|
بێگه‌رد تاڵه‌بانى، وه‌زیری كشتو‌كاڵى هه‌رێم: بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی مایەی شانازییە |
بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامەى “زه‌مه‌ن” باس له پلانه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌كات بۆ په‌ره‌پێدان به كه‌رتى كشتوكاڵ‌و ده‌ڵێت: پلانه ستراتیژییه‌كه له قۆناغى ته‌واوبووندایه‌و به‌مزووانه ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كرێت. ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:
ستراتیژیەتی كشتوكاڵ
بێگه‌رد تاڵه‌بانی، ده‌رباره‌ی پلان‌و ستراتیژییه‌تی وه‌زاره‌كه‌ی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، وتى: “ورده‌كاری پلانێكی ستراتیژی ئاسان نییه لێره‌دا بیخه‌ینه‌ڕوو، چونكه ئێمه ئێستا له قۆناغی ئاماده‌كردنی پلانی چوار ساڵه‌ی وه‌زاره‌تداین‌و دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی پلانی ستراتیژی ده‌خرێته به‌رده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران”.
بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی وت: “ئێستا ئێمه له دوا قۆناغی هه‌ڵسەنگاندنی پلانی ستراتیژی وه‌زاره‌تداین، هه‌موو ئه‌و ۆرك شۆپ‌و دیدار‌و راوێژانه‌ی كراون به‌مه‌به‌ستی داڕشتنی پلانی ستراتیژی كۆكراونه‌ته‌وه‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا دوا پاكێجی پلانەکە ئاماده ده‌بێ‌و دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی راوێژكاری وه‌زاره‌ته‌وه راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت، پاشان ده‌توانین هه‌نگاوی كرده‌یی بنێین بۆ په‌سه‌ندكردنی”.
زه‌وی كشتوكاڵیی
وه‌زیری كشتوكاڵ، ئاماژەی بەوەشدا ئه‌وان وه‌ك وه‌زاره‌ت پلانیان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان”پلانمان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان به هه‌موو پۆله‌كانیانه‌وه كه ئه‌مه بۆ جوتیاران كێشه‌یه‌كی گه‌ورەیه، له‌گه‌ڵ لابردنی ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ی كراونه‌ته سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان”.
بازاڕ بۆ به‌رهه‌می ناوخۆ
بێگه‌رد تاڵه‌بانی، باس له ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان ده‌كات‌و ئاماژه به‌پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ده‌كات بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جوتیارانی هه‌رێم.
وه‌زیری كشتوكاڵ، له‌مڕووه‌وه وتى: “به‌رهه‌می كشتوكاڵی ناوخۆیی له‌ئاستێكدایه مایه‌ی شانازیی‌و دڵخۆشییه، به‌ڵام په‌یداكردنی بازاڕ‌و رێكخستنه‌وه‌ی داچاندن‌و به‌رهه‌مهێنانی پێویسته”.
وه‌زیری كشتوكاڵ باس له یه‌كێك له كێشه‌كانی به‌رده‌می جوتیارانی هه‌رێم ده‌كات‌و ده‌ڵێت: “به‌داخه‌وه جوتیارانی هه‌رێم ساڵانه ته‌نیا یه‌كجار سوود له زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان وه‌رده‌گرن بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومی كشتوكاڵیی، بۆیه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كان له وه‌رزێكی دیاریكراودا پێكه‌وه ده‌كه‌ونه بازاڕ‌و له پێویستی ناوخۆیی زیاتر ده‌بن‌و نرخه‌كانیان به‌جۆرێك هه‌رزان ده‌بێ كه جوتیار زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ لێی نەک قازانج بکات”.
