سەفین موحسین دزەیی، لە لوتکەى دیپلۆماسى کابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە تەمووزی ٢٠١٩ ئەرکی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێسپێردرا.
لە ئەزموونی پێشووتریان، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆک وەزیران و ووتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى میدیاو زانیارى بووە لە هەردوو کابینەی حەفتەم و هەشتەم. هەروەها لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٩ تاوەکو ٢٠١٢ وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە کابینەی شەشەم.
سەفین دزەیی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە پرۆسەى سیاسى هەرێمی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٩، بە ئەندامى کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوەو لە ماوەی ساڵانى ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠٠٩ بەرپرسی مەکتەبى ناوەندى پەیوەندیەکانى دەرەوەى پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.
بەڕێزیان لە ساڵی ١٩٩٢ بەفەرمى دەستبەکاربوو وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا. دوای ڕوخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق، بووەتە جێگری دووەمی بەرێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەو کات ئەندامی ئەنجوومەنی حکوم بوو لە عێراق لە سەردەمى دەسەڵاتی کاتى هاوپەیمانان.
لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەولێر لە بنەماڵەیەکى دیارى ناو بزاڤى رزگاریخوازى گەلى کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵى ١٩٧٤ بەهۆى سەرهەڵدانەوەى شۆڕش و بارودۆخى سیاسى وەک زۆرێک لە بنەماڵە شۆڕشگێڕەکان، لەگەڵ خانەوادەکەى ناچاردەبن عێراق جێبێڵن. لەساڵى ١٩٧٧ تا ١٩٩٢ لە ئینگلتەڕا نیشتەجێ بووە. کۆلیژی مایدنهیدى بۆ هونەر و دیزاین بەشى دیزاینى ناوەوە تەواو کردووە.
لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠ تاوەکو ١٩٨٩ ئەندامێکی کارای کۆمەڵەی خوێندکارانى کورد لە ئەوروپا بووە، هاوکات بەرپرسی لقى بەریتانیاى کۆمەڵەی خوێندکارانى کورد لە ئەوروپا بووە.
زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی دەزانێت.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە شێوەیەكی فەرمی بەشداری لە بۆنەو كۆنگرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان دەكات و چالاكانە كار دەكات بۆ پتەوكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و كەلتوریەكان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان و دامەزراوەو رێكخراوەكان لە سەر ئاستی جیهان.
بەرپرسى پێشووى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت