فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە مانگی ئه‌یلوولی ٢٠٠٦ لەژێر ڕۆشنایى بریاڕى تایبەتى ژمارە (١٤٣) سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دامەزرا. ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌م فه‌رمانگه‌یه دامەزراندن و پته‌وكردنی پەیوەندییەکانى هه‌رێمه لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتى. فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆتە بەشێکى سەرەکى لە پێکهاتەى حکوومەتی هه‌رێم و بەرپرسیاریەتییه‌كی گەورەى لەسەر شانه، كه به‌هۆیه‌وه حکوومەتى هەرێمى کوردستان توانیویەتى چه‌ندین نوێنەرایەتى له سه‌رتاسه‌ری جیهانی بكاته‌وه.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هه‌رێم له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه، به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی به په‌شت به‌ستن به یاساكانی هه‌رێم و ده‌ستووری كۆماری عێراقی فیدڕاڵ ده‌پارێزێت.
ئەرکە سەرەکییەکانى فەرمانگە بریتین لە:
• پتەوکردنى پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى.
• پتەوکردنى پەیوەندییە بازرگانى، وەبەرهێنان، گەشتیارى و دامەزراوەیى لەگەڵ دونیاى دەرەوە.
• چاودێریکردنى نووسینگەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە.
• هەماهەنگى لەگەڵ کونسوڵخانه‌كانی وڵاتانی بیانى لە هەرێمى کوردستان.
• ڕێکخستنى سەردانە فەرمییەکانى شاندە بارزگانى و سیاسییەکانی بیانی بۆ هەرێمى کوردستان.
• رێكخستن و پشتگیریکردنى ئەو چالاکییانەى دەبنە هۆى بەرەو پێشبردنى پێگەى هەرێم لە دەرەوە.
• هەماهەنگى و ڕێکخستنى پەیوەندییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى عێراق و باڵێوزخانەكانی ئه‌م وڵاته لە دەرەوە.
• هەماهەنگى و پشتگیریکردنى ئه‌و چالاکییانه‌ی كه یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌هێزكردنی پێگەى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە.
• هەماهەنگى لە نێوان دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و كومەڵگه‌ى نێودەوڵەتى.
• پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى یاسایى و راستکردنەوەى بەڵگەنامەکان بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە.
ئامانجە سەرەکیەکانى فەرمانگە بریتین لە:
• پاراستن و پێشخستنى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیانى لە دەرەوە.
• هاندان و بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانی هه‌رێم لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتى، بە تایبەتى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە ڕوانگەى پێشخستنی ئاشتى، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانى بازرگانی و به‌رژوه‌ندیی هاوبه‌ش.
• پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى کونسوڵگەرى و راوێژى یاسایى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاسانکارى ده‌كات بۆ وەزارەتەکانى حکوومەتى هەڕێم و فەرمانبەرانى بۆ به‌شداریكردنیان لە كار و چالاکییەکانى کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى وه‌ك كۆنفڕانسه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و كۆبوونه‌وه و چالاكییه‌كانی ئاژانسه‌كانی یۆئێن و...هتد. هەروەها کار دەکات بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى حكوومه‌تی هه‌رێم لەگەڵ نوێنەرانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و دامەزراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتیەکان لە دەرەوە و ناوەوە.
لە ماوەى دامەزراندنى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، حکوومەتى هەرێمى کوردستان (١٤) نوێنەرایەتى لە دەرەوە کردۆتەوە