پەسەندكردنی بەڵگەنامە
پەسەندکردنى بەڵگەنامەکان و پشتڕاستکردنەوەیان یەکێکە لە ئەولەویەتى کارەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بە هەماهەنگى کردن لەگەل دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵ. بۆ ئەم مەبەستە، چەند مەرجێک هەن کە پێویستە ڕەچاو بکرێن بۆ ئەوەى بەڵگەنامەکان پەسەند بکرێن کە ئەمانەن:-
· پەسەندکردنى بەڵگەنامەکان لە بەشى یاسایی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە دەبێت.
· پێویستە بەڵگەنامەکان رەسەن (ئۆریجیناڵ) بن.
· هەر هاوڵاتیەک لە دەرەوەى ووڵات بەر لە گەرانەوەى پێویستە بەڵگەنامەکانى لە باڵیۆزخانەکانى عێراق یان کونسوڵگەریەکان یان نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە پەسەندى بکات، ئینجا بیهینێت بۆ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە.
· پاش پەسەندکردنى بەڵگەنامەکان لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە، پێویستە ببرێت بۆ وەزارەتى داد بۆ پشتڕاستکردنەوەى.
· هەروەها هەریەک لە بەڵگەنامەى (دامەزراندنى کۆمپانیا، بارى شارستانى و بەڵگەنامەى خوێندن ) دەکرێت لە باڵیۆزخانەکانى عێراق لە دەرەوە یان لە نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە پەسەند بکرێن.
· هەر بەڵگەنامەیەک کە هاوڵاتیان بۆ دەرەوەى ووڵات دەیانبەن ئەوا دەبێت لە وەزارەتى داد پەسەند بکرێت ئینجا بهێنرێت بۆ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە پەسەند بکرێت.
· بۆ بەڵگەنامەى لە دایک بوون، هاوڵاتیان دەبێت بەڵگەنامەکانیان لە وەزارەتى تەندروستى پەسەند بکەن ، پاشان بیهێنن بۆ فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە.
· بەڵگەنامەى تۆمارى (صورە القید) دەبێت لە بەرێوبەرایەتى گشتى ڕەگەزنامە پەسەند بکرێت و ئینجا بهێنرێت بۆ وەزارەتى داد و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە.
· بەڵگەنامەى خوێندنى ئامادەیی پێوستە لە بەرێوبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان پەسەند بکرێت و ئینجا بهێنرێت بۆ وەزارەتى داد و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە.
· بەڵگەنامەى زانکۆ پێویستە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا پەسەند بکرێـت و ئینجا بهێنرێت بۆ وەزارەتى داد و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە.