فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
SUN, 6 SEP 2020 11:09 Erbil, GMT +3
Source: KRG-DFR DFR publication date: TUE, 1 SEP 2020 19:58
سەفین دزەیى بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رادیۆی رووداو، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دەکات، هەروەها کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رادیۆی رووداو، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دەکات، هەروەها کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوى نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکەیدا کە ئەدلین قاسم لەگەڵی ئەنجامیداوە، ئاماژە بەوە دەکات، کۆمەڵێک بابەت هەن پەیوەندیی دوولایەنە و بارودۆخی ئێستا و داهاتوون لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و شەڕی داعش و سەقامگیریی سیاسی لە گشت عێراق؛ ئەوانە هەموو بابەتن کە فەرەنسا بە بایەخەوە تەماشایان دەکات و هەرێمی کوردستانیش بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینن لەو هاوکێشە سیاسییە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی.

گوێ لە گفتوگۆکە بگرە لە پۆدکاستی رادیۆی رووداو


دەقی گفتوگۆکەی رادیۆی رووداو لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

رووداو: سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ماکرۆن لە بەغدا کۆدەبنەوە، گفتوگۆکانیان لەبارەی چییەوە دەبێت؟

سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا لە حکومەتەکانی رابردوو، بەتایبەتی لە 35 ساڵی رابردوودا، پەیوەندیی باش بوون، هەنگاو بە هەنگاویش لە ئاستی پەرەپێدانی پەیوەندیی مرۆییەوە گەیشتە سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی. هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی فەرەنساش لە 45 رۆژی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و دەستخۆشییان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییە پتەوەی کە لەنێوان هەولێر و پاریس هەیە، هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی فەرەنساش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی پەیوەندی زۆر چاک هەیە، بەڵام خوازیاری ئەوەن پەرە بە پەیوەندیی ئابووری و سەرمایەگوزاری و بواری دیکەش بدەن، ئەوە یەکێک لەو تەوەرانە بوو کە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان کرد.

ئەو دیدارەی سبەی کە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت، لە سەرەتادا بەرنامەیەک هەبوو کە سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام دیارە بەهۆی کەمیی کاتەکەی و کەمکردنەوەی بەرنامەکەی لە عێراق، وا بە پەسند زانرا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرا بۆ دیدارێک لە بەغدا. کۆمەڵێک بابەت هەن، پەیوەندیی دوولایەنە و بارودۆخی ئێستا و داهاتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و شەڕی داعش و سەقامگیریی سیاسی لە گشت عێراق، ئەوانە هەموو بابەتن کە فەرەنسا بە بایەخەوە تەماشایان دەکات و هەرێمی کوردستانیش بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینن لەو هاوکێشە سیاسییە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی.

رووداو: واتە ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای ماکرۆن بووە؟

سەفین دزەیی: رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و دیداری لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو، لەو دیدارەدا باس لەوە کرا کە سەرۆککۆماری فەرەنسا نیازی هەیە بێتە عێراق و بەرنامەشی هەبوو بێتە هەولێر، بەڵام گۆڕانکاری بەسەر بەرنامەکەدا هات، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێشکەش بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە خوازیاری ئەوەیە لە بەغدا یەکتر ببینن، بۆئەوەی هەندێک بابەت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەشیان بەوە کرد کە لە داهاتوودا لە سەردانکردنی عێراقدا، سەردانی هەولێریش دەکرێت.

رووداو: فەرەنسا ئێستا رۆڵێکی کارای هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە عێراق رۆڵی چی دەبێت لەنێوان هەولێر و بەغدا؟

