|
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەنزیكەوە رەوشی كەرتی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆكی بەسەركردەوە شوێنى سهردانيكراو : دهوك |
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای وەزارەت كە لە ژمارەیەك بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بە یاوەریی هەر یەك لە بەڕێزان بەشار موشیر و زیاد حوسێن ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی بارەگای پارێزگای دهۆكی كردو لەلایەن بەڕێز فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك بەگەرمی پێشوازی كران، لە دیدارەكەدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی دهۆك باس لە كێشەو گرفتەكانی كشتوكاڵ لە سنووری پارێزگاكە و چۆنێتیی چارەسەركردنیان و هەماهەنگیی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگا لەگەڵ دامەزراوەكانی وەزارەت تایبەت بە پاراستنی بەروبوومی جووتیاران و قەدەغەكردنی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكان و بە پێی پێویست و رێنماییەكانی تایبەت بە هاوردەكردنی بەرهەم لە دەروازەكانی سنووری پارێزگاكە كرا،هاوكات ئاماژە بە ئاریشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە وەرزی دروێنەی ئەم ساڵ كرا، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە لە ئێستادا كەرتی كشتوكاڵ هەنگاوی بەرچاوی هەڵێناوە، چارەسەركردنی كێشەی زێدەڕۆیی سەر زەوییەكانی كشتوكاڵ لەلایەن دەزگا پەیوەندارەكانەوە جەختی لەسەركرایەوە، لە تەوەرێكی دیكەدا ئاماژە بە چەندین پرۆژەی ئاودێری كرا لە سنووری پارێزگاكە بە سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرزەویی كە بەشێكی بە پارێزگاكەدا گوزەردەكات تاكو جووتیاران سوودی لێ وەربگرن، لەوانە هەندێكیان دیزاین و رەزامەندیی فەرمییان بۆ دەرچووە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە راگیراون، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆك وەڵامی چەندین پرسیاری پەیوەست بە كەرتی كشتوكاڵ و پڕۆژەكانی دایەوە.
هەر لە درێژەی سەردانەكەی بۆ دهۆك، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی دهۆكی كردو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرو كارمەندان بە چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاشنابوو لەوانە هەڵمەتەكانی ڤاكسین و گەشەپێدانی كاری تاقیگەكان و پشكنینی نەخۆشییەكان و بەدواداچوونی شوێن و فرۆشگاكانی گۆشت و كارگەكان، لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ جەختی لەسەر هەوڵی قەدەغەكردنی هاتنەژوورەوەی ئاژەڵی قاچاغی كردەوە چونكە نەخۆشی و پەتا بۆ هەرێم دەگوازێتەوە، هەر لەم گەشتەیدا هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان و بەشی سامانی ئاژەڵی دهۆكی بەسەركردەوەو گوێی لە ئاریشەو پێشنیارو چالاكییەكانیان گرت و دووپاتی كردەوە كە بڕیاردراوە هەڵمەتێكی فراوان دەست پێ بكرێت بۆ پاراستنی دارستان و پاوان لە مەترسیی سووتان بە هاوكاریی هاووڵاتیان و دامەزراوەكانی دیكەی حكومەت، دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆكی كردو بە ئامادەبوونی شاندی یاوەریی چاوی بە سەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەی پەلەوەڕو هەندێ لە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەڕ كەوت، سەرەتا ئاماژەی بە بڕیارەكەی وەزارەت كرد كە نابێت لە بازاڕدا مریشكی زیندووی زیاد لە كێشی دوو كیلۆیی بفرۆشرێت، كە ئەمە هەم لە رووی تەندروستییەوە بۆ هاووڵاتیان سوودی هەیە، هەمیش بۆ خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەڕ، لەم رووەوە گوێی لە هەندێ بۆچوون و پێشنیار گرت تایبەت بەم بڕیارە لە لایەن ئامادەبووانەوە كە بەهەند وەرگیران، دواتر بە ئامادەبوونی شاندی یاوەری لەگەڵ بەڕێوەبەرو سەرۆك بەشەكان و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك كۆبۆوە، سەرەتا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەكەی كرد كە هاتوون بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە رەوشی خزمەت و چالاكیی فەرمانگەكانی كشتوكاڵی دهۆك ئاشنابن، لە تەوەرێكی دیكەشدا روونی كردەوە كە وەزارەتی كشتوكاڵ نەك هەر وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە بەڵكو سیادیشە چونكە قووت و ژیانی خەڵكی پێوە بەندە، بۆیە دەبێ بە هەموو لایەك بایەخی پێبدرێت، جەختیشی لەسەر رەفتارو هەڵسوكەوتی باشی بەرپرسان و فەرمانبەرانی دەزگاكانی سەر بەوەزارەت كردەوە لەگەڵ هاووڵاتیان كاتێ سەردانی فەرمانگەكانی وەزارەت دەكەن لە رووی رایی كردنی مامەڵەو ئیش و كارەكانیان، ئاماژەشی بە هەندێ پلان و هەنگاوی وەزارەت كرد لە رووی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كە بۆ ئەم مەبەستە باج خراوەتە سەر هاوردە تاكو جووتیاران دووچاری زیان نەبنەوە، ئەمەو چەندین بابەتی دیكەی ئیداری و دارایی و تەكنیكی ئاماژەیان پێكران لە كۆتاییشدا گوێی لە سەرنج و داواكاری بەڕێوەبەرو كارمەندان گرت و وەڵامی یەكە یەكەی پرسیارەكانی دایەوە.
|
نوسراوه له بهروارى 07/05/2015
ئهم لاپهڕهيه 753 جار بينراوه
- ئهم لاپهڕهيه چاپ بكه

|
|
|
|
|
|
|