|
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رەوشی كشتوكاڵی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیانی بەسەركردەوە |
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ياوەريی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت سەردانی پارێزگای سلێمانی كردو لە بینایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرس و فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە سەرپەرشتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی بەڕێوەەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی كرد لەنێوان بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو فەرەیدون عومەرو بەڕێوەبەری گشتيی تازە شاڵاو جەمال، لە وتەیەكدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ستایشی رۆڵی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی كرد لە بواری خزمەتكردن و ئەنجامدانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و هاوكاریكردنی لەگەڵ فەرمانبەرو جووتیاران و دامودەزگا پەیوەندیدارەكاندا و جەختیشی كردەوە كە پێویستە بەڕێوەبەری گشتیی تازە درێژەپێدەری ئەو پلانانە بێت و زیاتر هەوڵ بدات رەوشی كشتوكاڵ لە پارێزگاكە بەرەوپێشەوە ببات، لە هەمان رۆژدا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردو لە میمیمۆنتی شەهیدان لەلایەن عەبدولڵا نەوڕۆڵی پارێزگار و بەرپرسانی فەرمانگە كشتوكاڵییەكان و بەرپرسانەوە بە گەرمييەوە پێشوازی لێكرا، دواتر گەشتێكیان بە نێو میمیمۆنتەكەداو هۆڵەكانی نمایشی ئەو كارەساتەدا كرد لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بۆ میدیاكار و كەناڵەكانی راگەیاندن ئەم سەردانەی بەوە وەسفكرد كە یادكردنەوەی ناسۆری و لەبیرنەكردنی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر گەلی كورددا هات بە تايیبەتی رۆڵەكانی ئەم شارە خۆڕاگرەو هیوای شادبوونی رۆحی قوربانیانی ئەو كیمیابارانەی بە بەهەشت لە خوای گەورە خواست و وەڵامی پرسیارەكانی راگەیاندكارانی دایەوە تایبەت بە رەوشی كشتوكاڵ و ئامانجی سەردانەكەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە، هەر ئەو رۆژە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە و هۆبەی فێتێرنەریی كرد و لەنزیكەوە گوێی لە كێشەو پێداویستی و پلانەكان گرت، لە ناحیەی سیروانیش لەگەر جووتیارانی دەڤەرەكە كۆبۆوەو بە داواكاری و گرفتەكانی جووتیاران ئاشنا بوو، سەردانی قایمقامییەتی هەڵەبجەو دیداری لەگەڵ ئەركان حەسەن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری بڕگەیەكی دیكەی سەردانەكەی وەزیر بوو بۆ ناوچەكە، ئينجا لەگەڵ فەرمانبەرانی كشتوكاڵی هەڵەبجە كۆبۆوەو سەرۆك بەش و هۆبەكان چالاكی و راوسەرنجی خۆیان لەسەر رەوشی كشتوكاڵ و ئاودێری و ڤێتێرنەری پارێزگاكە خستەڕوو، لە كۆتایی ئەو سەردانەشدا لە قەزای سەید سادق لەگەڵ جووتیارانی ئەو ناوچەیە كۆبۆوە.
بۆ رۆژی دواتر وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رێورەسمی كردنەوەی سایلۆی سەید سادق- شانەدەری ئامادە بوو كە بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرو پەرلەمانتارانی كوردستان و بەرپرسان بەڕێوەچوو، ئەم سایلۆیەش كە 40 هەزار تەن گەنم دەگرێت و بە تێچووی 12 ملیۆن دۆلار لەلایەن كۆمپانیای هیوا رەئوف تەواوكراوە، هەنگاوێكی گرنگە بۆ یارمەتیدانی جووتیارانی دەڤەرەكە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەشێكی وتەكەیدا رۆڵی وەزارەتی كشتوكاڵی بەرزنرخاند لە دابین كردنی ئاسایشی خۆراك و ئاو هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵ، هەمان رۆژ بەڕێز عەبدولستار مەجید و شاندی یاوەری سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كردو سەرەتا لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی سەڵاح كوێخاو قایمقامی كەلارو بەرپرسانی كشتوكاڵ، سەرپەرشتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیانی كرد لەنێوان بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو رەحیم حەمید و بەڕێوەبەری گشتيی تازە شادان حوسێن عەباس، لە وتەیەكدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ستایشی رۆڵی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی كرد لە بواری خزمەتكردن و ئەنجامدانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و هاوكاریكردنی لەگەڵ فەرمانبەرو جووتیاران و دامودەزگا پەیوەندیدارەكاندا لەم ناوچەیەدا، لە وتەیەكیدا ئەم شێوازە ئاڵۆگۆڕەی پۆستانەی بە شتێكی ئاسایی وەسف كردو هیوای خواست كە ببێتە هاندەر بۆ زیاتر برەودان بە كشتوكاڵی گەرمیان كە ناوچەیەكە تایبەتمەندیی و گرنگیی خۆی هەیە كە زیاتر شایانی خزمەتكردنە. هەر لە درێژەی سەردانەكەی بۆ گەرمیان بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئیداری و كشتوكاڵی، كۆمەڵەی ساردكەرەوەی كەلار- رزگاری كردەوە بۆ هەڵگرتنی بەروبوومی كشتوكاڵی، كە لە رێی پاڵپشتی قەرزی كشتوكاڵەوە لەلایەن دوو كەسایەتيی كەرتی تایبەتەوە دامەزراوە، ئەم كۆمەڵگەیە 4 هۆڵ لە خۆدەگرێت كە هەر هۆڵێك توانای هەڵگرتنی 2 هەزار تەن بەروبوومی سەوزەو میوەی هەیە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەم پڕۆژەیەی بەرزنرخاندو هیوای خواست كە هەنگاوێك بێت بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی و جووتیارانی دەڤەرەكەش سوودی لێ ببینن و زیاتر پارێزگاری لە بەروبوومەكانیان بكەن بە تایبەتی لەو وەرزانەی كە هەندێ لەو بەروبوومانە روو لە كەمی دەكەن تاكو ركابەریی بەروبوومی هاوردە بكات،هاوكات وەڵامی چەندین پرسیاری دیكەی پەیوەست بە كشتوكاڵی دایەوە.
|
نوسراوه له بهروارى 29/05/2015
ئهم لاپهڕهيه 1068 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|