سەفین دزەیی: وەکو بینیمان لە ئۆکتۆبەری 2017 ئەو ئابڵووقە ئابووری و سیاسی و زەمینی و ئاسمانییە و لەشکرکێشیی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان کە تووندوتیژیی لێکەوتەوە و بینیمان لە شەڕەکانی پردێ و سحێلا، بەداخەوە رووداوی زۆر ناخۆش و دڵتەزێنن، لە دوای گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان کە گوزارشت لە حەز و خواستی خەڵکی کوردستان بوو، بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کرد. فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن دەتوانم بڵێم تاکە کەس بوو هەوڵی جیددی دا کە ئەو گرژییە نەمێنێت، هەر ئەوەشبوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکرد بۆ کۆشکی ئیلیزێ لە فەرەنسا و لە پرێس کۆنفرانسێکی کراوەدا زۆر بە راشکاوانە ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە تووندوتیژی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەمێنێت و بەغدا ئابڵووقە و لەشکرکێشییەکەی رابگرێت و هەوڵبدرێت بە رێگەی دیالۆگ چارەسەری کێشەکان بکرێت. بە بۆچوونی من ئەوە هەنگاوێکی باش بوو، کاریگەریی لەسەر بەغدا هەبوو، هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان دەستپێشخەرییان کردبوو کە پێویستە دیالۆگ تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت. ئەو هەنگاوە رێگەخۆشکەر بوو، زەمینەی خۆشکرد بۆ نەهێشتنی ئابڵووقەکە و نەهێشتنی تووندوتیژی و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا، کاریگەرییەکی تەواوی هەبوو. ئەمڕۆش لەوەتەی کابینەی نوێی حکومەتی مستەفا کازمی پێکهاتووە، بەرزترین پلەی بەرپرسێکی نێودەوڵەتییە کە سەرۆککۆماری فەرەنسایە و وڵاتێکی گرنگە لە ئەوروپا و تەواوی جیهان کە سەردانی بەغدا بکەن، بێگومان پەیوەندیی دوولایەنەی فەرەنسا و عێراق باسدەکرێت و لە هەمان کاتیش لە هەموو پرێس کۆنفرانسەکان یان لەکاتی پێویست بێت، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەولێر و بەغدا کێشەکانی خۆیان بە دیالۆگ چارەسەربکەن و پاڵپشتیی دیالۆگ و رێگەچارەسەری ئاشتییانە و گونجاو.

رووداو: فەرەنسا بەردەوام جەختدەکاتەوە کە پاڵپشتی کوردە، لە نوێترین هەڵوێستیشدا، فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا کە هەفتەی رابردوو سەردانی هەولێری کرد، پشتیوانیی بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپاتکردەوە. ئەم جەختکردنەوانە لەڕووی پراکتیکییەوە چۆن کاری بۆ کراوە؟

سەفین دزەیی: کۆمەڵێک تەوەر هەبوون، لە سەرەتای شەڕی داعش فەrەنسا و هاوپەیمانان لەو وڵاتانەبوون کە بەدەنگ داواکاریی هەرێمی کوردستانەوە هاتن، چ لەڕووی هاوکاریی سەربازی و مەشق و راهێنان، چ لەڕووی هاوکاریی مرۆیی. بەردەوامیش هەوڵیانداوە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەڕووی پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرە ئاوارە و پەنابەرانە، هاوکاربن. لە دیداریان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، هەردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە دا کە خوازیاری ئەوەن لەو ئاستەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسادا هەیە لە ئێستا و لە رابردوودا، لە داهاتووشدا بەردەوامبن و پتەوتری بکەن. لەو بوارانەی ئێستا هاوکاری و هاوئاهەنگی دەکەن زۆر رازی و ئاسوودەن. بەڵام لەڕاستیدا گلەییان لە خۆیان و لە هەرێمی کوردستانیش هەبوو کە ئەو پەیوەندییە باشەی کە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، رەنگدانەوەی لە بوارەکانی دیکەدا نەبووە. واتە لە بواری ئابووری و هاتنی کۆمپانیاکانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن و سەرمایەگوزاری، هەر ئەوەش بوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران زۆر بە کراوەیی و راشکاوانە گوتی، ئێمە پێشوازی لە سەرمایەگوزاریی فەرەنسا دەکەین و فەرەنسا بە وڵاتێکی دۆست و دێرین دەزانین و مافی خۆیانە کە هانی سەرمایەگوزارانی خۆیان بدەن بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن، دەرفەت و دەرگاش بۆیان کراوەیە هەرکاتێک بیانەوێت لە هەر بوارێکدا کاربکەن، بۆ هەر بوارێکیش بیانەوێت هەرێمی کوردستان ئامادەیە؛ ئەوە یەکێک لەو بوارانەیە کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت.