وه‌زیری كشتوكاڵ ده‌ڵێت: “به‌هۆی ئه‌وه جوتیاران له‌یه‌ك كاتدا به‌رهه‌مه‌كانیان پێده‌گات بۆیه قازانجێك ناكه‌ن كه مایه‌ی هاندان‌و به‌رابه‌ری ماندووبوون‌و ره‌نجكێشانه‌كه‌یدابێ، بۆیه ده‌مانه‌وێ داچاندن به‌پێی پلانبێ كه هه‌مه‌چه‌شنی له به‌رهه‌م دروست بكات، له‌بری ئه‌وه‌ی له دوو سێ جۆر به‌رهه‌م ئه‌وه‌نده زۆربێ كه له پێویستی بازاڕی ناوخۆیی زیاتربێ‌و له‌چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ش كەممان هه‌بێ‌و ناچاری هاورده‌كردن بین”.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی جوتیاران له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه وه‌زیری كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌م شێوه‌یه پلانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خسته‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه‌و ده‌ڵێت: “ده‌مانه‌وێت به‌سوود وه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیاو رێگا نوێیه‌كانی په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ وابكه‌ین جوتیارانی كورد بتوانن ساڵانه زیاتر له یه‌كجار له زه‌وییه‌كانی وه‌ربگرێت بۆ داچاندن‌و به‌رهه‌مهێنان”.
ده‌رباره‌ی گرفتی نه‌بوونی بازاڕ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وتی: “ئێمه بۆ ئه‌و گرفته چه‌ند رێگه‌چارەیەكمان ده‌ستنیشانكردووه‌و كه بتوانین له‌گه‌ڵ لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌مه‌ش لەڕێی هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌كه‌رتی كشتوكاڵ كار بكه‌ن‌و ئێمه‌ش ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بكه‌ین وه‌به‌رهێنه‌ران بتوانن كارگه‌ی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی خۆراكی له‌هه‌رێم دابمه‌زرێنن تا بتوانرێ به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان ساغ بكرێنه‌وه“.
وه‌زیری كشتوكاڵ زیاتر له‌باره‌ی چاره‌سه‌ره‌كانه‌وه دواو وتی: “یه‌كێك له رێگه‌چاره‌كانی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان بریتیه له دروستكردنی كۆگای ساردكه‌ره‌وه بۆ هه‌ڵگرتن‌و پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی كه ئه‌مه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومی كشتوكاڵی ناوخۆیی بپارێزین‌و وا بكه‌ین جوتیار قازانجی پێویست بكات. خه‌ڵك زۆرتر روو بكاته‌وه كه‌رتی كشتوكاڵ”. به‌وته‌ی وه‌زیری كشتوكاڵ یه‌كێكی دیكه له رێگه‌چاره‌كان بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جوتیاران هاندانی بازرگانانی هه‌رێمه كه بتوانن له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌دوای بازاڕدا بگه‌ڕێن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی
ده‌رباره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌می هاورده له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می جوتیارانی كورد، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: “قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی هه‌ندێك به‌روبوومی كشتوكاڵیی، بێجگه له‌پابه‌ندی ئەخلاقیمان به‌پاراستنی به‌روبوومی ناوخۆیی‌و جوتیاره‌كانمان، به‌پێی یاساش پابه‌ندین به‌پاراستنی به‌روبوومی ناوخۆیی، بۆیه هه‌ركات زانیمان به‌رهه‌مێك له‌ئاستی پێویستی ناوخۆیی هه‌رێم پڕ ده‌كاته‌وه رسوماتی گومرگی له‌سه‌ر به‌رهه‌می هاورده‌كراو زیاد ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و زیاد كردنه نه‌بووه چاره‌سه‌ری هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كه ئه‌وكات قه‌ده‌غه‌یان ده‌كه‌ین تا ئه‌و كاته‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی ناتوانێ پێویستی بازاڕه‌كانمان پڕ بكاته‌وه“.
وه‌زیری كشتوكاڵ ده‌ڵێت: بڕیاره‌كانیان تا ئه‌و كاته به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن كه جوتیاران لێی سودمه‌ندبن‌و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌و ماوه‌یه‌دا ساغ بكه‌نه‌وه، له‌هه‌مان كاتدا نه‌بێته خۆی زیادبوونی نرخ له‌سه‌ر به‌كاربه‌ران.
ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی به‌روبومی كشتوكاڵیی، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: “ئه‌مساڵ دوو بڕیارمانداوه یه‌كه‌میان بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاورده‌كردنی ته‌ماته بوو كه تا ئاستێكی باش ئامانجه‌كه‌ی پێكا، بڕیاری دووه‌میش قه‌ده‌غه‌ی هاورده‌كردنی هه‌ناره له‌وه‌رزی پێگه‌یشتنی هه‌ناری ناوخۆیی”.
|
نوسراوه له به‌روارى 25/9/2019
ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه 69 جار بينراوه
- ئه‌م لاپه‌ڕه‌يه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|