ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019 دوای پێدانی متمانە و خواردنی سوێندنی یاسایی، بەڕێز مەسروور بارزانی، سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و کارنامەی حکومەتی خوێندنەوە و رایگەیاند: "پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەڕێگەی سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان،
بەڕیزان ئەندامانی پەرلەمان،
خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەل هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.
ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی کوردستان بکەم, کە لە ٣٠/٩/٢٠١٨ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەکەین کە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی هێزەسیاسییەکان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون.
لەمرۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەکاندا بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیرادەی گەلەکەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.
هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی کابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.
بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەکەم، کە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەکوەزیران و وەزیرە بەرێزەکانی هاوکارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەکمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.
پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕوو.
بەڕیزان،....زۆربەی حیزب و لایەنەکانەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێکی باشتری هاوڵاتیان کردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و دروشمانە لەم کابینەیەدا بکرێنە کردار و جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاولاتیان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاوڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی.
چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان بەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین.
دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.
بەرێزان.....بە پێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاوڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.
بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان،.......هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و ڕێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەلکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکومیدا بکێشێت. ئەم حکومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکومەتی هەمووانە.
بەڕێزان،.... حکومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی ڕەوشی ناڵەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە موچە و مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم ڕەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بە پێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین.
لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانوستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدرالیی بەهێز و پێشکەتوو .
لە کۆتاییدا داوای هاوکاری و پشتگیری لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم، تاکو بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە و بەرنامەی کاری حکومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەین.
خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاوڵاتیانی خۆراگری کوردستان بووە.
ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەکانی کارنامەی حکومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەکی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین کار و کەمترین گوتارمان هەبێت.
هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و بۆچوون و پلانی تێکرای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لە خۆ دەگرێت.
جێبەجێ کردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت.
هێلەگشتییەکان لە چەند سەرەبابەتێکدا پۆلێن کراون بەم شێوەی خوارەوە:
لە ئاستی چاکسازیدا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک کە لەم کەرتە کرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو.
دووەم: کار دەکەین بۆ نەهیشتنی ڕووتین و هەروەها خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنیەکان دەدەین.
سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەرکارەکانی هەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین.
چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خەراب بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین.
پێنجەم: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی.
شەشەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.
حەوتەم: بە پێی ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ هەر سەر پێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.
هەشتەم: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج.
نۆیەم: کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری.
دەیەم: پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.
یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات.
دوازدەیەم: بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە.
سیانزەیەم: کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا.
لە ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێکی باشتری تەندروستی بە هاوڵاتیان و هەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان دەدەین. هەروەها کار دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی ماف و ئەرکی پزیشکان بۆ پاراستنیان لە هەر دەستدرێژییەک.
دووەم: کار دەکەین بۆ چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا، لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهینان و کەمکردنی بەهەدەردان و دابەشکردنێکی پێشکەتوو و گونجاوی کارەبا. هەروەها کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەیەکی گونجاوی نرخی کارەبا و دامەزراندنی میکانیزمێکی کاریگەر و سەردەمیانە بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە بەکاربەران.
سێیەم: کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگووزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری ڕاکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان.
چوارەم: کار دەکەین بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەویی هەرێم بۆ بواری خواردنەوەی هاوڵاتیان و بە جۆرێک ئاوی پاک بگەیەنرێتە هەموو هاوڵاتیان و تا بکرێت ئاوی ژێرزەوی بەهەدەر نەدرێت.
پێنجەم: کار دەکەین بۆ باشترکردنی ڕیگەوبانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی هاتووچۆی هەرێم وهەوڵدەدەین وەبەرهێنانی بیانی و کەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە رابکێشین و رێگەوبانی هەرێم کە ساڵانە هۆکاری زیانی گیانی و مالیی هاوڵاتیانمانە لە ستانداردە باوەکان نزیک بکەینەوە.
شەشەم: کار دەکەین بۆ رەخساندنی بواری کار بۆ کەرتی تایبەت و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، تاکو بەم هۆیەوە دەرفەتی کار زیاد بکرێن و یاساکانی کار بە جۆرێک رێک بخرێن کە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بکرێت.
حەوتەم: کاردەکەین بۆ زامنکردن و رێکخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەکانی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت، بە جۆرێک مافی خانەنشینی و کاتژمێرەکانی کار و بیمە یا خود دڵنیایی تەندروستی و داهاتوویان پارێزراو بێت.
