وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە پەرەپێدانی سامانە سروشتیەکان لە هەرێمدا بەپێی ماددەکانی 111 و 112 و 115 و 121ی دەستوری عێراق، لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی هەرێمایەتی نەوت و غاز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی یاسای نەوت و غازی کوردستان (یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007)، کە لە 9ی ئابی 2007دا کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکە شوێنی رێپێدراوە بۆ ئیمزاکردن لەسەر گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە ئارەزوو دەکەن لە بواری گەڕان بە دوای هێدرۆکاربۆناتەکان و سەرچاوەکانی کانزا لە هەرێمدا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. هەروەها وەزارەت دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی هەیە بۆ بوارەکانی گواستنەوە و ژێرخانی ئەمبارکردن و پرۆسەی بەرهەمهێنانی هێدرۆکاربۆناتەکان و کانزاکان و هەروەها پاڵاوتن و پێترۆکیمیاویەکان و چالاکیەکانی تاکفرۆشی (retail).