ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز ئیمانوێل گیکناک ڕێکخەرى کاروبارى پەنابەران لە کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان کرد کە بە بۆنەى کۆتایی هێنان بە کارەکانى سەردانى فەرمانگەى کردبوو.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، ڕێکخەرى کاروبارى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان سوپاس و ستایشى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانى سەر بە حکومەت کرد لە سەرخستنى کارەکانى بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى و یارمەتى بۆ پەنابەران لە ماوەى ڕابردوودا بە تایبەتى لەکاتى هاتنى ژمارەیەکى زۆر لە پەنابەران لە ناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق و سوریا بە هۆى هێرشەکانى چەکدارانى داعش بۆ سەر ئەم ناوچانە. بەڕێزیان ڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەرز نرخاند لە وەرگرتن و دابینکردنى شوێنى مانەوە بۆ پەنابەران و دابەشکردنیان بەسەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستاندا.
پاشان، بەڕێزیان مەبەستى سەردانەکەى روونکردەوە کە ئەویش ماڵئاوایی کردن بوو بە بۆنەى کۆتایی هێنان بە کارەکانى لە هەرێمى کوردستان و ناساندنى بەڕێز جۆزێف مێرکس وەکو ڕێکخەرى نوێى کاروبارى پەنابەران لە شوێنى خۆیدا.
لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سوپاس و پێزانینى حکومەتى هەرێمى ئاڕاستەى بەڕێزیان کرد بۆ ههوڵه پراكتیكهكانی بۆ خزمەتکردنى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان. هەروەها، پێڕۆزبایشى لە بەڕێز جۆزێف مێرکس کرد بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەکو ڕێکخەرى نوێى کاروبارى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایدا، هەردوولا باسیان لەو میکانیزم و ڕێگەیانە کرد کە دەبێتە هۆى بەرەوپێشچوونى پەیوەندیە دوولایەنەکان بە مەبەستى خزمەتکردنى زیاترى پەنابەران لە هەرێمى کوردستاندا.