریکراو بۆ پێشکەش کردنی پرۆژە یاساکان بە پەرلەمانی کوردستان بدەنە وەزارەتی کشتوکاڵ و لەو چوارچێوەیەدا هاوکارییەکەیان بریتی بێت لەوەی دوای ماوە دیاریکراوەکەش ئەو پرۆژە یاسایانە وەربگرن کە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ کاری ئامادەکردنیان و رێکارە یاساییەکانی پێشکەش کردنیان بە پەرلەمان تەواو دەبێت.
دواتر لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان باری سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لە بارەی چەند مەسەلەیەکی پەیوەست بە کەرتی کشتوکاڵ و کاروباری وەزارەت خستە روو، لەگەڵ پیشکەش کردنی ژمارەیەک پێشنیا. لە لایەن بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە وەڵام و زانیاری پێویستیان پێشەکەش کرا.
هەروەک میکانیزمێکی خێرا بۆ پەیوەندی بەردەوامی نێوان هەردوولا دەستنیشان کرا، لە پێناو هەرچی باشتر رایی بوونی ئەرکی هەر یەک لە دوو لایەنی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە و هەماهەنگی بەردەوام.
|
نوسراوه له بهروارى 16/09/2019
ئهم لاپهڕهيه 106 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|