هەشتەم: خزمەتی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر و بریندارەکان و قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆساید و زیندانییە سیاسیەکان، لە کارە بەراهییەکانی حکومەت دەبێت. هەروەها کار دەکەین بۆ پێداجوونەوە بە لیستەکانیان و پاکردنەوەیان لەو ناوانەی بە شێوازی نایاسایی زیادکراون.
نۆیەم: بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، گرنگیی تایبەت بە کاروباری خاوەن پێداوسیتیە تایبەتیەکان دەدەین.
دەیەم: ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە و کار دەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کلتوری ژینگە پارێزی. کار دەکەین بۆ بەکارخستنی سیستەمێکی پیشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک وکەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان.
یانزدەیەم: لە سەر شێوازێکی دادپەروانە و هاوسەنگ کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و قەزا و ناحیەکان و گرنگی تایبەت دەدەین بە هاندانی خەڵکی لادێکان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێهاتەکانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان.
دوازدەیەم: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراهەمکردنی پانتایی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسادا و پاڵپشتی بوارە وەرزشی و هونەری و فەرهەنگی و کلتورییەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان.
سێزدەیەم: کاردەکەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە رێگەی پێشخستن و بەرزکرنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە ڕووی جۆری، هەروەها فەراهەمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی. هەروەها کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی کاری زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان و پێداچوونەوە بە کوالێتی زانستی و نرخەکانیان.
چواردەیەم: بە ئەلەکترۆنی کردنی کاروباری حکومەت(حکومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ هاوڵاتیان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕووتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاوڵاتیان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە.
پانزدەیەم: گەنجانمان سەرمایەیەکی نیشتیمانیی گەورە و کاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەکەمانن. بۆیە لە میانەی کار و بەرنامەی گشت وەزارەتەکان، کار دەکەین بۆ بەکارخستن و ئاراستەکردنی تواناکانیان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەتوو، کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ وڵات فەراهەم بکات.
شانزدەیەم: شوێنەوارە مێژووییەکانمان بەشێکن لە سەرمایەی مێژوویی و کلتوری وڵاتەکەمان و پاراستنیان ئەرکێکی لە پێشینەمان دەبێت و کاردەکەین بۆ بەهێزترکردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و هەروەها هەوڵی بەکارخستنی کاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری ، بە پێی ستانداردە باوەکان.
لە سەر ئاستی پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ:
یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنی فەرمیی دانوستان دەبێت لە گەل حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی هەرێم وپەرلەمانی کوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەکەن، بۆ دانوستان لەگەل بەغدا و بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی گەلەکەمان.
دووەم: دەستور بنچینەی هەر دانوستانێکی هەولێر لە گەل بەغدا دەبێت و دۆسیەکانی پەیوەست بە مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و بودجە و سامانە سروشتیەکان و قەرەبۆی ئەنفال و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی بەعس و هەموو مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم لە نزیکترین کاتدا، بابەتی گفتوگۆمان لەگەل حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت.
سێیەم: هەوڵەکانمان بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی، دەست پێ کردووە و جەخت لە پێویستیی خێراکردنی ئەم پرۆسەیە دەکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەرچی زووترە دۆخی سەربازیی سەپێندراو لەم ناوچانە کۆتایی پێ بهێندرێت و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێش ١٠/٦/٢٠١٤ و ئەو ناوچانە لە لایەن پێکهاتە ڕەسەنەکانی ئەو دەڤەرانە بەڕێوەببردرێت و بە کردەوە دەست بە جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بکرێت.
چوارەم: هەڕەشەی تیرۆر، هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەی سەر هەموو عێراقە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بەردەوامیی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان و ئامادەیی هاوکاریی تەواوی لە گەل حکومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر هەیە. بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە بنبڕ بکرێت، حکومەتی هەرێم ئامادەیی هێزی پێشمەرگە بۆ هاوکاریی سوپای عێڕاق لە دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دووپات دەکاتەوە.
پێنجەم: کاردەکەین لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە دەستووریەکانی هێزی پێشمەرگەی کورستان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ، بە تایبەت لە بابەتەکانی موچە و دابینکردنی پێداویستیی سەربازییان.
شەشەم: هەوڵ دەدەین هەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی ١١١ و ١١٢ ی دەستوری عێڕاقی فیدراڵ چارەسەر بکەین و یاسای نەوت و گاز لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت. هەر وەها هەوڵ دەدەین دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەکانی فیدراڵی وەک لە مادەی ١٠٦ی دەستوردا هاتووە دابمەزرێت.