لە بوارەکانی دیکەش پەیوەندییەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستاش مەشق و راهێنان و هاوکاری بەردەوامە.

رووداو: فەرەنسا ئەو وڵاتە بوو کە گوشاری خستە سەر بەغدا بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی گەمارۆ لەلایەن عێراقەوە، ئێستا کە هەردوو حکومەت گفتوگۆ دەکەنەوە بۆ رێککەوتن، فەرەنسا هیچ رۆڵێکی هەیە تێیدا؟

سەفین دزەیی: رۆڵی فەرەنسا وەکو پاڵپشتی یان ئامۆژگاری لەو قۆناخەدا باوەڕناکەم ئەوان بچنە ناو وردەکاری، بەتایبەتی لە ئان و ساتێکدا کە سەردانەکەی چەند کاژێرێک دەبێت و چەند دیدارێکی هەیە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیران و رەنگە سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی دیکەش، بەڵام بە جیا لەم دیدارانە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دیداری دەبێت. ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتین و ئەوەی بە فەرمیش ئاماژەی پێداوە لە هەموو بۆنە فەرمییەکانیش فەرەنسا لایەنگری مافەکانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و هەردوولایان هانداوە بە دیالۆگ گرفتەکانیان چارەسەربکەن، باشترین نموونەش ئەوەیە کە لە دیسەمبەری 2019 کە سەرۆک ماکرۆن خۆی دەستپێشخەریی ئەوەی کرد ئەو هەنگاوەی دیالۆگ بگرنەبەر لەلایەن هەولێر و بەغدا، لەوکاتەوەش تاوەکو ئێستا ئاکامی باشی هەبووە، رەنگە هەرێمی کوردستان نەیتوانیبێت هەموو گرفتەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام لانیکەم دیالۆگێکی دۆستانە و نزیک هەیە و بەتایبەتی لە سەردەمی کابینەی کازمی هەنگاوی باش نراون، دڵنیاشم لەوەی کە لە دیدارەکانی خۆی سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەوڵبدەن بە رێگەی دیالۆگ گرفتەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتریش بێت دڵنیام فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیش خەمخۆری ئەوەن کە سەقامگیرییەکی سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە عێراقدا هەبێت و هاوکاردەبن بۆ هەر پێداویستییەک.

رووداو: هیچ پلانێک هەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا کۆببێتەوە؟

سەفین دزەیی: وەکو کارنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادارنیم، بەڵام بێگومان کە سەردانی بەغدا بکات دەرفەت هەیە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەش دیداری هەبێت، دەمێنێتەوە سەر کاتەکەی و کاتی ئەوان و ئیلتیزاماتەکان، هاتنی سەرۆککۆماری فەرەنسا لە ئانوساتێکدا رەنگە قەرەباڵخییەک دروستبکات، ئەوە دەمێنێتەوە سەر کارنامەکەیان، بەڵام بە بۆچوونی من رەنگە دەرفەتێکی باشیش بێت بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی.

رووداو: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ وڵاتاندا هەیە، هیچ وڵاتێکی نوێ هەیە کە بیەوێت نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە؟