حەوتەم: جەخت لە ڕەچاوکردنی پشکی هەرێـمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق بە گشتی و لە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و نەوت بە تایبەتی دەکەینەوە.
هەشتەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی هەرچی زیاتری بنەماکانی سیستەمی فیدرالی، بە ڕێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنی (ئیتیحاد)ی و هەروەها جەخت لە سەر پرینسیپەکانی (تەوازون و تەوافوق و شەراکەت) لەگەل حکومەتی ئیتیحادی دەکەینەوە.
نۆیەم: جەخت لەسەر دەرکردنی یاسای دادگای فیدرالی عێراق دەکەینەوە، بە جۆرێک یاساکە گەرەنتیی سەربەخۆیی دادگای فیدرالی بکات.
ئازادی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان:
یەکەم: پێداگری لەو پێکەوە ژیانە ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوری و سریانی و ئەرمەنی و عەرەب و موسولمان و ئێزدی و مەسیحی و زەردەشتی دەکەینەوە و ئەو تایبەتەمندییەی هەرێم دەپارێزین و بەهێزتری دەکەین.
دووەم: پێداگری لە سەر چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و ئازادیی و یەکسانی و دەستخستنی زانیاری بە پێی یاسا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەکەینەوە و بەرگریکاری مافەکانیان دەبین و دژی هەر دەمارگیری و توندڕۆییەکی تایفی و ئایینی و ڕەگەزی و حیزبی دەوەستینەوە.
سێیەم: دژی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە. پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێهاتووی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگادا وەرگرن و بەشدارییەکی کارای ناو کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمدا بکەن.
چوارەم: هاوڵاتیانی کوردستان ئازادن هەر بیروباوەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی هەرێمدا هەڵبژێرن و نابێ لە کوردستاندا هیچ کەس لەسەر بیر و باوەری سیاسی و سەرپێبوونی حیزبی سزا بدرێت و پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مافە زەوتکراوەکانی ئەوکەسانە بگەڕێندرێتەوە کە لەمڕووەوە زیانمەندبوونە.
پەیوەندییەکانی هەرێم لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی:
یەکەم: دامودەزگا فەرمییە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سەر بنەمایەکی یاسایی نوێ رێکدەخرێتەوە.
دووەم: جەخت لەسەر پەیوەندییەکی باش لەگەل وڵاتانی دراوسێ دەکەینەوە، بە جۆرێک بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی دوولایەنە، پەرە بە ئاستی پەیوەندییەکان لە گشت بوارەکاندا بدرێت.
سێیەم: پشتگیریی چارەسەریی ئاشتیانەی گشت کێشەکانی ناوچەکە دەکەین و پێگەی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەیەک بەکار دەهێنین، کە بەشێک بین لە ڕەوتی چارەسەری.
چوارەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات نوێنەرایەتیە هەنوکەییەکانی لە دەرەوەی هەرێم بەهێز بکات و نوێنەرایەتی نوێ بە پێی پێویست لە وڵاتان بکاتەوە و زەمینەیەکی لەباریش دەرەخسێنین بۆ ئەوەی وڵاتانی زیاتر کۆنسولگەرییەکانیان لە هەرێم بکەنەوە.
لە ئاستی ئابووری و داراییدا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم فرە چەشن و فرەرەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لەم کەرتانەدا دەدەین.
دووەم: کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانمان دەبێت و کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە بە ئامراز و مەکائنی پێشکەوتوو و فراوانکردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەکان.
کار دەکەین بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان و دروستکردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەکان گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری کشتوکاڵ و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەریم. جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی هەرێم دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ رەخساندنی بازاری گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرهەمەکانیان.
سێیەم: کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێم و بەکارخستنی ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە کەسی و گشتیەکان و بەکارهێنانی ژمارە بانکیەکان و کارتە ئەلەکترۆنیەکان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەکان و رێژەی مامەڵە بە پارەی کاش کەم بکرێتەوە.
چوارەم: هانی وەبەرهێنان دەدەین لە هەموو بوارەکاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک دەرەخسێنین. لە سەر ئەو بنەمایانەش کاردەکەین بۆ داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.
لە ئاستی کارگێری:
یەکەم : کار دەکەین بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت.
دووەم: کاری جدی دەکەین بۆ تەرشیقی هەیکەلیەتی دام و دەزگاکانی حکومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەک کە بۆ هەرێمی کوردستان گونجاو بێت، ئەمەش بە پێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکردنی نەخشەرێگایەکی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.