سەفین دزەیی: ئەگەر تەماشای قۆناخەکانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین لە نەوەدەکان و دواتر لە دوای 2003، هەنگاو بە هەنگاو بینیومانە کە ئاستی دیپلۆماسییەت بەرەوپێشەوەچووە و دەبینین زیاتر لە 35 کۆنسوڵخانە و کۆنسوڵخانەی گشتی و نوێنەرایەتیی باڵیۆزخانەکان یان کۆنسوڵی فەخریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستاندان، حەز و خواستی هەندێک وڵاتی دیکەش هەیە چ لە قۆناخی یەکەم وەکو کۆنسوڵی فەخری و دواتر بیکەن بە کۆنسوڵگەری یان کۆنسوڵگەریی گشتی، ئەو حەز و خواستە هەیە و بە بەردەوامی لەگەڵ وڵاتاندا لە پەیوەندیداین و بە ئومێدی ئەوەین کە ژمارەی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتربێت، ئەوەش وا دەگەیێنێت کە هەرێمی کوردستان خوازیاری دروستکردنی پەیوەندیی دوولایەنەیە، پەیوەندییەکان بەشێکیان رەهەندی سیاسی و ئەمنی لەخۆدەگرێت، هەندێک لە پەیوەندییەکانی دیکەش رەهەندی کولتووری و زانستی و ئابووریش لەخۆدەگرێت. راستە ئەمڕۆ قەیرانێکی سەرتاسەری لە عێراقدا هەیە، بەڵام هەمیشە وامان بینیوە کە بازاڕی ئازاد لە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ سەرمایەگوزاریی بیانی و یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی سەردەمییانەیە؛ هەرچەندە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت وادەکات کە سەرمایەگوزاریی بیانی رابکێشێت و بازاڕێکی فراوان دروستبکات، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو دەکرێت خزمەتی 35 تاوەکو 40 ملیۆن دانیشتووی عێراق بکات، لەسەر ئەو تەوەرە کاردەکەین و لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتیش هەر ئەوەبوو کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە زیاتر بایەخ بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بدات، بەداخەوە لە بارودۆخی ئێستای کۆرۆنا رەنگە لە ئاستی پێویست کار و دیداری پێویست نەکرابێت، بەڵام ستراتیژمان ئەوەیە کە ئێمە پەیوەندیی خۆمان فراوانتر بکەین، لە هەرێمی کوردستان نێردەی دیپلۆماسی زیاتر بکرێت و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانیش لە داهاتوودا لە چەند وڵاتێکدا بکرێتەوە.

 

بۆ گوێگرتن لە دەقى دیمانەکە کلیکى ئێرە بکە 




WED, 2 SEP 2020 20:57

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى خۆى و هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رۆك ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا دووپات كرده‌وه و ستایشى ڕۆڵى فه‌ڕه‌نساى له‌ پشتگیریى به‌رده‌وامى له‌ هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان و هاوكاریى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان كرد، سه‌رۆك ماكرۆنیش دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌دانى داهاتوویدا بۆ عێراق، خۆشحاڵ ده‌بێت بێته‌ هه‌ولێر و له‌ نزیكه‌وه سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات.

 
WED, 2 SEP 2020 15:17

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه‌وه‌.

 
WED, 2 SEP 2020 15:15

له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ى سه‌ردانیدا بۆ به‌غدا، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانى عێراقى فیدرال كۆبووه‌وه‌.

 

 

نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

FRI, 4 SEP 2020 20:08

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 4/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆمارى توركیا كۆبووه‌وه‌.

 

سەفین دزەیی: هەرێمی كوردستان دەتوانێت‌ لە هاوكێشەكاندا یاریكەر بێت

FRI, 4 SEP 2020 16:54

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی درەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان پێگەی سیاسیی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت‌ لەكۆی هاوكێشەكاندا یاریكەر بێت.


سەفین دزەیی: ھەرێمی كوردستان، پێگەیەكی گرنگی ھەیە لەرووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە

FRI, 4 SEP 2020 15:46

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی ھەرێمی كوردستان لە توركیا، رایگەیاند، سەردانی سەرۆكی ھەرێم بۆ توركیا شتێكی تازە نییە و پێشتریش ئەو جۆرە سەردانانە ھەبوونە، بەڵام بەھۆی گۆڕانكاری لە بارودۆخی ناوچەكە و پێشھاتە تازەكان بە پێویست زانرا ئەم سەردانە ھەبێت. بەتایبەتیش لە دوای دیدارەكانی سەرۆكی ھەرێم لە بەغدا لەگەڵ  هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.

 

هه‌رێمى كوردستان و توركیا جه‌خت له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

FRI, 4 SEP 2020 13:36

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینی 4/9/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى یاوه‌رى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا كۆبوونه‌وه‌.